image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

لەکاتێکدا روسیا لەپێناو پاراستنی بنکەکانی خۆی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەو ئێرانەی هاتووەتە مەترستدارترین پێگە لە جیهان هەوڵی هێشتنەوەی بکوژێکی وەکو بەشار ئەسەد دەدەن، تورکیاش تەنیا بۆ ئەوەی (کوردان سەرنەکەون) پشتی لەئەمریکا و یەکێتی ئەوروپای هاوپەیمانی ساڵانێکی خۆی کرد و لەگەڵ روسیا و ئێران لەسەر مێزی مامەڵەکاریدا دادەنیشێت. 
ئەوە لەکاتێکدایە کە کورد و کوردستان ماددەی رۆژەڤی سەرەکیی ئەم مامەڵە سیاسییە پێکدەهێنن.
لەساڵی 1215 بۆ یەکەمجار لە ژێر ناوی کۆتاییهێنان بەفشار و ستەم، راگەیەندراوێک بە ناوی (فەرمانی مەزن) پێشکەش بە پاشای بەریتانیا دەکرێت، بە پەسەندکردنى ئەم راگەیێندراوە بۆ یەکەمجار دەسەڵاتەکانی پاشا بەرتەسک دەکرێتەوە و دان بەبەشێک لە ماف و ئازادییەکانی گەل دەنرێت. ئەم راگەیەندراوە وەکو یەکەمین بەڵگە لەمەڕ چەمکی مافەکانی مرۆڤ دەچێتە مێژووەوە. 
هەروەها چەمکە بریقەدارەکانی وەکو ئازادی، برایەتی، یەکسانی لەساڵی 1789دا لەو بەندانەی مافی مرۆڤدا پێگەیان بۆ دانرا کە لەدوای شۆڕشی فەرەنسا ئامادەکران.  
هەرچی ئەو راگەیەندراوەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشە کە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئامادەکرا و مافی مرۆڤی زامنکرد، سەرباری بێلایەنی یەکێتی سۆڤیەت و ژمارەیەک وڵاتی هاوئاوازی سۆشیالیست، لە رێکەوتی 10ی دیسەمبەری 1948 لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوەکەدا پەسندکرا.  
هەروەها لە 4ی نۆڤەمبەری 1950دا بە هەمان شێوە بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆنسەی ئەوروپا ئامادەکرابوو، پەسندکرا.
یەکێتی سۆڤیەت و درێژەپێدەرەکەی کە روسیایە، هیچ کات گرنگی پێویستیان بەو بەڵێننامە نێودەوڵەتییانە نەداوە کە بنەماکانی مافی مرۆڤ زامن دەکەن، هەروەها واژۆیان لەسەر هیچ بەڵێننامەیەک نەکردووەو تیۆرییەکانی مافی کۆمۆنیست، ئەم جۆرە بەڵێننامانەیان بە تیۆری (بۆرجوازی ئەخلاقی) هەڵسەنگاندووە.
سەرباری ئەوەی کە سەدان ساڵە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراون و بە ناوی پابەندبوون پێیانەوە چەندین بەڵێننامە دەرکراوە، کەچی هێشتا لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لەپێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی، نەژادپەرستى، ئایین و مەزهەبگەرایی بەتەواوى فرامۆش دەکرێن.
هەرچەندە سەرنجیش دەدرێتە بنەماکانی چارەسەری قەیرانە سیاسی و کۆمەڵگەییەکان، بەڵام دیسانەوە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەخرێنە رەفەکانەوە، چونکە لە تەواوی کۆبوونەوەکانی قەیران و کۆمەڵگەییەکاندا، روسیا و وڵاتانی دیکەی دیکتاتۆری وەکو ئەو ئاماددە دەبن، لە تێگەیشتن و هەوڵی ئەم وڵاتانە بۆ چارەسەردا سیاسەتی وەرگرتنی هاوسەنگی دەبێتە بنەما.
ئەم دۆخە کاریگەریی خستووەتە سەر کورد و کوردستانیش، هەروەها لە وڵاتەکەماندا کە کوردستانە و لە سەدان ساڵ بەر لە ئێستاوە لەژێر داگیرکاریی تورک و عەجەمدایە، چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ نەبووەتە مەرج. 
