زانکۆی سلێمانی هۆکاری مردنی بە کۆمەڵی نەورەسەکانی دوکان ئاشکرادەکات

زانکۆی سلێمانی هۆکاری مردنی بە کۆمەڵی نەورەسەکانی دوکان ئاشکرادەکات

دوای مرداربوونەوەی بە کۆمەڵی نەورەسەکان لە دەریاچەی دوکان بەشی ڤێتێرنەری و بەشی زانست لە زانکۆی سلێمانی بڕیاریاندا لیژنەیەک پێکبهێنن و سەردانی نیشتمانی نەورەسەکان بکەن بە مەبەستی لێکۆڵینەوە زیاتر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، بەشی ڤێتێرنەری و بەشی زانست لە زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکیان پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مرداربوونەوەی بە کۆمەڵی نەورەسەکان لە دەریاچەی دوکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا د.نادیە عەبدولکەریم، سەرۆکی لیژنەکە و راگری کۆلیژی پزیشکی ڤێتێرنەری  رایگەیاند، "لیژنەکەیان سەردانی ناوچەکە دەکات و نمونەی ئەو نەورەسانەی مرداربوونەتەوە دەهێنرێنەوە بە مەبەستی ئەوەی لە پشکنینیان بۆ بکرێت و لە رووی زانستییەوە هۆکارەکەی ئاشکرابکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای ئەنجامدانی پشکنینەکە بە فەرمی ئەنجامەکەی رادەگەنین"، باسیشی لەوەکرد، "ئەگەر هەیە هۆکاری مردنی نەورەسەکان یان ڤایرۆس یان گۆڕانکاری کەشوهەوا بێت، بۆیە دەمانەوێت بە وردی لێکۆڵینەوە بکەین، چونکە دەمانەوێت رێگری لە تەشەنەکردنی بکەین".

رۆژی هەینی، 10ی ئایاری 2024، دوای بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان کە تووشی مرداربوونەوەی بە کۆمەڵ ببوون کاردانەوەی لێکەوتەوە و تەندروستیی راپەڕین تیمی ناردە نیشتمانیی نەورەسەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین، هەروەها داواشییان لە هاوڵاتییانکرد سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن، تاوەکو پشکنینەکان کۆتایی دێت.