image

پەیامی کورد    ...   واڵ ستریت ژۆرناڵ  : بایدن بە هەڵە تامەزرۆی ڕێککەوتنی به‌رجام له‌گه‌ڵ ئێرانە
ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامەی “واڵ ستریت ژۆرناڵ” له‌ ڕاپۆڕتێكدا به‌ ده‌وڵه‌تی بایدن پێشنیار ده‌كەن کە له‌ وتووێژەکانی تایبەت بە به‌رجام بێته‌ده‌رێ و وه‌ک ترامپ له‌ نائارامییه‌كانی ئه‌م دواییانە لە ئێران‌ كه‌ڵک وه‌ربگرێ و گوشار بخاته‌ سه‌ر ڕێژیمی ئێران.

واڵ ستریت ژۆرناڵ ده‌نووسێ: بایدێن بە هەڵە تامەزرۆی ڕێککەوتنی به‌رجام له‌گه‌ڵ ئێرانە، له‌ حاڵێكدا تاران به‌هۆی سنوورداركردنی پشكێنه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاژانسی ووزە و چالاک‌كردنی سانتریفیوژی پێشكه‌وتوو و پاشه‌كه‌وت‌كردنی یۆرانیومی پیتێندراو، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ زیاتر خۆی له‌ به‌ده‌ستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک ده‌كاته‌وه‌.

دەستەی نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویانە کە: کۆتایی‌هێنان بە ووتووێژه‌كانی به‌رجام به‌ واتای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ‌ كه‌مپەینی گه‌مارۆكانی ترامپه‌ بۆ سه‌ر ئێرانە و له‌ بارودۆخی ئێستادا كه‌ باشووری ئێران به‌هۆی ناڕه‌زایەتی و خۆپیشاندان ئالۆزه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و ئالۆزییه‌ ته‌شه‌نه‌ی کردووە و شارەكانی دیكه‌ی ئێرانیشی گرتۆته‌وه‌، ده‌وڵه‌تی بایدێن ده‌بێ زه‌خت بخاته ‌سه‌ر ڕێژیمی ئێران نەک‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكاری دەربازبوون لەو کێشانەی بۆ بڕەخسێنێت.

ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریت ژۆرناڵ به‌ ووته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌نووسێ: ڕێژیمی ئێران له‌ ڕەوتی ووتوویژەکانی ڤییەن لە هەوڵی چەسپاندنی ئەوە دایە کە ئەگەر لە داهاتوودا‌ ئه‌مریكا بیهەوێ جارێکی دیکە له‌ ڕێککەوتنی به‌رجام بچێتەدەر، دەبێ ڕەزامەندی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مسۆگەر بکا؛ کە ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی ئه‌مریكایە‌ و ئەو بابەتە دەبێتە ئاستەنگی سەرەکی بۆ گەیشتن بە هەر چەشنە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیران.