
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری بوومەلەرزە لێدراوانی ئەفغانستان دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەنگ داواکارییەکەی حکومەتی تاڵیبان بۆ بەهاناوەچوونی زیانپێگەیشتووانی بوومەلەرزەی وڵاتەکەیانەوە دەچێت و بۆ ئەو مەبەستە داوای ١٥ ملیۆن دۆلار هاوکاری بەپەلە دەکات.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان گوتی: زیانپێگەیشتووانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان پێویستییان بە هاوکاری بە پەلەیە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندن لە قۆناغی یەکەمدا پێویستییان بە ١٥ ملیۆن دۆلارە.
ڕامز ئەلئەکبەرۆڤ، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان هۆشداری ئەوەی دا، ئەگەر بەپەلە هاوکاری ماددی و خۆراک و دەرمان نەگەێندرێتە ئەفغانستان و کەمپ بۆ خەڵکی زیانپێگەیشتوو دروست نەکرێت، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە.
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.١ پلە بەگوێرەی پێوەری ڕێختەر چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی هەژاند و بەهۆیەوەیە زیاتر لە ١٠٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە سەدانی دیکەش برینداربوون.
ئەم هەنگاوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دوای ئەوە هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شەرەفەدین موسلیم، جێگری وەزیری کارەساتە سروشتەکانی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان داوای هاوکاری بەپەلەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، چونکە وەک دووپاتی کردەوە، بە تەنیا ناتوانین دۆخەکە چارەسەر بکەن. دەیانەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەست بکات بەکارکردن لەگەڵیان و هەماهەنگییان بەردەوام بێت».