image

سیاسەتمەدار و چاودێرانی سیاسیی كورد و تەنانەت ژمارەیەك لە بیانییەكانیش جەخت لە سەر یەكڕیزیی ناوماڵی كورد دەكەنەوە و، بە پێویستیشی دەزانن سەركردایەتیی هەر حزب و لایەنێك بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ رەوشی باشووری كوردستان بكەن، بەتایبەتی كە تەنیا كەرتی كورستانە كە حكومەتی خۆماڵی ئیدارەی دەكات، بەڵام پەكەكە سیاسەتی جیاواز و دژبەری ئەو حوكمڕانییە پەیڕەو دەكات. لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، رۆژهات ئامەد سیاسەتمەداری باكووری كوردستان باسی ئەو دۆخە هەستیارە و سیاسەت و ئامانجەكانی پەكەكە دەكات.

* ئاشكرایە پەكەكە لە مەیدانی خەباتی راستەقینەی خۆی كە باكوورە هەڵاتووە و هاتووەتە باشوور، ئەمەش بەو مانایەی وازیان لە مافەكانی گەلی كوردی باكوور هێناوە و، چیتر ناتوانن لەناو كوردستانی باكوور درێژە بە خەباتی چەكداری بدەن، ئایا ئێستا گەلی كورد لە باكوور چۆن سەیری پەكەكە دەكات؟

- مەبەست لە هاتنی پەكەكە بۆ باشووری كوردستان زۆر لەوە زیاترە كە باس دەكرێت، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی زۆر گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، لەناو هاوكێشە تازەكانی ئەم گۆڕانكارییەشدا كورد فاكتەری سەرەكییە و، هەرێمی كوردستان ئەزموونی نزیكەی 30 ساڵی خۆبەڕێوەبردنی هەیە، رۆژئاواش چەند ساڵێكە سەلماندی كە دەتوانێت هەرێمێك بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان دروست بكات، كە جگە لە كورد پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەكان بەیەكەوە لەو هەرێمەدا بژین، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە كورد فاكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیریی ناوچەكەیە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كورد لە هاوكێشەكەدا باشتر پێش بكەوێت. دیارە هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران دەزانن ئەم گۆڕانكارییانە بەڕێوەیە، بەتایبەتی كە دەوڵەتی نوێی توركیا لەسەر نكۆڵیكردن لە بوونی كورد دامەزراوە، هەروەها دەزانن ئەو سیاسەتانەی ئێستا دژی كورد پیادەی دەكەن تاسەر بۆیان ناچێتە سەر، بۆیە كەوتوونەتە خۆیان بۆ ئەوەی ئەو زەمینەیەی بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە لەباری بەرن، بۆ ئەمەش هەوڵیانداوە هەندێك لە گرووپ و حزبە كوردییەكان بكەنە هاوپەیمانی خۆیان و شەڕیان لە دژی ئەو دووكیانە پێ دەكەن، كە لە باشوور و رۆژئاوا هاتۆنەتە كایەوە، لەمەش زیاتر هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران باش دەزانن كە راستەوخۆ ناتوانن شەڕ لەگەڵ ئەو دوو كیانە تازەیە بكەن، بۆیە پشتگیری پەكەكە دەكەن بۆ ئەوەی شەڕ دژی نەتەوەی خۆیان و ئەو كیانە سیاسییانە بكەن، كە دوژمنان ئامانجیانە نەمێنن، لەم چوارچێوەیەدا ئەو شەڕەی ئەمڕۆ پەكەكە بە ئەزموونی هەرێمی كوردستانی دەفرۆشێت، بۆ ئەوەیە كێشە بۆ ئەم ئەزموونە دروست بكات و بە هەمان شێوەیەش هەوڵەكانی لە رۆژئاوا بۆ ئەوەیە ئەو كیانە سیاسیەی كە هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە، دروست نەبێت. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆچی چەكدارانی پەكەكە ئەم شەڕە لە دژی گەلی خۆیان پیادە دەكەن؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە پەكەكە لە مەیدانی راستەقینەی خەباتی خۆی كە باكوورە شكستی زۆر گەوەری هێناوە و تەنانەت بە ئاستێك جەماوەری لە باكوور دابەزیوە، كە ناتوانێت دوو هاووڵاتی بێنێتە سەر شەقام، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەو شكستەی خۆی بشارێتەوە و بە دروشمی باق و بریق خۆڵ بكاتە چاوی خەڵك، گێچەڵ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت،ئاشكراشە لە هەرێمی كوردستان هەندێك لە حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاشكرا و نەهێنی لایەنگریی پەكەكە دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا پەكەكە تەنیا ئامانجەكەی پارتی نییە، بەڵكو ئامانجیەتی ئەم قەوارەیە نەمێنێت، بۆیە كاتی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لێپرسینەوە لەو گرووپ و لایەنە سیاسییانە بكات.

