image


پەیامی کورد … ماکرۆن کوشتنی سەرکردەی داعش لە ئەفریقیای ڕاگەیاند

سەرکۆماری فەرەنسا کوشتنی سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بیابانی گەورە لە ئەفریقیا، رادەگەیەنێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢١،، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرکۆماری فەرەنسا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، کوژرانی عەدنان ئەبو وەلید سەحراوی، سەرکردەی داعش لە بیابانی گەورەی راگەیاندووە.

ئیمانوێڵ ماکرۆن رایگەیاندووە: عەدنان ئەبو وەلید لەسەر دەستی هێزەکانی فەرەنسا کوژراوە و ئەمەش ”سەرکەوتنێکی گەورەیە لە شەڕەکەمان لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان“.

سەرکۆماری فەرەنسا جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەشە ئەفریقی، ئەوروپی و ئەمریکییەکانی، بەردەوام دەبێت لە شەڕ دژی گرووپە تیرۆریستییەکان.

بیابانی گەورە کەوتووەتە سێگۆشەی سنووریی نێوان وڵاتانی مالی، نەیجەر و بۆرکینا فاسۆ و هەردوو گرووپی تیرۆریستیی داعش و قاعیدە لەوێ چالاکن و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.