image


پەیامی کورد... ئەگەری هەیە کە کێشەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا چارەسەر ببێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقە ڕایگەیاندوە، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا.

ئاریان تاوگۆزی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردۆتەوە، پاش بە دواداچونمان بۆ کێشەی ئەو پەنابەرە کوردانەی کە لە بەریتانیا دەستبەسەرکراون، کە بڕیار بوو بە زۆرەملێ ڕەوانەی فڕۆکەخانەی هەولێر بکرێنەوە، لە پەیوەندیمان لەگەڵ باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و بەرپرسی دیسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە لەندەن داوامانکرد پرۆسەی بە زۆر ناردنەوە ڕابگرن، ئەوانیش لەلای خۆیانەوە پێیان ڕاگەیاندین کە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاگادار دەکەنەوە.

تاوگۆزی ئاماژەشی کردووە، وەک ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق پەیوەندیمان کرد بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی و چەند ڕێکخراوێکی پەنابەری بەریتانی و نێودەوڵەتی، لەوبارەیەوە گۆڕانکاری باش هاتووەتە ئاراوە و کێشەی ئەو پەنابەرانە بەرەو چارەسەرکردن دەڕوات.