لێرەدا جەختکردنەوە لەسەر نەتەوەپەرستیی تورک و فارس سوودی خۆی هەیە، لە یەکێکیاندا تورکایەتی و لەویتریاندا مەزهەبچێتی بووەتە پێش پلان، لە تورکیادا کوردێک هەم کورد بێت و هەم عەلەوی یاخود ئێزیدی، بەسە بۆ ئەوەی لەکۆمەڵگەدا لەناوببرێت یان بپاڵێورێت، جا ئەگەر ئەو کوردە ئافرەت بێت ئەوا دۆخەکە روونتر دیار دەبێت. لە ئێرانیشدا ئەم دۆخە جیاواز نییە، هەروەک چۆن کوردبوون بە تاوان هەژمار دەکرێت، سوننی بوونی کوردیش تاوانێکی گەورەترە. 
بە کورتی کورد لەم وڵاتانەدا، لە خاکی خۆیدا بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ جگە لەرەتکردنەوەی ناسنامەی خۆیان، ناچارکراون کە ناسنامە ئایینی و مەزهەبییەکانیان بشارنەوەو کوردێک چانسی ئەوەی نییە وەکو کورد بژێ. 
ئەندازیاری ئەم ستاتوکۆیەیش ئەمپرریالیستەکانی تورک و عەجەمن، هاوکات درێژەپێدەری یەکێتیی سۆڤیەت کە روسیایە لەپێناو بەردەوامی پێدانی ئەم ستاتوکۆیە هەمیشە لە هەوڵ و تەقەڵادایە.
مۆسکۆ، قزل کوردستان (کوردستانی سوور)ی کردە قوربانی تورکیا و ئێران، کۆماری کوردستانی کردە قوربانی ئەو رێککەوتنە 52 ساڵییەی لەگەڵ ئێران لەمەڕ نەوت ئەنجامیدابوو. یەکێتیی سۆڤیەت سەدام حسێنی سەرۆکى لەسێدارەدراوى پاراست، لەکاتێکدا ئەمڕۆ روسیا بووەتە فریشتەی پارێزەری بەشار ئەسەد لەسوریا، ئەمە سەرباری کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن مرۆڤ و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە لەو وڵاتەدا.
ئەمە راستییەکە کە خۆرئاوا لە ساڵی (1975)دا کوردی بە تەنیا جێهێشت، یەکێتی سۆڤیەتیش لە گەڵ سەدام حسێن بوو، پارێزگاریی لێکرد، ئەو جەنەڕاڵە روسانەی لە بەغداد نیشتەجێبوون دەیانگوت "ئێمە تا مەلا مستەفا بارزانی لە چیاکان نەهێنینە خوارەوە ناگەڕێینەوە بۆ مۆسکۆ''.  
هەمان یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی 1988 کاتێک سەدام حسێن بە چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەیدا و هەزاران کوردی کوشت، لە رۆژنامەی پراڤ کە زمانحاڵی پارتی کۆمۆنیست بوو نووسرابوو “دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن بەغدادەوە دژ بە کوردان، هەڵبەستراوی وڵاتانی ئەمپریالیست و چەتە کوردەکانە''.
لەکاتێکدا وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بریتانیا و سوید کە لەلایەن کۆمۆنیستەکانی مۆسکۆ بە ''ئەمپریالیست'' ناودەبران و تۆمەتبار دەکران، ئەو یاداشتنامەیەی کە سەدام حسێن بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تێیدا مەحکوم کرابوو، لەلایەن وڵاتانی سۆشیالیست و مۆسکۆ رەتکرایەوە.  
هەروەکو چۆن ئێستا دەبینرێت، روسیا وەک بڵێی مەترسی لەناوچوونی وەچەی لەسەر بێت، بەشار ئەسەدی خستووەتە ژێر پارێزبەندییەوە و تەواوی  پیسی و چەپەڵییەکانی پەردەپۆش دەکات، بە هەمان شێوە یەکێتی سۆڤیەتی سەلەفیش تا ئەوکاتەی رژێمە ئەمپریالیستەکان ڕوخان، لە پارێزگاریکردنی سەدام حسێن بەردەوام بوو.
ئەم سیاسەتەی مۆسکۆ تەنیا سنووردار نییە بە خۆرهەڵاتی ناوینەوە، 
یەکێتی سۆڤیەت لە 25ی دیسەمبەری 1979 کاتێک ئەفغانستانی داگیرکرد، بووە هۆکاری دروستکردنی رێکخراوگەلێکی وەها کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئاسەوارەکانیان بە ئاسانی ناسڕێنەوە، چونکە ئەمریکا دژ بەو داگیرکارییەی کە جێی باسە، رێکخراوێکی وەکو قاعیدەی دروستکرد.
