image


پەیامی کورد … عێراق لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سكاڵا لەدژی ئێران تۆماردەكات

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق دەڵێت، لە دادگای دادی نێودەوڵەتی سكاڵامان لەدژی ئێران تۆماركردووە بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە عێراق.

ئێران ئاوی ڕووباری سیروانی گرتووەتەوە و ئەوەش چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان و عێراق و بەتایبەت خانەقین و ناوچەكانی تری سەر بە پارێزگای دیالەی دووچاری گرفتی كەمئاوی كردووە، حكومەتی عێراق، ئێران تۆمەتباردەكات بەوەی لە دۆسیەی ئاودا هەموو عورف و ڕێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی پێشێلكردووە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە مەهدی ڕەشید وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، “دۆسیەی ئاو لەگەڵ ئێران جیاوازە لە وڵاتانی تر، چونكە ئێران هاوبەشیی عێراقی نەكردووە لەو زیانانەی بەهۆی كەمئاوییەوە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە”.

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق وتی، هەموو ڕووبارەكانی پارێزگای دیالە لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرن، حكومەتی ئێرانیش ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی گۆڕیوە بۆ ناوخۆی وڵاتەكەی خۆی لەوانە زێی بچووك و ڕووبارەكانی سیروان و كارون و كەرخە.

مەهدی ڕەشید وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق لە كۆنگرەكەدا وتی، بەهۆی گرتنەوەی ئاوەوە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی مافی مرۆڤ سكاڵامان لەدژی ئێران تۆماركردووە.