image

پەیامی کورد     ...   موستەفا کازمی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پارێزگاری کردن لە خۆپیشاندەران ڕادەگەێنێت

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بەسەرۆکایەتی موستەفا کازمی کۆبوەوە و رایگەیاند، خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستوورییە و ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە خۆپیشاندەران بپارێزن، لەهەمان کاتیشدا نابێت ناڕەزاییەکان ببێتەهۆی گرتنی شەقام و راییکردنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان.

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەراگەێندراوێکدا باسی لەوەشکردوە، خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافێکی دەستورییە و ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە مافی ئازادی رادەربڕین بپارێزن، بەڵام ئەنجامدانی رەفتاری پێچەوانەی یاسا، گرتنی شەقام، رێگریکردن لە راییکردنی ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەت رێگەپێدراو نین.

ئەوەش هاتوە، لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی حکوومەتی عێراق بە پاراستنی ئەرکی نێردە دیپلۆماسییەکان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دووپاتکرایەوە و جارێکی دیکەش رەتیدەکەنەوە عێراق ببێتە ناوەندێک بۆ هەڕەشە لەسەر ووڵاتانی دیکە.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە بەشێک لەلایەنەکانی عێراق بەهۆی ناڕەزاییان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و ووڵاتێکی هەرێمی بە "ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکەن".