image
اسماعیل بشیکچی نوسەر
image

گەلێک کە دوژمنەکانی بەخۆی خۆش دەکات...
باشتر وایە ئەم سەردێڕە بەمجۆرە بێت: گەلێک کە دوژمنانی بەخۆی خۆش دەکات، خودی خۆی مەغدوور دەکات، تاڵییەکی بێ سنوور بە خەڵکی خۆی دەچێژێت. خەڵکێک کە دۆستی زۆر کەمی هەیە و لە خەمی خۆیدا خنکاوە...
ئەمە، دەربڕینێکە کە پێناسەی گەلی کورد دەکات... گومان لەوەدا نییە کە ئەمە تەواوی گەلی کورد ناگرێتەوە... بەڵام ئەنجامدانی هەماهەنگیی بەشێک لە بنەماڵەی تاڵەبانی لەگەڵ دوژمن، ئەنجامێکی نەرێنیی وەهای دا بەدەستەوە کە تەواوی گەلی کورد و کوردستان زەرەرمەند دەکات.
لە مێژوودا وەسف و دەربڕینەکانی 'گەلێکی جوامێر' و 'گەلێکی قارەمان' و 'گەلێک،چاو لە دڕکیش داناگرێت و سڵ ناکاتەوە' بۆ گەلی کورد بەکاردەهێندرێن. بزاوتنەکانی کورد وادەکەن کە ئەم دەستەواژە پێناسەییانە بێنە سەر زمان. ئەگەر کورد، لەپێناوی گەلەکەیدا، شەڕی کەسانێک بکات کە دەیانەوێ لە خزمەتی خۆیاندا بەکاریبهێنن، هەروەها دژی کەسانێک چەک هەڵبگرێت کە چەوساندوویانەتەوە، ئەم وەسفکردنە لەجێیە. بەڵام ئەگەر جەنگانی لەپێناوی خود کردبێتە شەقڵی زیهنی، ئەوکاتە چوونە ناو هەماهەنگی لەگەڵ دوژمن، راکردن لە سەنگەر، دڵخۆشکردنی دوژمن، دەربڕینێکی روونتر دەبێت.

رێکەوتننامەی نهێنی لەگەڵ حەشدی شەعبی
کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و برازاکانی و چەند کەسێکی دیکە لە بنەماڵەی تاڵەبانی، چەند رۆژێک بەر لە 16ی تشرینی یەکەم، لەگەڵ قاسم سلێمانی، بەڕێوەبەری حەشدی شەعبی، رێکەوتننامەیەکی نهێنییان ئەنجامداوە.
لەو کاتەی کە حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر کەرکووک، ئەو فەرماندەییەی کە لەژێر رێکخستنی بافڵ تاڵەبانی و برازاکانی تاڵەبانی بوون بە پەلە لە سەنگەرەکان پاشەکشێ دەکەن و کەرکووک رادەستی دوژمنان دەکرێت.
ئەوەی لە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمدا روویدا، ئەمە بوو. کەرکووکی شاری کوردان، رادەستی دوژمن کراوە. کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و ئەنفال و ئەمنەکەی شاری سلێمانی... هەموویان لەبیرکراون. هێشتا پارێزگاری لە یەکێتیی عێراق دەکرێت. لە 17ی تشرینی یەکەمی 2017 کە دووەم رۆژی رادەستکردنی کەرکووک بوو بە حەشدی شەعبیی دوژمن، حەشدی شەعبی سوپاسی کێی دەکرد؟
بەم نزیکانە دەزانرێت کە حەشدی شەعبی، رێکخراوێکی دژە کوردە. لەڕاستیدا هاتنی بەردەوامی بەڕێوەبەری حەشدی شەعبی، قاسم سلێمانی، بۆ شاری سلێمانی و پێشوازیکرانی لەلایەن خانەوادەی تاڵەبانییەوە، جێگەی گومان بوو. بە هەمان شێوە بردنی جەلال تاڵەبانی بۆ تاران.
