image


پەیامی کورد... ئۆپیک پێچەوانەى فشارەکانى ئەمەریکا بڕیاریدا


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، “ئۆپێک پڵەس” بڕیاریدا بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیلى رۆژانە کەم بکاتەوە، کە لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات، لە هەنگاوێکدا بۆ بەرزکردنەوەى نرخەکەى دواى دابەزینى بەڕێژەیەکى بەرچاو.


بڕیارەکەى "ئۆپێک +" لەکاتێکدایە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بەکاربەرى نەوت فشاریان دەکرد بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنان.


كەمكردنەوەی ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت دەبێتە هۆی بوژانەوەی نرخی نەوت، كە بۆ نزیكەی 90 دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا سێ مانگ لەمەوبەر بە 120 دۆلار بوو، ئەوەش بەهۆی ترسی پاشەكشەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی ئەمریكا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە.


پیشتر ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا (5ی تشرینی یەکەمی 2022) بڵاویکردەوە، ئیمارات پاڵپشتی سعودیە و ڕووسیا لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتدا. ئەوەش گورزێکە لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس.


بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێدەچێت ئیمارات پشتیوانی لە کەمکردنەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوت بکات کە لەلایەن سعودیە و ڕووسیا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئۆپێک پڵەس پێشنیارکرابوو، ئەمەش گورزێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی ڕێککەوتنەکە.


دوو کەسی ئاگادار لە گفتوگۆکان پێش کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، ئیمارات سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی رۆژئاوا لە کۆتا خولەکدا بڕیاری داوە پابەندی ڕێککەوتنەکەی ئۆپێک پڵەس بێت.


هەر بەپێی سەرچاوەکان، ئیمارات یەکێکە لەو ئەندامانەی کە زۆرترین هەژموونی هەیە لە ئۆپیک پڵەسدا لەدوای سعودیە و ڕوسیا.