image


پەیامی کورد … خوشکەزای خامنەیی لە تاران دەستبەسەر کرا

ڕۆژی یەکشەممە 16/1/2022 ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند، فەریدە مرادخانی، چالاکی مەدەنی و خوشکەزای عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن هێزە هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستەبەر کراوە.

لەم بارەیەوە، هەواڵدەریی (هرانا) ڕایگەیاندووە، فەریدە مرادخانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەسەر ڕێی گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە.

ئەو هەواڵدەرییە کە سەر بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هرانا)یە ئاماژەی بەوەش داوە کە خوشکەزاکەی خامنەیی لەلایەن هێزە هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیتلاعات)ـەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر ناو ماڵەکەیشی گەڕاون و بەشێک لە کەلوپەلەکانییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هێشتا دیار نییە کە ئەو چالاکە مەدەنییە بە چی تۆمەتبار کراوە، بەڵام ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانەکەی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خێزانەکەی کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە لە گرتنگەی وەزارەتی هەواڵگری (ئیتلاعات) ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە.

لەم دواییانەدا ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە کە تێیدا فەریدە مرادخانی لە ڕێوڕەسمی ئۆنلاینی جەژنی لەدایکبوونی فەرەح پەهلەوی، دواین شاژنی ئێراندا بەشدار بووە و لە پەسنی ئەو شاژنەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کردووە. ئەو ڕێوڕەسمە ڕۆژی 14/10/2021 بەڕێوە چووە و فەرەح پەهلەوی خۆیشی تێیدا بەشدار بووە.