image

پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ موچه‌ له‌به‌غداوه‌ زیادده‌كات و په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردیش له‌به‌غدا مه‌رجی‌ زیادكردنی‌ ئه‌و پاره‌یه‌و واده‌ی‌ ناردنه‌كه‌شی‌ ئاشكراده‌كات، دەڵێت، "ئه‌گه‌ر هه‌رێم ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات ئه‌وا 100 ملیاری دیكه‌ ده‌خرێته‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ته‌رخانده‌كرێت".

د.تاڤگه‌ محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق ڕاگه‌یاند، دیاریكردنی‌ بڕی 317 ملیار دینارو ناردنی‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خه‌مڵاندن بوه‌ بۆ كۆی موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم، دواتر بڕی سێ ترلیۆن دینار وه‌ك قه‌ره‌بوو بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018 زیادكرا كه‌ پاره‌ی‌ چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ دیكه‌شی‌ بۆ هه‌رێم تێدایه‌.

تاڤگە محمد ڕاشیگەیاند، "ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات، ئه‌وا ده‌توانرێت بڕه‌ پاره‌یه‌كیش بخرێته‌ سه‌ر بودجه‌ی‌ سیادی‌ و حاكیمه‌، ئه‌وكاتیش  پاره‌ی‌ زیادكراو بۆ هه‌رێم 100 ملیار دیناری دیكه‌ ده‌بێت واتا له‌ 317 ملیار دیناره‌وه‌ زیادده‌كرێت بۆ 417 ملیار دینار".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد کە حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی‌ و ڕێكه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراقدا بكات، نه‌ك په‌یڕه‌وكردنی‌ یاسا، چونكه‌ عیراق به‌ته‌وافوق  به‌ڕێوه‌ده‌چێت و پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان كراوه‌.

ئه‌وه‌شی‌ ڕوونکردەوە کە حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت له‌چه‌ند بوارێكی‌ دیكه‌شدا له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن بكات ئه‌وا هاوشێوه‌ی‌  حكومه‌تی‌ عیراق سومه‌ند ده‌بێت به‌تایبه‌ت به‌رزبونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی‌ جیهان كه‌ له‌ئێستادا  به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی‌ عیراقه‌.