image

پەیامی کورد     ...  داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانى کۆمەڵکوژى ساڵانى ٨٠ى کوردستان و ئێران بکرێت

 چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران و دونیا، دواى بەدواداچوون دەربارەى کۆمەڵکوژی ساڵى شەستەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران لە لایەن کۆمارى ئیسلامییەوە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە ئەنجامدەران و تاوانبارانى ئەو تاوانە ئینسانییە کە تیایدا هەزاران زیندانى سیاسى بێ دادگایی و یا لە ڕێگەى دادگاییەکى لەپێشبڕیاردراو کۆمەڵکوژ کران، بدرێنە دادگا و دادگایی بکرێن!

ڕێکخراوى لێبووردنی نێودەوڵەتى ڕێکەوتى ١٩/٦/٢٠٢١ى زایینى لە بەیاننامەیەکدا ئیبراهیم ڕەئیسى سەرۆککۆمارە نوێیەکەى کۆمارى ئیسلامى تۆمەتبار کردووە بەوەى دەستى هەبووە لە کۆمەڵکوژیەکەى ساڵى ١٩٨٨ى هەتاوى و لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەبێ ڕەئیسى لەبەر تاوانەکانى ڕابردوو و ئێستاى، لێکۆڵینەوەی یاسایی لێ بکرێت، هەر بۆیە داوا لە ئەنجوومەنى مافی مرۆڤى نەتەوە یەگرتووەکان دەکەین لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە سەر کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨ لە ئێران بکات و هەروەها داوا لە میشێل باشلە کۆمیساریای پلە بەرزی ئەو ڕێکخراوەیە دەکەین کە بە پێکهێنانی کۆمیسیونێکی لێکۆڵینەوەی خێرا لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ونبوونەکانی ساڵی ٦٧ کە دژی جینایاتی مافی مرۆیین پێش بە کۆمەڵکوژییەکانی دیکە بگرێت".

ئێستا زیاترى چاوەکان لەسەر ئیبراهیم ڕەئیسى سەرکۆمارى نوێ و موحسین ئێژەیی سەرۆکی نوێی دەسەڵاتی دادوەری کۆمارى ئیسلامییە کە کاتى خۆى بڕیاردەر و چاودێرى کۆمەڵکوژییەکە بوون کە تیایدا ٣٠ هەزار زیندانى کۆمەڵکوژ کران.

لووتکەى تووندوتیژی و ئیعدامەکان بۆ هاوینى ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە کە بە حوکمى ئایەتۆڵڵا خومەینى و بە بیانووى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى "فروغ جاویدان" بوو، بەڵام لەسێدارەدانەکان تەنیا ئەندامەکانى موجاهیدینى خەڵقی نەگرتەوە، بەڵکوو ژمارەیەکى زۆرى ئەندامانى حیزبە کوردییەکان و چەپەکان و دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامیشى گرتەوە. هەرچەندە لە سێدارەدانەکانى کوردستان چەندین ساڵ پێش و لە ساڵى ١٩٧٧ـەوە دەستیان پێ کردبوو، چەندین ساڵ دواتریش هەر بەردەوام بوون.

 بەدەر لە لەسێدارەدانی دژبەرەکانى، زۆربەیان لە قەبرستانگەلێک بە ناوى "لەعنەت ئاباد" و لە زۆربەى شارەکانى کوردستان وەک بیجاڕ و قروە و کرماشان بەخاک دەسپێردران، هاوشێوەى خاوەرانى تاران.