image

نامەیەکی زۆر کاریگەر لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆە

دوێنی بە فەرمی یانەی ڕیاڵ مەدرید بڵاوی کردەوە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەکەیان لەسەر داوای خۆی یانەکەی بەجێ هێشتووەو پەیوەندی بە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالییەوە کردووە.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەویش لە نامەیەکیدا سوپاسی سەرجەم یاریزانان و سەرۆک و ئەندامانی یانەی شاهانە و هەوادارانی یانەی شاهانەی کردووە و ئەمەش چەند بەشێکە لە نامەکەی.

ئەو ساڵانەی لە ڕیاڵ مەدرید و شاری مەدرید بەسەرمبرد خۆشترین ساڵەکانی تەمەنم بوون.

هیچ شتێکم نییە کە تەنیا ئەوە نەبێت زۆر سوپاسی ئەم یانە گەورەیە و هەوادارانی و ئەم شارە بکەم کە بڵێم سوپاستان دەکەم و خۆشەویستیم بۆتان هەیە و بە گەورەی لە دڵمدا دەمێننەوە.

سەرەڕای هەموو شتێک، کاتی ئەوەیە کە دەبێت تاقیکردنەوەیەکی تر بکەین لە ژیانماندا و لەسەر ئەم بنەمایەش بوو کە داوام لە یانەکە کرد کە ڕازی بن بە ڕۆیشتنم، داوا لە هەمووان دەکەم بەتایبەتی هەوادارانی یانەکە لێم تێبگەن.

خۆشترین 9 ساڵی تەمەنم لەگەڵ ئەم یانەدا بەسەر برد لە بردنەوەی نازناوەکان و بەتایبەتی 3 ساڵ لەسەر یەک و 4 جار لە ماوەی 5ساڵدا  پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بووین لەگەڵ هاوڕێکانم، هەروەها 4 جار خەڵاتی باشترین یاریزان و 3 جاریش پێڵاوی زێڕین، هەموو ئەم نازناوانە لەگەڵ یانەی گەورەکە بووە.

ڕیاڵ مەدرید دڵمی من و خێزانەکەمی داگیر کردووە، بۆیە لە هەمووکات زیاتر پێویستە بڵێم (سوپاس) سوپاسی ڕیاڵ مەدرید و سوپاسی سەرۆکی یانەو ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەو هەموو هاوڕێکانم و سەرجەم ڕاهێنەرەکان و پزیشکەکان و چارەسەرانی فیزیایی و کارمەندە دڵسۆزەکان کە گرنگی بە هەموو شتێک دەدەن بەبێ ماندووبوون.

سوپاسێکی بێ پایانم دووبارە بۆ هەواداران و سوپاسی تۆپی پێی ئیسپانیا دەکەم، لەم ماوەیەدا لەگەڵ زۆر یاریزانی بەتوانا یاریمان کردووە و سوپاسی سەرجەمیان دەکەم.

زۆر بیرم لێکردەوە و دەزانم کاتی ئەو بڕیارەیە کە سەرەتایەکی تازە دەست پێ بکەم، دەڕۆم، بەڵام هەستەکانم هەر بەرامبەر ئەو فانیلەو لۆگۆی ڕیاڵ مەدرید و سانتیاگۆ بیرنابیۆ هەر دەمێنێت.

سوپاس بۆ هەمووتان، بەدڵنیاییەوە یەکەم جار کە پێم خستە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابێۆ ووتم ” هەلە مەدرید“