پشتیوانیی ٨٠ بنەماڵەی مافخوازی کورد لە تووماج ساڵحی

پشتیوانیی ٨٠ بنەماڵەی مافخوازی کورد لە تووماج ساڵحی

لە درێژەی پشتیوانی لە تووماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازی کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لانیکەم ٨٠ بنەماڵەی مافخوازی کورد بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای ئازادکردنی ئەو بەندکراوەیان کرد.

لەو ڕاگەیەندراوەی ڕۆژی سێشەممە ١١بانەمەڕدا هاتووە، ئێمە ژمارەیەک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان ڕایدەگەینین کە دەرکردنی سزای سێدارە بۆ هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی، تووماج ساڵحی مەحکووم، نادادپەروەرانە، و دژی سەرەتاییترین بنەماکانی مافی مرۆڤە و داوای ئازادیی خێرا و بێ مەرجی تووماج دەکەین.

هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، لە تەواوی ساڵانی ڕابردوودا، بە دەگمەن هونەرمەندێک بووە کە بتوانێت وەکوو تووماج ساڵحی نە تەنیا دەنگی جیلی خۆی بێت، بەڵکوو ستەم و چەوساندنەوەش بە باشی بناسێت.

لە دریژەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ ئازادکردنی تووماج هەوڵدان بۆ ئازادکردنی تاکێک نییە، بەڵکوو هەوڵدان بۆ دڵخۆشکردنی کۆمەڵگایەکە.

هەروەها باسیان لەوە کرد، وەک بنەماڵە مافخوازەکانی کوردستان کەم هونەرمەندێک دەناسین کە بە دەنگێکی بەرزی وەک تووماج ستەمی دەیان ساڵە و ستەمکاریی سیستماتیکی کوردستانی کردبێتە هاوار.

لە کۆتاییدا جەختیان لەوە کردەوە، ئێمە بنەماڵە مافخوازەکانی کوردستان بە ئێش و زامێکی هەتاهەتایی لەسەر دڵمان، لە تەواوی بنەماڵە مافخوازەکانی هاودەردی خۆمان و خەڵکی ئێران داوا دەکەین کە دەنگیان، بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت، دژ بە سزای لەسێدارەدرانی تووماج ساڵحی بەرز بکەنەوە.

لەو پێوەندییەدا، پێشتریش بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی و سەندیکایی دیکە سزای لەسێدارەدانی ئەم هونەرمەندەیان مەحکووم کردووە، لەوانە سەدان هونەرمەندی مۆسیقا یەکشەممەی ڕابردوو لە نامەیەکی سەئاوەڵادا داوای ئازادکردنی تووماج و هونەرمەندانی بەندکراوی دیکەیان کرد.