بافڵ تاڵەبانی، دوای ئەوەی کەرکووکی رادەستی دوژمن کرد، لە گوتارێکیدا دەڵێ 'نەدەبوومە پاسەوانی نەوتی دزراو'. دەستەواژەی 'نەوتی دزراو' دەستەواژەیەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەکاردەهێندرێت. حکومەتی عێراق بەمجۆرە فرسەت دەهێنێ تا خۆی بکاتە خاوەنی دەوڵەمەندیی سامانە سروشتییەکانی کورد. تۆ وڵاتەکەت دزرا، ناسنامەت دزرا، راستترە بڵێین بە زەبری چەک دەستی بەسەردا گیرا. لەکاتێکدا وڵات و ناسنامەت دەستی بەسەرداگیراوە، نەوت، چ ناوێکی بۆ دەمێنێتەوە؟
ئەوەندە دوژمنایەتیی گەلی خۆت و عاشق بوون بە دوژمنەکەت، تەنیا بە پەروەردە دەبێت. پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر قۆناغی پەروەردەیی ئەم تاڵەبانییانە بکرێت. بافڵ تاڵەبانی پەروەردەیەکی چۆن چۆنیی وەرگرتووە؟ تەها یاسین رەمەزانیش کە بە دەستەڕاستی سەددام ناسراو بوو، کورد بوو. بەڵام ئۆرگانیزەیشنی بۆ کارەکانی کۆمەڵکوژیی کورد و ئەنفال دەکرد. هەر بۆیە پەیوەندیی لەگەڵ عەلی مەجید هەبوو. هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو و بافڵ تاڵەبانی هەیە؟ ئەمڕۆ کوردان، لە شارە کوردییەکانی وەکو دوزخورماتو، واتا لە ناوچە داماڵدراوەکانی کوردستاندا، رووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکانی حەشدی شەعبی بوونەتەوە. کوردان لەنێو کۆمەڵکوژییەکی چڕ و بەربڵاوی مەزهەبیدان. هۆکاری ئەمە رادەستکرانەوەی کەرکووکە بە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، لە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمدا.
لەو رۆژەی کە کەرکووک رادەستی دوژمن کرا، یەکێک لە فەرماندەکان، شێخ جەعفەر مستەفا دەیگوت:"ئەگەر شەڕمان بکردایە گیانی هەزاران پێشمەرگە دەکەوتە کێشەوە''. ئەگەر دژ بە عێراق و عەرەب چەکیان هەڵبگرتایە، لەدەستدانی هەزاران پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک نەدەبووە کێشە. شێخ جەعفەر مستەفا هەروەها نەیشاردەوە و گوتی:"من فەرمانی پاشەکشێم کرد، مەسعود بارزانی ئاگاداری ئەمە نەبوو''.
دیمەنەکانی تەلەڤزیۆن لە 15ی تشرینی یەکەمدا ئەمە بوو؛ سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرانبەر شاشە دانیشتبوو. لەلایەک هێرۆ تاڵەبانی، لە لاکەیتر سەرۆککۆمار فوئاد مەعسوم و کۆسرەت رەسول دانیشتبوون. لەوێدا روونکردنەوەی ''گەڕانەوە لە ریفراندۆم نییە'' درا.
چەند رۆژێک زووتر لە تەلەڤزیۆنەکان هەمان دیمەن هەبوو... سەرۆک، مەسعود بارزانی، پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریم و کۆسرەت رەسول بە هەمان شێوە روونکردنەوەی لەوجۆرەیان دەدا.
جەختیان لەسەر بەرگریکردن لە هەر بستێکی خاکی کەرکووک دەکردەوە، لە بەرانبەر هەر هێرشێکی دوژمندا. هەروەها فەرماندەکانی سەنگەر، کەمال کەرکووکی و محەمەدی حاجی مەحمود و ئەوانی دیکە، لێدوانی هاوشێوەیان دەدا. دەیانگوت پارێزگاری لە بست بە بستی خاکی کەرکووک دەکەن. هیچ کەسێک هەواڵی لە رێکەوتنە نهێنییەکە نەبوو...
پێویستە بە چ شێوەیەک هەڵسەنگاندن بۆ بۆچوونی هێرۆ تاڵەبانی بکرێت کە لەوکاتەی سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند 'پاشەکشێ لە ریفراندۆم نییە' لە پاڵیدا دانیشتبوو؟ ئایا هەم رێکەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەری حەشدی شەعبی، قاسم سلێمانی، هەمیش دانیشتن لە تەنیشت سەرۆک مەسعود بارزانی، سیناریۆی پۆلیسی باش و پۆلیسی خراپە؟
لێرەدا دەکرێ بیر لەوە بکرێتەوە کە پلانی خستنی کەرکووک، سیناریۆیەکی دیکەیشی لەخۆگرتووە.
حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان، دەکرێت لەگەڵ کەوتنی کەرکووک بیریان لە براکوژیش کردبێتەوە. بێگومان باش بوو کە ئەمە رووینەدا. ئەگەر لە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمدا پێشمەرگەکانی سەربەخۆییخواز و کوردانی سەربەخۆییخواز، خەباتیان لەپێناوی نەکەوتنی کەرکووک بکردایە، کێ دەتوانێ بڵێ کە ئەو کوردانەی هەماهەنگییان لەگەڵ دوژمن کرد، لەگەڵ حەشدی شەعبی یەکیان نەدەگرت و لەگەڵ پێشمەرگە و کوردانی سەربەخۆییخواز نەدەجەنگان؟

بێگومان کۆنەکردنەوەی هێزە حزبییەکان لە سوپایەکی ناوەندیدا، بابەتێکە کە پێویستە ببێتە جێی رەخنە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەوە دیارە کە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە لە دابەشکاری بۆ فەرماندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو ئاستە ئەنجامنەدراوە. پێویستە لەم بابەتەدا رەخنە لە وەزارەتی پێشمەرگە بگیرێت.
بێ هیچ گومانێک پێویستە ئەنجامدانی هەماهەنگی لەگەڵ دوژمن، لە شەڕدا، سزای خۆی هەبێت. ئەمە جێێ نیگەرانییە کە سزایەکی لەمشێوەیە ناخرێتە رۆژەڤەوە.

بادانی شمشێری دوژمنان
بە سەیرکردنی پێشهاتەکانی چەند ساڵی دوایی، بیرمان لەوە دەکردەوە کە کورد ئیدی شەڕ بۆخۆی دەکات و ئەمە بە شکانی شەرەف دەزانێت کە شمشێری دوژمنانی بابدات. بەڵام 16ی تشرینی یەکەم دەریخست کە ئەمە وەها نییە. هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی، پەڵەیەکی رەشیان خستە سەر مێژووی کوردستان. هاوکات پەڵەیەکی نەسڕاوەیان خستە سەر بنەماڵەکە.
رۆڵەی گەنجی کورد کە لەوە گەیشتوون و دەزانن ئازادی سەربەخۆیی گرنگترین بەهاکانن، رۆڵەی گەنجی کورد کە لەوە گەیشتوون دڵخۆشکردنی دوژمن و نغرۆکردنی گەلی خۆت لە خەم و تاڵیدا، ژیان دەستەبەر ناکات. نەوەی گەنجی نوێی کورد، پەی بەوە دەبات کە بادانی شمشێری دوژمن چەندە شەڕەفشکێنە. دەکرێ یەکەم پەڵە بسڕێتەوە و کورد و کوردستان بخرێنە نێو خێزانی نێودەوڵەتی و جیهانی. ببن بە ئەندامێکی هاوتا لە خێزانە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئەو پەڵەیەی چەند تاکێکی خانەوادەکەی تاڵەبانی خستیانە سەر مێژووی ئەو بنەماڵەیە، ناسڕێتەوە.

لە 1975 هەتاکو 2017
ئەمڕۆ کوردستان بریندارە و برینێکی سەختی هەیە. دۆخەکە زۆر لە هەرەسەکەی ساڵی 1975 سەختترە. لە 1975'دا بە جێبەجێکرانی سیستمی ئەنتی-کورد هەرەسهێنانێک هاتە ئاراوە.
بە ئاراستەکاریی تورکیا شای ئێران، محەمەد رەزا پەهلەوی (1919-1980) و سەرۆکی عێراق سەددام حسێن (1937-2006) هێنرابوونە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت، بریتانیا، فەرەنسا، جەزائیر هانی ئەم کۆبوونەوەیان دا. سەرۆکی گشتیی ئەوکاتەی جەهەپە، بولەنت ئەجەوید (1925-2006) رۆڵێکی زۆر گەورەی لەو کۆبوونەوەیەدا هەبوو.
