image


پەیامی کورد... ڕۆمانی "بەردینە" لە نووسینی "سەید قادر هیدایەتی" چاپ و بڵاو کرایەوە

ڕۆمانی "بەردینە" لە نووسینی "سەید قادر هیدایەتی" لە ٢٤٠ لاپەڕەدا لەلایەن چاپەمەنیی "خانی" چاپ و بڵاو کرایەوە.

نووسەر لە ڕۆماندا بە شێوازێکی جیاواز کاری لەسەر زمان، شێوازی گێڕانەوە، قسەکردن، گەڵاڵە و داڕشتنی چیرۆک کردووە و گرنگیی بە باری مێژوو داوە.

ڕۆمان لە لای نووسەر تەنیا بەسەرهات و گێڕانەوە نییە بەڵکوو ڕۆمان لە لای نووسەر لە ئەنجامی کارکردن لەسەر زمان، تەکنیک، گێڕانەوە، گەڵاڵە، قسەکردن و... لە زەمینەی کۆمەڵگەدا بەدی دێت.

چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە لە سەردەمی شا عەباسی سەفەویدا ڕوو دەدا، ڕووداوی مێژوویی و کارەساتی "دمدم" یەک لە تەوەر و تێمە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەیە.

"سەید قادر هیدایەتی" بۆ هەر یەک لە ڕۆمانەکانی زمانی تایبەت بە خۆیانی بەکار هێناوە و بۆ ڕۆمانی "بەردینە"ش لە زمانێکی کەونارای بەیتبێژانە، دیوانی و دیوانخانی یان میرزایانە کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو زمانە کەونارایە لە بەردینەدا کۆڵەکەی سەرەکییە. لە زۆر شوێندا وەک زمانی حەیران و بەندە کوردییەکان لیریک و دڵدارانە و لە کاتی پێویستدا حەماسی و پڕ شکۆیە.

ڕۆمانی "بەردینە" لە ئەنجامی بەریەککەوتن و پێک گەیشتنی مێژوو و ئەفسانە و بەیتی کوردیدا، چوارچێوە و گێڕانەوە و زمانێکی تایبەتی بە خۆیەوە گرتووە.

وشەی "بەردینە" واتا "سێبەری بەرد"، ئیستعارەیە بۆ خولیای "میرخانی برادۆست و هاوڕێیانی لە قەڵای "دمدم".