image


پەیامی کورد … یەكەم حاڵەتی ئۆمیكرۆن لە سعودیا تۆماركرا

یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە شانشینی عەرەبی سعودیە تۆمار كرا.

وەزارەتی تەندروستی سعودیە بڵاویكردۆتەوە، یەكەم حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆنیان تۆمار كردوە كە توشبوەكە لە یەكێك لە وڵاتەكانی باكوری ئەفریقاوە روی لە سعودیە كردوە.

راشیگەیاندوە، دوای دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە توشبوەكەیان كەرەنتین كردوەو رێوشوێنی تەندروستی بۆ گیراوەتەبەر، داواشیانكردوە دانیشتوانی سعودیە ڤاكسین وەربگرن و رێوشوێنەكانی خۆپارێزی بگرنەبەر.

لەلایەكی ترەوە لەڕاگەیەنراوێكدا رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە، تائێستا هیچ بەڵگەیەك لە بەردەستدا نییە كاریگەریی ڤاكسینەكان بەرامبەر بە ئۆمیكرۆن لاواز بێت، بۆیە لەگەڵ پسپۆڕان لە هەوڵی ئەوەدان رادەی مەترسی ڤایرۆسەكەو توندی توشبونەكەی دیاریبكەن، بۆیە داوایان لەو كەسانە كردوە كە ڤاكسینیان وەرگرتوە بەردەوامبن لە رێوشوێنی خۆپارێزی لە سەرویانەوە بەكارهێنانی ماسك و  پاراستنی ماوەی دوری نێوانیان لەگەڵ بەرامبەرەكانیاندا.

ئەم لێدوانەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەكاتێكدایە كە وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، سەرجەم ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) هەیە.