عێراق، رێگە ئاوییەکانی شەتتی عەرەبی رادەستی ئێران کردبووەوە.
ئەو یارمەتییانەی گرتبووەوە کە لە ئێران بە کورد دەدرا. ئەمە بۆ کوردەکان رووخان بوو. لەکاتێکدا تاکە هاوکاری بۆ کوردان لەو دەرگایەوە دەهات.
ئەمڕۆیش لە ئاکامی هەماهەنگی کردنی چەند ئەندامێکی خانەوادەی تاڵەبانی لەگەڵ دوژمن، رووخانێکی دیکە روویدا. بێگومان ئەمە دۆخێکی زۆر سەخت دەهێنێتە ئاراوە.
لێرەدا کاتی ئەوەیە کە روونکردنەوەیەک بۆ دەرهاوێشتەکانی جەزائیر بکرێت. جەزائیر، لەماوەی 1954-1961 خەباتی رزگاریی نەتەوەیی بەرانبەر فەرەنسا کرد.
کۆبوونەوەی سەرۆکی عێراق، سەددام حسێن لەگەڵ شای ئێران، محەمەد رەزا پەهلەوی لە جەزائیر، وەک ئەوە بوو کە گۆرەوییەکی دیکەی نەفرین، بخرێتە سەری کورد و کوردستان.
کاتێک کە جەزائیر ئەو دوو سەرکردە فشارهێنەرەی سەر کوردی بە پێشنیازێک کۆکردەوە لە سەر مێزی گفتوگۆ، پێویست نەبوو بڵێت:''ئێمە لەڕێی خەباتی رزگاریی نەتەوەییەوە سەربەخۆییمان بەدەستهێنا. کوردانیش مافێکی لەم جۆرەیان لە خەباتدا هەیە، کوردانیش مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە؟''.
بەڵام وەها نەبوو. جەزائیر نەیگوت:"ئێمە خانەخوێیی بۆ کارێکی چەپەڵی وەها ناکەین. بەڵکو جەزائیریش لەگەڵ دەوڵەتە ئیمپریاڵ و داگیرکەرەکاندا جووڵەی کرد. سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی جەزائیر، حواری بومەدیەن (1932-1975)، یەکێک بوو لە خەباتکارانی رزگاری.
رووداوێکی هاوشێوەیش لە ساڵی 1999 لە کینیا روویدا. کینیایش کە لە ساڵانی (1891-1978) دژ بە بریتانیای گەورە خەباتی رزگاریی نەتەوەیی کرد و بەوجۆرە سەربەخۆیی بەدەستهێنا. کەچی رۆڵەکانی ژومۆ کینیاتتا (1891-1978) رێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانیان رادەستی تورکیا کرد و خانەخوێییان بۆ ئەم کارە کرد. نەیانگوت '' ئێمە خانەخوێیی بۆ کارێکی چەپەڵی وەها ناکەین''.
هەر کە کورد/کوردستان هاتە رۆژەڤەوە، دەوڵەتانێکی وەکو کینیا و جەزائیر، کە خەباتی رزگارییان دژ بە هێزە ئیمپریاڵی و داگیرکەرەکان کردووە، هەمان هەڵوێستی ئەو هێزە ئیمپریاڵی و داگیرکەرانەیان دەبێت. ئەوە گرنگە کە کوردان ئەم شتانە بەیەکەوە گرێ بدەن.
لە دوای رادەستکردنی کەرکووک بە دوژمن، هەروەها دوای هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان، پێویستە سەیری هەڵوێست و وێنەدانەوەی رووداوەکان لە لای کوردانی ئەوروپا بکرێت.

ئەوانەی دەڵێن، ئەی نەمانگوت...
