ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای هاوکاریی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانی وڵاتەکەی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسای هاوکاریی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانی وڵاتەکەی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە دەنگی 79 بەڵێ لەبەرامبەر 18 دەنگی ناڕازی پرۆژەیاسای ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتانی ئۆکرانیا، تایوان و ئیسرائیل پەسەند کرد کە بڕەکەی دەگاتە 95 ملیار دۆلار.

درەنگانی شەوی رابردوو، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسایی ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی پەسەندکرد، بەجۆرێک بە بڕی 61 ملیاردۆلار بۆ ئۆکرانیا و 26 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی تەلئەڤیڤ و 8 ملیار دۆلاریش هاوکاری سەربازی بۆ تایوان دەنێردرێت.

لەدوای پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە کاردانەوەی دەرەکی لێکەوتەوە و نوسینگەی کاروباری تایوانی چین رایگەیاند، پەکین بە توندی دژی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکایە بۆ حکومەتی تایوان.

هاوکات گوتەبێژی نوسینگەکە رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی چین داوایان لە ئەمریکا کردووە کە پابەندی بەڵێنی خۆی بێت بۆ پشتیوانی نەکردنی سەربەخۆی تایوان و پڕچەکنەکردنی.

لای خۆشیەوە، ئسرایل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی بریارەکەوە رایگەیاند، پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتەکەی پەیامکی بەهێزە بۆ دوژمنەکانی وڵاتەکەی.

لەدوای ئەوەی هەریەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی  ئەمریکا پرۆژە یاساکەی پەسەند کرد، بڕیارە پرۆژە یاساکە لەماوەیەکی کەمدا بنێردرێت بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو واژۆی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاساکە بکات و دەستبکرێت بە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان