image

پەیامی کورد      ...   ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئەو ووڵاتە هۆشداری دەدات

باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبەرامبەر ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیل لەدژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هوشداری‌دەدا.

مەجید تەخت‌ڕەوانچی، باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەورەیی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەئاماژە بەوەیکە زۆربوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشتوەتە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار، دەنووسێ: ئێمە لەهەمبەر هەرجۆرە هەڵە وئەگەرێکی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بەدژی بەرنامەی ئەتۆمی و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیران هوشدار دەدەین.

جێگای ئاماژەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام هێرشی سەربازی بۆسەر بنکە و بارەگاکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریا و عێراق وتەنانەت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامیش بەردەوام بێدەنگ بووە و ئەم لێدوانەی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان نیشانەی ترسی سەرەکی کۆماری ئیسلامییە لە ئیسرائیل.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن: ئەگەر وتووێژە ئەتۆمییەکانی ڤییەن بە ئاکام نەگا و ئێران بەردەوام بێ لە پێشێلکارییە ئەتۆمییەکانی ئەوە ئێمە بۆ پاراستنی ووڵاتەکەمان ئیزن نادەین ئەو ڕێژیمە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و هێرشی سەربازی دەکەینە سەرهەموو دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە.