image

پەیامی کورد     ...   ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان موستەفا کازمی و رەئیسی ڕاگەێندرا

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەکۆبوونەوەی نێوان  ئیبراهیم رەئیسی و موستەفا کازمی دا پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا-تاران و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییە و بازرگانییەکان تاوتوێ کراون، هەروەها عێراق خواستی ئەوەی هەیە ڤیزای گەشتکردن لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە لەسەر گەشتیاران هەڵبگرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەراگەێندراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لەکۆبوونەوەی نێوان  ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا باس لەخواستی هاوبەشی هەردوولا کرا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، هەروەها عێراق خواستی ئەوەی هەیە ڤیزای گەشتکردن لەرێگەی فڕۆکەخانەکانەوە لەسەر گەشتیارانی ئاینی ئێران هەڵبگرێت.

ئەوەش هاتووە، سەرۆک کۆماری ئێران پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق دەربڕیوە لە ئامادەکارییەکان بۆ یادی چلەی ئیمام حسێن و کارئاسانی زیاتر بۆ گەشتیارانی ئائینی ووڵاتەکەی بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکەن، هەروەها داوای پەلەکردنی کرد لە تەواوکردنی رێگەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان هەردوو ووڵات.

لەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی نوێی ئێران، موستەفا کازمی یەکەمین سەردانی بۆ ئەو ووڵاتە ئەنجامدا و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوە، بەتایبەت کە عێراق دووەمین بازاری جیهانە بۆ هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی لەدوای ووڵاتی چین.

هەروەها عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە هاوردەی گاز و کارەبای ئێران دەبەستێت، بە جۆرێک ئێران سێیەکی پێداویستی گاز و کارەبای عێراق دابیندەکات. بەغدا ئێستا ٦ ملیار دۆلار بەهۆی دابینکردنی ووزەوە بۆ عێراق قەرزداری ئێرانە.