image


پەیامی کورد... وێنەگرێکی دیاری ئۆکراینا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراوە

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، ماکس لێڤین وێنەگری دیاری ئۆکراینی و دروستکەری فیلمە بەڵگەنامەییەکان و سەربازێکی ئۆکراینا کە هاوەڵی کردووە بەمەبەستی پاراستنی، لە مانگی سێدا لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدا بووە ماکس و سەربازەکە بەشوێن درۆنەکەیاندا گەڕاون کە لەو ناوچەیەدا لێیان ون بووە.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (ئاڕ ئێس ئێف) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوەدا لێکۆڵینەوەکان لە 24ی ئایارەوە بۆ 3 ی حوزەیرانی 2022 ئەنجامدراون، ئەو زانیاریی و بەڵگانەی دەستیان کەوتووە ئاماژە بەوە دەدەن لێڤین و ئۆلێکسی چێرنیشۆڤی پاسەوانی لە 13ی مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە دارستانێکی دەوروبەری گوندی موشچون لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون، "ئەگەری هەیە کوشتنەکەیان دوای لێپێچینەوە و تەنانەت ئەشکەنجەدانیش بووبێت".

لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن ئاڕنۆد فرۆگەری، بەڕێوەبەری لقی لێکۆڵینەوەکانی ئاڕ ئێس ئێف و پاتریک چۆڤێڵی فەڕەنسی کە وێنەگرێکی جەنگە ئەنجامدراون، چۆڤێڵ لە ئۆکراینا لەگەڵ لێڤیندا کاری کردووە، ئاماژە بەوە دەدات لێڤین و چێرنیشۆڤ لە کاتێکدا هەوڵیانداوە ئەو دڕۆنە بدۆزنەوە کە لێڤین بۆ ڕووماڵکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بەکاریهێناوە، لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرکراون.

ئاڕ ئێس ئێف دەڵێت دۆزینەوەی بەڵگەکانی وەک فیشەک و ناسنامە و شتی دیکە لەگەڵ پشکنینەکانی دی ئێن ئەیدا ئاماژە بەوە دەدەن سەربازانی ڕووسیا لە شوێنەکەدا بوون، ئۆتۆمبێلەکەی لێڤین و شتەکانی دیکەی بەڵگە بوون لەسەر ئەوەی لێڤین و پاسەوانەکەی کوژراون.

دیلاوەر، سکرتێری گشتی ئاڕ ئێس ئێف کریستۆف وتی: "شیکارییەکانی وێنەکانی شوێنی ڕوودانی تاوانەکە و ئەو تێبینیانەی کە لەو شوێنەدا وەرگیراون، هەروەها ئەو بەڵگانەشی کە دۆزراونەتەوە لە شوێنەکەدا، بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن پێش کوشتنەکە ڕەنگە لێپێچینەوە یاخود تەنانەت ئەشکەنجەدانیش ئەنجام درابێت".

وتیشی: "ماکس لێڤین و هاوڕێکەی بە ژیانی خۆیان باجی بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕاستییان داوە، قەرزداری ئەوانین. دەجەنگین لە پێناو دۆزینەوە و ناسینەوەی ئەو کەسانەدا کە لێڤین و هاوڕێکەیان کوشتووە".

ماکس لێڤینی تەمەن 40 ساڵ یەکێکە لەو هەشت ڕۆژنامەنووسەی کە لە ماوەی ئەنجامدانی کارەکانیاندا لە جەنگەکەی ناو ئۆکراینادا کوژراون. لە 2ی نیسانی ئەمساڵدا تەرمەکەی لە دارستانێک دۆزرایەوە.

ماکس لێڤین باوکی چوار منداڵە و لەگەڵ زۆرێک لە دەزگا ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتی و ئۆکراینییەکاندا کاری کردووە، لەوانەش ڕۆیتەرز و بی بی سی و ئەسۆشیەتد پرێس.