image

پەیامی کورد     ...    بە دوو هۆکاری سەرەکییەوە جمووجووڵی بارزگانی و ئابووری لە هەرێم زیادی کردووە

لە ھەرێمی کوردستان بەھۆی کەمبوونەوەی کاریگەری نەخۆشی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە جووڵەی بازرگانی بەردەوام لەزیادبووندایە و ئەمساڵ بە رێژەی ٤٠% زیادی کردووە و بەردەوام کار دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتریش بێت.

سەرۆکی یەکیتی ژوورەکانی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان، دکتۆر دارا جەلیل خەیات، ڕایگەیاند : ''دۆخی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان زۆر باش بووە و بەردەوام لەزیادبووندایە بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ کۆرۆنا کەم بووە و نرخی نەوتیش بەرز بووە و کاریگەری قەیرانی دارایی کەم بووتەوە، بۆیە جووڵەی باش ھەیە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی زیاتریش بێت و ھیوادارین ساڵی نوێ کارەکان رێک وپێکتر جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین رێژەکە بۆ ئاستێکی بەرز زیاد بکەین، چوونکە ھاتنی شاندی بیانی و بەشداربوون لە پێشانگاکان وای کردووە، زیاتر دۆخی بازرگانی باش بێت.''

دارا جەلیل خەیات ڕوونیشی کردەوە: ''ھاتنی شاندی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و دێن کاری بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و بڕیاریشە ھاتنی شاند بەردەوام بێت و ئێمەش ھەموو ئاسانکاری و ھاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.''

هەر لەم بارەیەوە، ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەتحی مەجید، ڕایگەیاند : ''ئەمساڵ جمووجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە رێژەی ٤٠% زیادی کردووە، ئەمەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە کەمبوونەوەی کاریگەری نەخۆشی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی کاریگەری قەیرانی ئابووری بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە.''

فەتحی مەجید ڕوونیشی کردەوە: ''بازرگانییەکەش زیاتر بەھۆی ھاوردەکردنی کەل و پەل و پێداویستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوەیە، بۆیە وای کردووە کە جمووجۆڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لەزیادبووندا بێت.''