image


پەیامی کورد … نەتەوەیەکگرتووەکان: "لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ دەستووری سووریا"

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، گێر پیدەرسن لە بارەی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی لیژنەی دەستووری سووریا کە سبەی دەستپێدەکات ئەوەی راگەیاند کە لایەنەکان بۆ یەکەم جار گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی پێواژووی ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ چاکسازی لە دەستووری سووریا.

ئەندامانی "گرووپی بچووک"ی دەستووری سووریا کە لە ١٥ نوێنەری ھەریەک لە رژێمی ئەسەد، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێکدێن، دوای ماوەی ھەشت مانگ و نیو دووبارە لە جنێڤ کۆدەبنەوە.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، گێر پیدەرسن، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کە لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ بەجیا لەگەڵ نوێنەرانی رژێمی ئەسەد، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆبووەتەوە.

پێدرسن، ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە گەڕی پێنجەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا کە لە ٢٥-٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو بەبێ ئەنجام کۆتایی ھاتبوو و گوتی: "خۆشحاڵ دەبم کە ئەوە رابگەێنم کە گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی لەم شێوەیە: 'ھەردوو ھاوسەرۆک، لە ئێستادا نەک تەنھا لە بابەتی ئامادەکردنی چاکسازیی لە دەستوور بەڵکو لە ھەمان کاتدا لەسەر دەستپێکردنی رەشنووسی دەستووریش ھاوڕان. راستییەکەی، ئەوە شتەی لەم ھەفتەیەدا ھەیە، دەستپێکردنی پێواژووی ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوورە بۆ چاکسازی لە دەستووری سوریایە".

پیدرسن، لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو،"ئایا چەند گەڕی دیکەی دانووستانتان پێویستە بۆ نووسینەوەی ئەو دەستوورەی کە داھاتووی سووریا دیاری دەکات؟"، گوتی: "وەڵامێکی کورتم بۆ ئەم پرسیارە دەبێت. نازانم. با بزانین کۆبوونەوەکانی ئەم ھەفتەیە بەچی ئاراستەیەک دەڕوات".

 

- ھەردوو ھاوسەرۆک لەسەر ھەمان مێز کۆبوونەوە

 

بەپێی ئەو زانیارییەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بەدەستی کەوتووە، گێر پیدەرسن، راستەخۆ لە دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ لەگەڵ ھاوسەرۆکی شاندی ئۆپۆزسیۆن ھادی ئەلبەحرە و ھاوسەرۆکی شاندی رژێمی سووربا ئەحمەد کەزبەری لەسەر ھەمان مێز کۆبووەتەوە.

گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، ئالیساندرا ڤیللوجی، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

بەم شێوەیە بۆ یەکەم جار لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستوورەوە بۆ ئێستا ھەردوو ھاوسەرۆک لەسەر مێزێکدا بینران.