image


پەیامی کورد … زانیاری نوێ لە سەر بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی 10 وڵات لە تورکیا

دوای فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ دەرکردنی باڵیۆزی 10 وڵات لەناویاندا ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئەمریکا، ئەو وڵاتانە وەڵامی بڕیارەکە دەدەنەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەریەکە لە وڵاتانی هۆڵەندا، سوید و نەرویج ڕایانگەیاندووە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان لەلایەن تورکیاوە پێنەگەیشتووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج ئاشکرایکردووە، “باڵیۆزەکەمان لە تورکیا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە کە بکرێتە بیانوو بۆ دەرکردنی”، تەنها لەبارەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی فشاریان لە تورکیا کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، “ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو پرسە هەیە و هەوڵدەدەین لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە زانیاری زیاترمان پێبگات”.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، “لەگەڵ نۆ وڵاتەکەی دیکە لە گفتوگۆی چڕداین سەبارەت بەو بابەتە”.

هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، کەنەدا، نەرویج، سوید، نیوزلەندا، دانیمارک و فنلەندا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای “یەکلاکردنەوەی خێرا و دادپەروەرانەی” دۆسیەی عوسمان کاڤالایان کرد.

دوێنێ شەممە لە سەردانیدا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، “فەرمانم بە وەزیری دەرەوە كردووە بە زووترین كات مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەكەی ئەو باڵیۆزانە بكات و هەر 10 باڵیۆزەكە وەك “كەسانی ناپەسەندكراو” ڕابگەیەندرێن”.