* ماوەیەكی زۆرە چەكدارانی پەكەكە گێچەڵ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشن و دەستدرێژی دەكەنە سەر هاووڵاتیان و هێرش دەكەنە سەر هێزی پێشمەرگە و چەندین پێشمەرگەیان شەهید كردووە، ئایا (پەكەكە) لە پێناوی چی ئەم كارە دەكات؟

- وەك پێشتر ئاماژەم پێ دا، پەكەكە لە باشووری كوردستان بەرنامەی هەیە و دەیەوێت بەرنامەكەش جێبەجێ بكات، ئەویش تێكدانی ماڵی كوردە. پەكەكە هەر لە ساڵی 1991ەوە لە باشووری كوردستان وجوودی هەیە و هەر لەو كاتەوە دەستی بە دژایەتیی دەسەڵاتی كورد كردووە، هەر جارێكیش قسەی بێ ماناو لابەلا دەكات، بۆ ئەوەی پاكانەی كارەكانی خۆی بكات. سەردەمانێك دەیانگوت لەبەر ئەوەی پەیوەندیی دەسەڵاتی باشووری كوردستان لەگەڵ توركیا باشە، بۆیە ئێمە دژی باشووری كوردستانین، بۆیە ئێمە شەڕی باشوور دەكەین، بەڵام ئەمە راست نییە، چونكە كە لە دوای ساڵی 1991 كە دەسەڵاتی كورد لە باشوور دروست بوو، توركیا زۆر دژی باشووری كوردستان بوو، حوكمڕانانی توركیا دەیگوت ئێمە رازی نین لە باكووری عێراق ماڵێكی كوردی دروست بێت، هەر ئەو كاتە پەكەكە شەڕی باشووری كوردستانی دەكرد، واتە پەكەكە و توركیا بە یەكەوە شەڕیان لە دژی باشووری كوردستان دەكرد، هەر بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیڵێت، راست نییە و بە قسە و پلانی وڵاتانی داگیركار دەیكات.

* ئەوەی جێگەی هەڵوەستە و تێڕامانە ئەوەیە، كە رەفتارەكانی (پەكەكە) بە تەواوەتی لەگەڵ ئامانج و رەفتارەكانی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان یەك دەگرێتەوە، ئایا ئەم هاوهەڵوێستییەی پەكەكە لەگەڵ داگیركارانی كوردستان دژی هەرێمی كوردستان چی پێكەوە كۆیان دەكاتەوە؟

- ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیری ئەو گۆڕانكارییانە بكەین كە لەسەر ئاستی هاوكێشەكانی رۆژهەڵات هاتوونەتە ئاراوە، ئەوا ئەو هێزە تەقلیدییانەی وەك ئێران و توركیا كە خاوەنی پێگە و نفووزی گەورە بوون، دەسەڵاتیان بەرەو ئاوابوون دەچن، لە ئێستاشدا ئەمریكا و دەوڵەتانی رۆژئاوا خەریكن نەخشەیەكی تازە بۆ ئەم ناوچەیە دادەڕێژنەوە و لەناو ئەم نەخشە تازەیەشدا ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە كیانێك بۆ كورد بێتە ئاراوە و دروست بێت، بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت زەمینەی ئەم گۆڕانكارییە تێك بدەن، بە ئاشكرا و بە راشكاوی دەڵێن ئێمە رێگە نادەین كیانێكی سیاسی بۆ كورد دروست بێت، بەڵام ئەوان خۆیان ناتوانن راستەخۆ ئەو كارە بكەن، لەمبارەوە ئەگەر دەوڵەتانی توركیا و ئێران ئەو قسەیە بكەن ئەوە شتێكە، لەكاتێكدا بەلایەنێكی كوردی ئەو كارە بكەن ئەوە شتێكی دیكەیە، بێگومان دەوڵەتی داگیركار بە پەكەكە دەڵێن، ئێوە ئەو دروشمە بەرز بكەنەوە و بڵێن ئێمە دەوڵەتی كوردیمان ناوێت. ئەگەر سەرنج لە سیاسەت و ستراتیژیەتی پەكەكە بدەین، ئەوا دەبینین پەكەكە بۆ ماوەی 10 ساڵ دەبێت ئەو دروشمەیان بەرزكردۆتەوە كە ئێمە دەوڵەتی كوردستانمان ناوێت، چونكە دەوڵەت چارەسەری كێشەكانمان ناكات و میللەتی كوردیش دەوڵەتی ناوێت و كورد لەگەڵ تورك و عەجەم و عەرەب دەژین، ئەم دروشمانەی پەكەكە بەرنامەی هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێرانە و پەكەكەش لەناو بەرنامەی ئەو دەوڵەتانە جێگەی بۆخۆی كردۆتەوە و لە باشووری كوردستان پیادەی دەكات. نموونەیەك بۆ ئەو بەرنامەیەی كە پەكەكە لەجیاتی داگیركاران هەڵیدەسووڕێنێت، ئەوەیە كاتێك پەكەكە لە رۆژئاوی كوردستان دەسەڵاتدار بوو، هەستا بە دابەشكردنی رۆژئاوا بە سەر كانتۆن، كە كانتۆن دەكاتە ئیدارەی پارێزگا ئەو جۆرە كارو ئیدارەیەش لە ئێران هەیە و ئەمەی پەكەكەش كە لە رۆژئاوی كوردستان كردی، هەر بەرنامە و پلانی دەوڵەتی ئێران بوو، ئەمە بەرنامەی توركیا نەبوو، بەڵام پاشان كە دەسەڵاتی كورد و لایەنەكانی دیكەی كوردی رۆژئاوا هاتن كانتۆنیان لادا و فیدراسیۆنێكیان دامەزراند، پەكەكە و لایەنگرەكانیان دەڵێن ئەمریكا هاتووە لە رۆژئاوا دەوڵەت دروست بكات، بەڵام ئێمە رێگا نادەین، ئەگەرچی ئەو كەس و لایەنانەی پەكەكە كە دەیانویست مەرام و بەرنامەی ئێران و توركیا جێبەجێ بكەن، نەمان و تەسفیە بوون، لە باشووری كوردستانیش تۆپۆگرافیای ناوچەكە وای كردووە كە پەكەكە قەندیل بكاتە بارەگای سەرەكیی خۆی و لێرەوە دەتوانێت كاری تێكدەرانە دەرهەق بە باشووری كوردستان بكەن، ئەمەش وای كردووە كە لە باشوور زیاتر بتوانن كاری تێكدەرانە ئەنجام بدەبن و، ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكەن كە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان بۆیان داڕشتوون.

