image


پەیامی کورد…دووکۆمپانیای فایزەر و مۆدێرنا ڤاکسینی تایبەت بە ئۆمیکرۆن بەرهەم دەهێنن

ماڵپەڕێكی ئەمریكی ئاشكرای كرد هەریەك لە كۆمپانیاكانی فایزەر و مۆدێرنا سەرقاڵی ئامادەكردنی پێكوتەیەكی تایبەتن بەجۆرە گۆراوەكەی كۆرۆنا

ماڵپەڕی "سی ئێن بی سی"ی ئەمریكی لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەلبێرت بۆرۆلا بەرێوەبەری تاقیگەكانی كۆمپانیای فایزەر ڕای گەیاندووە كە دەست كراوە بە بەرهەمهێنانی پێكوتەی تایبەت بۆ جۆرە گۆراوەكەی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) و لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پێكوتەكە بەردەست دەبێت.

بۆرۆلا دەشڵێ تاوەكو ئێستا وردەكاری لەسەر لێدانی پێكوتەی (ئۆمیكرۆن)، دیاری نەكراوە، بەڵام لە تاقیگەكانی فایزەر ئامادەكاری تەواویان كردووە، لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە بەرهەمهێنانی دەكرێت.

هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە كە ستیفان بانسیل بەرێوەبەری كۆمپانیای مۆدێرنا ڕای گەیاندووە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ پێكوتەی ئۆمیكرۆن بەردەست دەبێ و لە ماوەیەكی نزیكیشدا چەند تاقیكردنەوەك لەسەر ئەوە پێكوتەیە تازەیە دەكرێت.