image

پەرلەمانتارێكی كورد لەئەنجومەنی نوێنەران چەند زانیاریەكی نوێ سەبارەت بەناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەران لەبەغداوە ئاشكرادەكات و رایگەیاند، وەزارەتی پلاندانان مامەڵە لەگەڵ 682 هەزار موچەخۆری هەرێمدا دەكات كە موچەخۆری فیعلی و تۆماركراون.

د.تاڤگە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەران ئەوەی ڕونكردەوە، "بەگوێرەی دوایین داتای وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عیراق، ژمارەی موچەخۆری فیعلی هەرێم 682 هەزار فەرمانبەرە".

وتیشی:"لەسەرەتادا بەغدا ڕایگەیاند موچەی تەنها وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی ڕەوانە دەكات، بەڵام دواتر بڕیاردرا ئەو پارەیە بۆ مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی هەرێم تەرخانبكرێت".

ئاشكراشیكرد، "ئەو پارەیەی ڕەوانەكرا كە بڕەكەی 317 ملیار دیناربوو خەمڵێندراوە لەگەڵ داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم كە بەغدا نەوتەكە بفرۆشێت و داهاتەكەی بۆ هەرێم بگێڕێتەوە، ئەوەش وادەكات بەهەردوو داهاتەكە دەتوانرێت موچەی 682 هەزار مووچەخۆر بەبێ پاشەكەوت دابینبكرێت".

جەختیشیكردەوە کە داتای تۆماركراوی مووچەخۆرانی هەرێم لەوەزارەتی پلاندانانی عیراق تەنها ئەو 682 هەزار فەرمانبەرەیە كە لەیاسای بودجەی ئەمساڵیشدا جێگیركراوە.