* حكومەتی هەرێمی كوردستان، كیانێكی دەستووری و یاساییە لەناو دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیدا، هەر بۆیە خاوەنی یاسا و دامەزراوەی خۆیەتی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە پەكەكە كە لە باشوور داڵدە دراوە و رێز لە یاسا و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناگرێت و، لەناو ئەم كیانە حكومەتێكی دیكەی دروست كردووە و تەحەددای دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دەكات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی (پەكەكە) ئامانجیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەمێنێت؟

- ئەو دژایەتییەی پەكەكە دەیكات لە دژی حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان شتێكی تازە نییە، چونكە لە ساڵی 1992 كە میللەتی كورد لە باشووری كوردستان بڕیاری خۆیان دا و لە رێگای هەڵبژاردنەوە پەرلەمان دروست كرا، كە دامەزراوەیەكی یاسایی و شەرعیی هەرێمی كوردستانە، هەر لەو كاتەدا پەكەكە شەڕی دامودەزگای هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی ئێمە ئیعتراف بەو پەرلەمانە ناكەین، چونكە ئەو پەرلەمانە هی ئیمپریالیزمە، هەر وەك ئەوەی كە توركەكان دەیانگوت ئەو پەرلەمانەی هەرێمی كوردستان ئەمریكا دروستی كردووە، ئێرانیش دەیگوت پەرلەمانی كوردستان ئیسرائیل و ئەمریكا دروستیان كردووە، بە هەمانشێوە پەكەكەش هەروەك توركیا و ئێران گوتی ئێمە ددانان بەو پەرلەمانەی كوردستاندا نانێین، هاوكات پەكەكە لە كۆڵانەكانی ئەوروپا پەرلەمانێكی ئەلتەرناتیڤیان دروست كرد، بەناوی ئەنجومەنی نەتەوەی كورد و گوتیان ئەو ئەنجومەنە پەرلەمانی شەرعیی كوردستانە، نەك ئەو پەرلەمانەی لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، بۆیە لەو رۆژەی كە كورد لە باشووری كوردستان بووە دەسەڵاتدار، پەكەكە دوژمنایەتی و دژایەتی خۆی لە دژی راگەیاندووە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئەوەش بزانین كە دەوڵەتانی ئیقلیمی هەندێ كاروبار كە خۆیان ناتوانن دژی كورد و كوردستان بیكەن، ئەوە بە پەكەكە دەیكەن، هاوكات لە باشووری كوردستانیش هەندێك لایەن هەنە كە شەریكی حكومەتی كوردستانن و هاوبەش و لایەنگری پەكەكەشن، كە خۆیان هەندێ كاروبار ناتوانن بیكەن، ئەوە بە پەكەكە ئەنجامی دەدەن، كە ئەمەش هۆكارەكەی ململانێی سیاسییە، ئەمەش هەروەك دەستتێوەردانی دەوڵەتانی ئیقلیمی مەترسیدارە، بەڵام ئەگەر لایەنەكانی كوردستان و حكومەتی هەرێم یەك هەڵویست بن، ئەوە بێگومان دەتوانن بە پەكەكە بڵێن بۆ ئەو كارو كردەوە و رەفتارە خراپانە دەكەن؟ هاوكات ئەگەر لە هەرێمی كوردستان یەك هەڵویستی هەبێت، ئەوە پەكەكە ناتوانێت لە قەندیلەوە بەرەو ناوچەی ئەتروش و چیای گارە بچێت و شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە بكات.