هەندێک لەو کوردانەی کە لە وڵاتی خۆیاندا وەدەرنراون و ناچار کراون لە دەرەوەی وڵات بژین و نەفی کراون، بێ ئەوەی باس لە هەماهەنگیی چەند ئەندامێکی بنەماڵە لەگەڵ دوژمن بکەن، هاتوون لە نووسینەکانیاندا تەنیا سەرۆک مەسعود بارزانییان بە تاوانبار وەسفکردووە و رەخنەیان لێی گرتووە. نووسیویانە کە ئەو عەشیرەتە، ئاغایە، دەرەبەگە، داگیرکەرە، خۆبینە و چەندین شتی دیکە. دواتر هاتوونەتە سەر باسی ئەوەی کە دەڵێن؛ ئەی نەمانگوت، یان چەندین جار هۆشداریمان پێدایت و ئەم جۆرە قسانە. ئەمانە بیر و هزری ئەنتی-کوردیشیان خستووەتەڕوو. جا هەندێک لەمانە بە هەلهەلە و خۆشییەوە پێشوازییان لە رادەستکرانەوەی کەرکووک بە حەشدی شەعبی، هێزی دوژمن کرد.

هەروەها سەرۆک بارزانی بە رێگەگرتن لە کۆنگرەی نەتەوەییش تاوانبار دەکرێت و رەخنەی لێ دەگیرێت. لەم بابەتەدا روونکردنەوەیەکی کورت جێگەی خۆیەتی. پەکەکە/کەجەکە کە سەرۆک بارزانی بە رێگەگرتن لە کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی تاوانبار دەکەن، زانراوە بۆچوونیان ئەوەبووە کە دەڵێن ''دەوڵەت خراپە، دەوڵەت هۆکاری فشارە. لەگەڵ دیموکراسی لە تورکیا، دیموکراسی لە عێراق، یەکێتیی عێراق، دیموکراسیی سووریا و دیموکراسیی ئێرانداین. تەواوی خۆرهەڵاتی ناوین بە دیموکراسی دەکەین، کێشەی کوردیش بەمجۆرە چارەسەر دەکەین''. بێ مانایە ئەوانەی داوای دەوڵەتی سەربەخۆی کورد دەکەن، لەگەڵ ئەوانەی کە رەتی دەکەنەوە لە هەما کۆنگرەدا بن. ئەمە پێسنیازێکی باش مەرام نییە. بەڵکو پێشنیازێکە بە دەنگی زۆرینە، سەربەخۆییخوازان دەکاتە دیل و لە پەل و پۆیان دەخات.
لەم بابەتانەدا سەرنجدان بەم پێکبەست و پەیوەندییانە گرنگیی خۆی هەیە. لە بنەڕەتدا ئەوانەی دژی سەربەخۆیی کوردن، دەوڵەتەکانی وەکو تورکیا و سووریا و عێراق و ئێرانن. ئەو دەوڵەتانەن کە دەیانەوێ کورد و کوردستان بەشێوەیەکی هاوبەشانە بەڕێوەببەن. لە سۆنگەی ئەمەوە ئەوانەی دەڵێن؛ دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردین' جگە لە گوتەبێژی کردن بۆ ئەم دەوڵەتانە شتێکی دیکە نین.
گوتەی 'دەوڵەت خراپە' بە هەمان شێوەیە، ئەمە دروشمێکە کە تەنیا لە ئەگەری دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بەکاردەهێندرێت. ئەگەرنا ئەوانەی ئەم قسەیە دەکەن هیچ کاتێک رەخنە و ئیدانەکردنیان بەرانبەر بەو کۆکوژیانە نەبووە کە حکومەتی عێراق دژ بە کورد و کوردستان ئەنجامی داون. لەم دیدگەیەوە دروشمی 'دەوڵەت خراپە' دروشمیکە، خزمەت بەو دەوڵەتانە دەکات کە دەیانەوێ کورد و کوردستان بە هاوبەشی بەڕێوەببەن و بەرژەوەندییان لەمەدا هەیە. زۆر بە باشی دەزانرێت کە ئەوانەی بەرگری لەم دروشمە دەکەن، پشتگیری لە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن و پشتیوانی لە قۆناغەکانی ئەم بابەتە دەدەن.

