image


پەیامی کورد... ڕووسیا بە تەمایە یاسایەک پەسەند بکات کە کەسانی سەرووی ٤٠ ساڵیش بتوانن ببنە سەرباز

وەک نیشانەیەک بۆ پێویستی بە پەلەی ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی لە جەنگی ئۆکراینا، ڕۆژی هەینی پەرلەمانی ڕووسیا ڕایگەیاند کار لەسەر پرۆژە یاسایەک دەکات کە ڕێگە بە هاووڵاتییانی ڕووسیا دەدات کە تەمەنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵەوەیە و بیانییەکان کە تەمەنیان لە سەرووی ٣٠ ساڵانەوەیە بۆ ناو تۆمارکردن بۆ خزمەتی سەربازی.

ماڵپەڕی پەرلەمانی ڕووسیا ناسراو بە (دووما)، دەڵێت ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی سەربازەکان بتوانن کەڵک لە لێهاتووییەکانی کەسانی پیشەیی کە تەمەنیان زیاترە وەربگرن.

هەروەها دەڵێت "بۆ بەکارهێنانی چەکی وردبینی بەرز، کارپێکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی، پسپۆڕانێک پێویستن کە خاوەنی کارامەیی پیشەیی بەرز بن. ئەزموونەکان دەریدەخەن کە لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٤٥ ساڵیدا دەگەنە ئەو ئاستە."

لە ئێستادا تەنیا هاووڵاتییانی تەمەن ١٨ بۆ ٤٠ ساڵ و بیانییەکانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ دەتوانن یەکەمین گرێبەستی سەربازی بکەن.

ڕووسیا لەو جەنگە ٨٦ ڕۆژەدا تووشی پاشەکشەی گەورە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە هەم زیانی گیانی هەم زیانی ئامێر و کەلوپەلی لەشکریش. لە کاتێکدا ئۆکراینا بە شێوەیەکی کردەیی تەواوی کوڕانی پێگەیشتووی دانیشتووانی خۆی کۆ کردووەتەوە دژی ئەو شەڕە. سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ کۆنترۆڵی تەواوەتی خاکە وێرانبووەکەی شاری ماریوپۆڵی کردووە، بەڵام هێشتا دوورە لە ئامانجەکەی کە دەستبەسەرداگرتنی هەموو ناوچەی دۆنباسە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.

 

ژەنەراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی، بێن هاجس، کە پێشتر یەکێک بووە لە فەرماندەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە ئەورووپا دەڵێت "بە ڕوونی ڕووسەکان لە کێشەدان. ئەمە دوایەمین هەوڵە بۆ چارەسەرکردنی کەمی هێزی مرۆیی بەبێ ئەوەی دانیشتووانەکەی خۆیان نیگەران بکەن. بەڵام تا دێت قورستر دەبێت بۆ کریملین کە شکستەکانیان لە ئۆکراینا بشارنەوە."

جاک واتلینگ پسپۆڕی شەڕی وشکانی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەریتانی بۆ بواری ئاسایش و بەرگری دەڵێت سوپای ڕووسیا دووچاری کەمی هێزی پیادە بووەتەوە.

دەشڵێت " ڕووسیا پێویستی بە جێگیرکردنی سەقامگیری هەیە لەناو یەکە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا و پێویستە یەکە نوێیەکان دروست بکات ئەگەر بیەوێت پێگەی خۆی لەسەر زەوی باشتر بکات."

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمە پرۆسەیەکی خاو و ئاڵۆز دەبێت، بەڵام دەتوانرێت بە کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی کە کارامەیی و ئەزموونی سەربازییان هەیە، خێراتر بکرێت."

دووما ئاماژەی بەوەشکردووە یاسا پێشنیارکراوەکە هاوکات ئاسانکاری دەکات بۆ دامەزراندنی پزیشکانی مەدەنی و ئەندازیاران و پسپۆڕانی بواری ئۆپەراسیۆن و پەیوەندییەکان.