* ئێوە دەزانن سەرۆك بارزانی، شەڕی كورد- كوردی حەرام كردووە، بەڵام (پەكەكە) ئەمەی بە دەرفەت قۆستۆتەوە و پێدرێژی دەكات، لە بەرامبەریشدا دەیەوێت رەفتارە شەڕانگێزییەكانی خۆی بە شەڕی كوردكوژی پەردەپۆش بكات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە (پەكەكە) ملكەچی یاساكانی كوردستان نەبێت، ئەی چۆن دەكرێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت؟

- بێگومان جەنابی سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە نابێت شەڕی كورد و كورد بكرێت و شەڕی ناوخۆی كورد لەگەڵ كوردی حەرام كردووە، ئەمەش شتێكی تازە نییە، بەڵام هەندێك لایەن هەیە لەم هەڵویستە سوود وەردەگرن. ئەوە یەكێك لەو لایەنانە پەكەكەیەو ئەو كارە دەكات، بەڵام دەبێت نەهێڵدرێت پەكەكە ئەو هەڵویستە بقۆزێتەوە، ئەمەش بەوە دەكرێت كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی سیاسی دابنێت و كار بۆ ئەوە بكات نەهێڵێت پەكەكە سوود لەو هەڵویستە وەربگرێت، لێرەدا دەپرسین: حكومەتی هەرێم چی بكات، بۆ ئەوەی پەكەكە دەستی بشكێت، تاوەكو نەتوانێت دەستێوەردان لەكاروباری حكومەتی كوردستان بكات؟ لێرەدا دەبێت ئەكادیمیستەكان و رۆشنبیرانی كورد لە باشووری كوردستان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت بیربكەنەوە، لەوەی كە چ جۆرە بەرنامەیەك دابنێن كە پەكەكە نەتوانێت لەو هەڵوێستەی جەنابی سەرۆك بارزانی سوودوەربگرن و پەكەكە نەتوانێت خەڵكی خۆی بەكاربێنێت لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی تا ئێستا لەسەر ئەوە هیچ بیرو بەرنامەیەك لە باشووری كوردستان دروست نەبووە.

* ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچارە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ رەفتارەكانی پەكەكە دابنێت، بەڵام پەكەكە دەیەوێت وای پیشان بدات، كە بەس تەنیا كێشەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، ئایا تاكەی پەكەكە ئەم پڕوپاگەندانەی بۆ دەچێتەسەر؟

- ئێستا پەكەكە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانی بە ئامانج گرتووە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان لە باشووری كوردستان و لە سەرتاسەری عێراقیش هێزی یەكەمە واتە گەورەترین هێزە لە هەموو عێراق و هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو كەسایەتییەك بەهێزترین كەسایەتییە لە سەرتاسەری عێراق و هیچ لایەنێكی سیاسی لە باشووری كوردستان هاوتای پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، ئامانجی پەكەكەش ئەوەیە كە شەڕی كیانی بەهێز بكات، هەر بۆیەش پەكەكە دەڵێت من دژی پارتی دیموكراتی كوردستانم، نەك دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام حكومەتیش هەر پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزە و ئەگەر پارتی بەهێز نەبووایە، ئەو حكومەتەش بەهێز نەدەبوو. كەواتە ئەو قسەیەی پەكەكە راست نییە كە دەڵێت من شەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم و شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناكەم، چونكە ئێران و توركیا دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێزە و حەشدی شەعبی و بەغداش دەزانن مەسەلەكە چییە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی حەشدی شەعبی كە دەیانەوێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا باش نەبێت، كە لایانەگرانی ئێرانن و دەڵێن ئێمە دژی كورد و كیانی كورد نین، بەڵكو دژی بارزانی و دژی پارتی دیموكراتی كوردستانین، چونكە دەسەڵات و هێزێكی گەورە لە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانە و پێمان خۆش بێت، یان پێمان خۆش نەبێت، كوردبوون ئێستا واتە پارتی دیموكراتی كوردستان و لە كاتێكدا پارتی و جەنابی سەرۆك نەبێت، ئەو كیانەش نامێنێت.

 

Gulanmedia.com