یەکێتیی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لێرەدا پێویستە هەڵسەنگاندێک بۆ یەکێتیی ئەوروپا بکرێت. لە 16ی ئاداری 1988، رژێمی سەددام حسێن لە هەڵەبجە، گازی ژەهراویی دژ بە کوردان بەکارهێنا. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زیاتر لە 16 هەزار کورد بەهۆی کاریگەریی گازە ژەهراوییەکەوە خنکان. هەزاران کەسیش بریندار بوون.
بەڵام لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، بۆ ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە کاردانەوەیەک نەبینرا. نە لە پاریس، نە لە لەندەن، نە لە رۆما، نە لە بەرلین، نە لە واشنتۆن، نە لە مۆسکۆ هیچ کاردانەوەیەک نەبوو. جگە لە تەلئەبیب لە هیچ شوێنێکی جیهاندا خۆپیشاندان و پرۆتێستۆش رێکنەخرا.
رژێمی سەددام حسێن بە درێژایی هاوینی ئەوساڵە لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئابدا درێژەی بە ئەنفال و کۆکوژی دا. 20ی ئاب رۆژی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی 8 ساڵەی ئێران و عێراق. دوای ئەو رۆژە ئەنفال بە شێوەیەکی چڕتر درێژەی پێدرا. سەدان چاڵ هەڵکەندران و کوردان بە شێوەی ''کوژرانی 75 کەس بە 75 فیشەک'' خرانە چاڵەکانەوە. هەڵبەتە دیموکراسییەکانی خۆرئاوا، ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت، تورکیا، ئێران، سووریا ئەمەیان دەزانی. بەڵام سیاسەتی پشتیوانیکردنی عێراق دەرگای بەڕووی ئەم کۆکوژییانە واڵاکردبوو.
ئەگەر دەوڵەتە دیموکراسییەکانی خۆرئاوا، لە رۆژی 16ی ئاداری 1988، لە رووداوەکانی هەڵەبجەدا دەنگیان دژی کۆکوژی هەڵبڕیبووایە، ئایا سەددام حسێن دەیتوانی بە درێژایی هاوین و پایزی ئەوساڵە ئەو تاوانکاری و زنجیرە کۆکوژییە ئەنجام بدات؟

ئەمڕۆیش دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرانبەر قۆناغی گشتپرسیی کورددا بێ هەستن. ئەم قۆناغە دیموکراسییە ناناسن و دان بە سەدا 93ی ئەنجامەکانی نانێن. بە گوتنەوەی یەکێتیی عێراق، تەنانەت پشتیوانی لە کۆمەڵکوژیش دەکەن کە تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە. تۆبڵێی ئەمە جیاکارییەکی دیموکراسییەتی گەردوونی بێت؟ دەکرێ لە کوردستان دیموکراسیەت کاری پێ نەکرێت، تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا، کوردستان بەو شێوەیە بەڕێببەن کە دەیانەوێ. هەموو جۆرە سزا و گەمارۆیەکی ئیداریی لەسەر جێبەجێ بکەن و بە کۆکوژی بەڕێوەی ببەن. ئایا لەم شێوازەدا جیاکارییەک هەیە؟ ئایا کەتەلۆنییەکانیش خراونەتە سەر ئەم جیاکارییە؟
تۆبڵێی تێگەیشتنێکی وەها هەبێت کە ئوممەتچێتیی نێودەوڵەتی جگە لە کورد، دەوڵەتی سەربەخۆ لە سۆنگەی مافی ئیسلام دابمەزرێنن. ئایا ئایەتێک لە قورئاندا هەیە کە بڵێت ''تەواوی گەلانی ئیسلام بۆیان هەیە دەوڵەت دابمەزرێنن، بەڵام کوردان هەرگیز؟''
یەکێتیی ئەوروپا کە بە گوتنەوەی ''یەکێتیی عێراق'' رێگە بە دەوڵەتی ئۆتۆریتۆری و مەزهەبی و کۆمەڵکوژ و رەگەزپەرست دەدات و دان بە پێشڤەچوونەکانی دیموکراسیی کوردان نانێت، لە پێدانی خەڵاتی ئاشتی و ئازادیی رادەربڕین بە ئاندرێ ساخارۆڤ درێغی ناکات. ئەوە جگە لە ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەسەر ئاندرێ ساخارۆڤ (1921-1989) هیچ شتێکی دیکە نییە.

