image


پەیامی کورد … یەکێتیی ئەورروپا تەرخان کردنی بڕی ٣،٥ ملیۆن یۆرۆی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە راگەیاند

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین رایگەیاند، یەکێتی ئەورووپا بڕی سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار یۆرۆی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران لە بێلاڕووسەوە تەرخان کردووە.

ڤۆن دێر لاین لە میانی بەشداریی کردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەورووپا لە سترازبۆرگ، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا باسی لە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەورووپا کرد و گوتی: "ئەو شتەی کە لە تەماشا کردنی رێژەی مردنەکان دەیبینم ئەوەیە کە ئەمە پەتای ئەوانەن کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە".

- قەیرانی کۆچبەرانی سەر سنووری پۆڵەندا-بێلاڕووس

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەورووپا لەلایەک لەھەوڵی دابین کردنی ھاوکاریی مرۆییدایه‌ و لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و ترانزێت لە ناو ھەوڵێکی دیپلۆماتیی چڕدایە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری قاچاخچێتی بە مرۆڤ و ھەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی سەپاندنی سزا دەکەن.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین باسی لەوە کرد کە عێراق دەستی بە گەڕاندنەوەی ھاووڵاتیانی کردووە و گوتی: "بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم ھەماھەنگییە لەگەڵ عێراق دەگەین بەڵام ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری دیکە کەوتوونەتە بۆسەوە. پێکەوە لەگەڵ دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بیانگەڕێنینەوە بۆ ماڵەکانیان".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا ئاشکرایشی کرد کە بڕی سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار یۆرۆیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران تەرخان کردووە و گوتی: "با جارێکی دیکە دووبارەی بکەمەوە. یەکێتی ئەورووپا دان به‌و رژێمەدا کە بە توندی فشاری خستووەتە سەر خەڵکی خۆی نانێت".

ڤۆن دێر لاین، سەبارەت بە دۆخی سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا، گوتی: "لە قەیرانێکی کۆچ کردن زیاتر ھەنگاوێکە لەلایەن مینسکەوە بۆ ناسەقانگیر كردنی یەکێتیی ئەورووپا"

- "سەرکۆنەی ئەم جۆرە ھێرشانەی سەر سنوورە یەکێتیی ئەورووپا دەکەین"

لای خۆیەوە سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا، چارلز میشێل لە میانی گوتارەکەیدا لە دانیشتەنەکەی پەرلەمانی ئەورووپادا، گوتی: "بۆ رێگریی كردن لە کۆچی نایاسایی، گیان لەدەستدان، بەکارھێنانی کۆچبەران لە لایەن قاچاخچییەکانەوە، سوورین لەسەر کۆنترۆڵ کردنی تەواوەتی سنوورەکانمان. قبوڵ ناکەین کۆچبەرەکان بۆ مەرامی سیاسیی بەکاربھێندرێن. سەرکۆنەی ئەم جۆرە ھێرشانەی سەر سنوورە یەکێتیی ئەورووپا دەکەین".