ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ: لە ٤ مانگدا ١٧٨ چەکداری سەر بە ئێران کوژراون

ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ: لە ٤ مانگدا ١٧٨ چەکداری سەر بە ئێران کوژراون

ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ بڵاوی ‌کردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل و داعش دژ به حکوومەتی سووریا و میلیشیای سەر بە ئێران لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ـه‌وە هەتا ئێستا ١٧٨ کەس لەو چەکدارانەی ئێران پشتگیرییان دەکات، لە‌م وڵاتە کوژراون.

بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم چەکدارانە لە هێرشی جوداجودادا لە دێرە‌زۆر، ئەلبووکەمال، مەیادین و بیابانەکانی سووریا هەتا سنووری لوبنان سەرجەم چەکدارەکان کوژراون.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە، دەنگۆی کشاندنەوەی چەکدارانی ئێران لە سووریا دەبیسترێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، چەکدارانی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی ڕاوێژکارانی سەربازی لە سەر داوای فەرمیی حکوومەتی سووریا و هەروه‌ها بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعان لە سووریان.

ئێران دەڵێت هێزی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا لە ژێرناوی هێزی هاوپەیمانیی دژ بە داعش لە سووریا نایاسایین و بێ ئێزنی حکوومەتی سووریا لەم وڵاتەن.