ئاندرێ ساخارۆڤ، لێکۆڵینەوەی وردی لە کۆکوژییەکانی دژ بە کورد کردووە و گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە چ ناحەقی و ستەمێکی مێژوویی لە کورد کراوە. ئەو گرنگیی بەو دۆخە داوە کە کوردان تێیدابوونە، هەروەها هەوڵی دەدا کێشەکانی کورد بەرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام کۆچی دوایی ئەو کەسایەتییە، رێگەی بەوە نەدا ئەو پرۆژەیە بخرێتە باری جێبەجێکردنەوە. یەکێتیی ئەوروپا باکی بەو ناخۆشیانە نییە کە بە کورد چێژراون.
یەکێتیی ئەوروپا کە دژی کوردستانی دیموکراسییە و پاڵپشتیی دەوڵەتی ئۆتۆریتۆری و مەزهەبی و کۆمەڵکوژ و رەگەزپەرست دەکات، پێویستە پرۆگرامی بەخشینی خەڵاتی سەددام حسێن رێکبخات. بۆ ئەم خەڵاتە ئەوەندە کاندید لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا و ئەوروپا زۆرن، یەکێتیی ئەوروپا لە هەڵبژاردنی پلەی یەکەم و دووەم و سێیەمدا تووشی زەحمەتی دەبێت. بەڵام دیسانیشەوە پێویستە یەکێتیی ئەوروپا بەسەر ئەم زەحمەتییەدا زاڵ بێت و پرۆگرامی خەڵاتەکانی سەددام حسێن رێکبخات. بەمجۆرە رزگاری دەبێت لە وەبەرهێنان لەسەر ناوە جوانەکەی ئاندرێ ساخارۆڤ.

لە 14-15ی تشرینی یەکەمدا سەرۆک ترەمپ باسی لە گەمارۆی سەر ئێران و سزادانی دەکرد. نەڕەی دەکرد و دەیگوت حەشدی شەعبیمان خستە لیستی سزادانەوە. بەڵام لە 16ی تشرینی یەکەمدا بینرا کە لە تەک ئێرانەوە بوو و دژ بە کوردستان وەستا. هەر وەبەرهێنانێک لە عێراقدا، وەبەرهێنانە بۆ حەشدی شەعبی و وەبەرهێنانە بۆ ئێران. ئەمریکا بە لایەنگریکردنی ئێران لە دژی کوردستان، هەر خۆی ئەو گەمارۆیەی دژ بە ئێرانی شکاند کە باسی لێوە دەکات. حەشدی شەعبی بەو چەکەی کە ئەمریکا لەمیانی بەرەنگاربوونەوەی داعش بە سوپای عێراقی داوە، هێرشیان کردە سەر کورد و کوردستان. ئەمریکا ئەو چەکە قورسانەی بە عێراق و حەشدی شەعبی داوە بەڵام بە کوردانی نەداوە.
لە ماوەی 20-25 ساڵی دواییدا نزیکەی 30 دەوڵەت دامەزران. یەکێتیی سۆڤیەت پەرتەوازە بوو و 15 دەوڵەتی نوێی لێ دروستبوو. یوگسلاڤیا دابەش بوو و چیکۆسلۆڤاکیا لە ناو خۆیدا بووە دوو دەوڵەت. ئەریتریا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. باشووری سودان بە ریفراندۆمێک لە سودان جیابووەوە. تیمووری خۆرهەڵات کە خەباتی دژ بە ئیدۆنێزیا دەکرد، سەربەخۆیی دەستخست. فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ستاتۆی دەوڵەتی چاودێری بەدەستهێنا. باکووری قوبرسی کۆماری تورکیا دەمێکە دەوڵەتە. تەواوی ئەمانە لە جیهاندا بە شێوەیەکی ئاسایی پێشوازییان لێکراوە. بەڵام کە رێز دەگاتە سەر کوردستان، دونیا لێرەوە بۆ ئەوێ هەڵدەتەکێت. عێراق دەوڵەتێکی زۆر پیرۆزە!

