image


پەیامی کورد... ئەڵمانیا جەخت لە بەردەوامی هاوكارییەكانی ‏بۆ هەرێمی کوردستان دەكاتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان و تۆبیاس تونكێل بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاو شاندێكی یاوەری كۆبونەوە.‏

بەپێی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەیەكدا پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، ‏دۆخی ناوچەكە بەگشتی، پەیوەندییەكانی هەولێرـ بەغداو هەروەها پەیوەندییەكانی عیراق و ‏هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ.‏

راشگەیەنراوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیای بۆ ‏هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا كردوەو پوختەیەكی دەربارەی دوا ‏سەردانی بۆ بەغداو دیدارو كۆبونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق خستۆتە‏ڕوو.‏

باسلەوەشكراوە كە تونكێل باسی لە ئامانج و بەرنامەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی ‏كوردستان و ناوچەكە كردوەو ویستی وڵاتەكەی لە بەردەوامی هاوكاری و پشتگیری ‏بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەولێرـ ‏بەغدا نیشانداوە.‏

لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بەگشتی، ئاوارەو پەنابەران و رەخساندنی زەمینە ‏بەمەبەستی گەڕانەوەیان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال ‏تاوتوێكراون و جەختیان لە بەردەوامی یارمەتی مرۆیی ‏ئەڵمانیا بۆ ئاوارە و پەنابەران دووپاتكردۆتەوە.‏