image


پەیامی کورد … لە عێراق هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕێژەی هەڵاوسان 3.3% بەرزبووەتەوە

 

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند لە مانگی ئایاردا تێکڕای هەڵاوسان بەرزبووەتەوە بەراورد بە مانگی نیسان.

 

عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە مانگی ئایاردا دابەزینێکی کەمی بەخۆوە بینیوە و تێکڕا بەڕێژەی 0.3% نرخەکانیان دابەزیوە، هەروەها تێکڕای هەڵاوسان 0.04% بەرزبووەتەوە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە هەڵاوسان لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2020 تا مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێژەی 5.6% بەرزبووەتەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕێژەی هەڵاوسان 3.3% بەرزبووەوە، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا 0.8% بەرزبووەوە، مانگی شوبات 0.7%، مانگی ئازار 0.6% و لەمانگی نیساندا ئاماژەکانی هەڵاوسان 0.1% دابەزیون.

 

بەگوێرەی قسەكانی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، نرخی کاڵا خۆراکییەکان بەڕێژەی 0.3% دابەزیوە، نرخی پێداویستییەکانی ناوماڵ، کاڵاکانی نیشتەجێبوون و کەلوپەلی وەبەرهێنان 0.2% دابەزیوە.