لایەنی تورکیا
رادەستکردنی کەرکووک بە حەشدی شەعبیی دوژمنی کورد، لە لایەن دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکیاوە، هەروەها لە میدیا بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە باسی لێوەکرا. گوترا ''سنوور بۆ بارزانی دانرا''، بە جۆش و خرۆشەوە دەربڕینی بۆ کرا. گوترا ''گورزێکی دیکە بۆ بارزانی...، گورزێکی دیکەیش لە فڵان شوێنەوە بۆ بارزانی، بارزانی لەو شوێنەوە کە چاوەڕێی نەدەکرد گورزی لێ وەشێندرا''. ئەم مانشێتانە دران و بە دڵخۆشییەوە بەدوای یەکدی ریز کران. ئەم جۆرە هەواڵانە لە میدیا راستڕەو و چەپڕەو و لیبڕاڵەکانیشدا بینران. برایەتیی ئوممەت و برایەتیی ئیسلام و برایەتیی مافەکان بەمشێوەیەن! لە حاڵێکدا کە لە نزیکەوە دەزانرێت هەوڵی بەدەستهێنانی پارچەیەکی بچووکی کوردستان لەلایەن کوردەوە، لایەنی تورکیای تووشی چ نیگەرانییەک کردووە. برایەتیی مۆدێلی تورک بەمشێوەیەیە و بەمجۆرە بەڕێوەدەچێت. برایەتیی ئەوەی کە دەیگوت ''ئێمە وەکو گۆشت و نینۆک واین'' هەروەها ''ئێمە لە خۆشی و ناخۆشیدا یەکین'' بەمشێوەیە دەبێت. ئەو برایەتییەی دەیگوت ''نییە لە ئێمە زیاتر برا کوردەکانی دیاربەکر، برا کوردەکانی خۆرهەڵاتی (تورکیای) خۆشبوێ'' بەم چەشنە دەبێت و وەها بەڕێوەدەچێت.

بەرەنجام
هەڵبەتە ریفراندۆم پێویست بوو؛ %72 بەشداری، %93 بەڵێ ئەوەی دەرخست کە چەندە پێویست بوو. ئەگەر رێژەی بەشداریکردن کەمتر بووایە لە %70 و دەنگی بەڵێ %51-52 بووایە، دیسانەوە ریفراندۆمەکە پەسند دەبوو، بەڵام ئەوکاتە پروپاگەندە بۆ ئەوە دەکرا و دەگوترا ''گەلی کورد سەربەخۆیی ناوێ''. ئێستا بە هیچ شێوەیەک باس لەو ئەنجامانە ناکرێت. وەک ئەوەی کە دەرهاوێشتەیەکی لەمجۆرە نەبووبێت.

چۆن دەکرێ لەم پشێوییە دەربچن؟ بێ شک نەوەیەک دەردەکەوێت کە تێدەگات لەوەی بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ دوژمن، ژیانی، ژیان نابێت. بێگومان نەوەیەکی کوردی دەردەکەوێت بگاتە ئەو قەناعەتەی کە بادانی شمشێری دوژمن، شکاندنی شەرەفی کوردانە لە رەهەندێکی نێودەوڵەتیدا. ئەم نەوە نوێیە، بۆ سیاسەتی کورد/کوردستان کاریگەرتر دەبێت.
بێ ئەوەی حەددی ئەوەم هەبێت، دەمەوێ سەرنج بۆ ئەم بابەتە رابکێشم. لە تەواوی ئەم قۆناغانەدا ئەوەی کوردانەترینە، سەرۆک مەسعود بارزانییە. ئەوەی جێگیرترین و زیندووترین هەڵوێستی هەبووە، سەرۆک مەسعود بارزانییە. ئەو ناوەی کە دەکرێتە ئامانج، سەرۆک مەسعود بارزانییە. ئامادەکاری بۆ هەزار و یەک پیلانی گورزوەشاندن و کوشتن شتێکی نهێنی نییە. پێویستە سەرۆک بارزانی بپارێزرێت. بێگومان پیلانی لەمجۆرە هەمیشە هەبووە. بەڵام لە ئەمڕۆدا زۆر زیاتر هەیە. هەروەها دووەمین کەس، کۆسرەت رەسولە کە پێویستە بپارێزرێت. سێیەم کەس کە پێویستە پارێزگاریی لێ بکرێت پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریمە.