image


پەیامی کورد … كۆمسیۆن وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئاشكراكرد

سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، دوای 17 ڕۆژ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرادەكات.

عیماد جەمیل ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی هەموو تانە پێشكەشكراوەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە یەكلادەكرێنەوە، كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرادەكات.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە تا ئێستا 1300 تانەیان لەسەر ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن پێگەیشتووە و ئەمڕۆ سێشەممە دوا وادەی پێشكەشكردنی تانەیە.

وتیشی، “هەموو تانە پێشكەشكراوەكان نایسلەمێنن لەناو وێستگەكانی دەنگداندا دەستكاری دەنگەكان كرابێت”.

پێشتر كۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو، كاری وردبینیی ئەو وێستگانەی تەواوكردووە كە گومانی ساختەكردنیان لەسەر بوو و ژمارەیان 3681 وێستگەن.