image

پەیامی کورد      ...   ئەمریکا هێزەکانی له‌عێراق‌ و هه‌رێمه‌وه‌ بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ده‌گوازێته‌وه‌

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لەهێزە سەربازییە کشاوەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕوویان له‌ڕۆژئاوای کوردستان كردوه‌، ئەوە جگە لە کاروانێکی گەورەی چەک‌و تەقەمەنی‌و پشتیوانی سەربازی کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا هاوشێوەی نەبوە.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردوە، کاروانە سەربازییەکە لەزیاتر لە ٦٠ ئامێری سەربازی پێکهاتوەو گەیشتوونەتە بنکە سەربازییەکانی سەر بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەڕۆژئاوای کوردستان، لەوانە بنکەکانی سەر بەپارێزگای دێرەزۆر و حەسەکە.

 باس لەوەشکراوە، ئەو پشتیوانییە سەربازیانە لەچەک‌و کەلوپەلی سەربازی و لۆجیستی پێکهاتوەو لەڕێگای دەروازەی سنووری وەلیدەوە داخڵی ڕۆژئاوای کوردستان بوون.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش هاوکات لەگەڵ کشانەوەی بەشێک لەهێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق، کاروانێکی سەربازی ئەمریکی کە لە ٥٦ بارهەڵگرو گوێزەرەوە پێکهاتبون‌و چەک‌و تەقەمەنی و پشتیوانی لۆجیستیان پێبوە ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان کران.