سوپای سوریی 120 هەزار کەسی و رێکخراوی قاعیدە بە مانای وشە دۆڕان، ئەم دۆڕانە دابەشبوونی یەکێتی سۆڤیەتی خێراتر کرد. لەلایەکى دیکەوە ئەم سیاسەتە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی ملیۆنان مرۆڤ و کۆچ و گرفتگەلێکی وەهای لە کۆمەڵگەکاندا لەگەڵ خۆی هێنا کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە، جگە لەوەش رێکخراوی قاعیدە بووەتە دێوەزمەی جیهانی خۆرئاوا و پێکهاتە رادیکاڵییەکانی دروستکردووە. 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جگە لەوەی رزگاری نەبوو لە سیاسەتە هەژموونسازەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لەو بەڵایەی کە لە ئەنجامی پێشکەشکردنی چارەسەرە جێگرەوەکانی خۆرئاواوە دروستبووە، رووبەڕووی ئەو پشێوییە کە مۆسکۆ بە ئینکاری دەستیپێکردووەو بە ئاسانیش لێ دەرناچێت.
لەکاتێکدا روسیا لەپێناو پاراستنی بنکەکانی خۆی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەو ئێرانەی هاتووەتە مەترستدارترین پێگە لە جیهان هەوڵی هێشتنەوەی بکوژێکی وەکو بەشار ئەسەد دەدەن، تورکیایش تەنیا بۆ ئەوەی کوردان سەرنەکەون پشتی لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای هاوپەیمانی ساڵانێکی خۆی کرد و لەگەڵ روسیا و ئێران لەسەر مێزی مامەڵەکاری دادەنیشێت، ئەوە لەکاتێکدایە کە کورد و کوردستان ماددەی رۆژەڤی سەرەکیی ئەم مامەڵە سیاسییە پێکدەهێنن.
لەکاتێکدا کە روسیا لەم مامەڵەیە سیاسییەدا پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوین بە بنەما دادەنێت، تورکیا و ئێران تەور دەوەشێننە ئەو قۆناغەی کورد لەمەڕ بەدەوڵەتبوونەوە پێیگەیشتووە، هەروەک هەمیشە هەوڵی بەردەوامی پێدان دەبن بەو ستاتوکۆیەی کە ئەوان بە مەحکومی خۆیانی دەزانن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی ئەو پێشهات و دۆخە هەنووکەییە، هەڵوێستی خۆی نیشانداوەو رەوشەکەی بە شەفافانە دەرخستووە. ئەردۆغان گوتی ''ئێران لە بەری چەپتاندایە، سوریاش لە بەری راستتاندایە، دیوی پێشەوەتان بەغداد و لە دیوی دواوەتاندا ئێمە هەین، ئێوە متمانە بە کێ دەکەن''. لە ئەسڵدا پەیامی ئەوەیدا کە ''ئێوە لەم جوگرافیایەدا ناچارن وەکو مەحکومی ئێمە بژین''.
بەداخەوە کە کوردێکی کەم هەن بتوانن بەوپەڕی توانای سیاسییەوە ئەو پێشهاتانە روونبکەنەوە کە سووڕی ئابووریی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەئێمەی داوە، هەروەها بتوانن سیاسەتی ئاڵتەرناتیڤ پێشکەش بکەن. لەبنەڕەتدا ئەو بابەتەی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەمەیە، ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەو بیرمەند و ئەکادیمیانەن کە دیزاینی جووڵە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە دەکەن.  
لەم بابەتەدا نامەوێ لەگەڵ ئەو کوردانە بکەومە شەڕەچەقە کە وەکو بیرمەند و ئەکادیمی بەڕێوەدەچن، بەڵام دەمەوێ سەرنج بۆ ئەو خاڵە رابکێشم، ئاڵوودەیی ئایدۆلۆژیا بەربەستێکی مەزن لەبەردەم ئازادی بیرکردنەوە دروستدەکات، لەکاتێکدا زۆربەی ئەو کوردانەی وەکو بیرمەند و ئاکادیمى بەڕێوەدەچن، بەهۆی رێکردنیان بەگوێرەی لۆژیکی چەپ، نەیانتوانیوە تا ئێستا سیاسەتێکی تەندروست بەرهەمبهێنن. 
گەر بە پوختی چاوێک بە رابردوودا بخشێنینەوە،
ئەو بیرمەند و ئەکادیمییە کوردانەی لە ساڵانی 70 لایەنگیری یەکێتی سۆڤیەت بوون، لەپێناوی ئەوەی لە بابەتی هاوکاریکردنی سەدام حسێن، حەق بە یەکێتی سۆڤیەت بدەن دەیانتوانی بڵێن (لایەنگرە نزیکەکانی سەدام حسێن و خاڵەکانی ئەم بابەتە لەچاو بارزانی فشاری زیاتری هەیە).
دروشمی ''بژی بەرخودانی یەکێتی سۆڤیەت هاوشانی گەلی ئەفغانستان'' لە شوێنانی وەکو دیاربەکر زەویی و ئاسمانی دەهەژاند، لەکاتێکدا داگیرکاریی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە بووە داڕووخانێک لە مێژوویی مرۆڤایەتی.
 ئەو لۆژیکەی لە ساڵانی حەفتاکانەوە ماوەتەوە، ئەمڕۆیش بە گوتنەوەی ''مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕی'' هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ دەدرێت، ئەوانەی بەرگری لەم بۆچوونە دەکەن بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆبەخشانە حەماڵی بۆ تاران، ئەنقەرە، بەغداد و دیمەشق دەکەن.
لێرەدا ناپاکییەکەی کەرکووک بەشێکە لەو سیاسەتە، وەنەبێ ئەمە مەسەلەیەکی لەناکاو سەرهەڵدراو بێت، بەڵکو ئەمە پەیوەندیدارە بە مێژووی نیمچە بیرمەندەکانی سیاسەتی کورد.
مامۆستای فیکریی ئەوانەی ناپاکییەکەیان ئەنجامدا نەوشیروان مستەفا، لەساڵی 1969 لە گۆڤارەکەی خۆیدا بەناوی رزگاری، لە گوتارێکیدا نووسیوێتی "مستەفا بارزانی دەیەوێ عێراق دابەش بکات، لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ یەکگرتوویی عێراقداین''. بەمشێوەیە مستەفا بارزانی بەدابەشکردنی وڵات تۆمەتبارکرد.
ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان و چەند گرووپێکی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیڕەوی دەکەن، شەقڵی درێژەپێدەری سیاسەتی نیمچە بیرمەندیی کوردی پێوە دیارە، کە لە ساڵانی شەستەکاندا بناغەکەی لێدراوە.
لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا دۆخەکە جیاواز نییە، هێشتا بیرمەندی دەوشیرمەی وەکو نەوشیروان مستەفا کە پەروەردەکراوی دەستی مێترۆپۆڵن لە سیاسەتی کورددا کاریگەرییان هەیە، گوتنەوەی (بیری بوونە دەوڵەتمان خستە زبڵدانەوە) دیارترین نموونەی ئەم راستییەیە.
بارودۆخ لە کوردستانی سوریایشدا جیاواز نییە، بۆچوونی پەیوەستبوون بە ئایدۆلۆژیای رۆژئاوا ناچارمان دەکات بەرەو دەوڵەتبوون بچین، بەڵام ئێمە نامانەوێت خۆمان بخەینە ناو ئەو ئاڵۆزییەوە، بۆچوونی نیوەی رۆشنبیری کوردە و پارێزگاری لێ دەکەن، بەڵام ئەمە بۆچوونە سیاسەتی کوردستان نییە.
بانگکردن بۆ کۆنگرەی نەتەوەییش، بە ناوی بەربەست دروستکردن بۆ هەوڵی دەوڵەتی کوردی، گەمەیەکی سەخیفی وڵاتانی ناوچەکە بوو. ئەم هەوڵەیش بە ئاراستەکردنی لاوازکردنی هەوڵی سەرۆک بارزانی بوو. 
کۆنگرەی نەتەوەیی و دانانی KESK و دامەزراوەکانی هاوشێوە و داکۆکیکردن لەوەی 60%ی راگەیاندراوەکانی کۆنگرە ئەوان خاوەنی بن، بەشێوەیەکی زۆر روون بەرچاوی ئێمەی زیاتر رۆشنکردەوە.
هەروەها ئەگەر بێت و پرسی ئەو ئەکادیمیانانەیش بۆ بابەتەکەمان زیاد بکەین، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نین، باشتر دەزانین رەوشەکە چەند جێی سەرسوڕمانە، ئەو ئەکادیمیانانە هیچ سڵیان لەوە نەکردووە کە سووکایەتی بە بارزانی بکەن و رەخنەی لێ بگرن، تەنانەت لەبەر ئەوان، پەلاماری پیاوە ئایینییەکانی ناو کۆمەڵگەشیان دەد، بەڵام تۆقیبوون لەوەی رەخنە لە پەکەکە بگرن. 
ئەوان لە کاتی خۆیدا دەیانگوت "بارزانی بۆچی ریفراندۆم ناکات و بۆچی دەوڵەتی کوردی راناگەیەنێت" بەڵام بارزانی دەیزانی کە ئەم کارە چەند سەختە، بۆیە دەیگوت " ئەگەر بمزانیبایە کورد، یەک ساڵ بەرگەی ئەو ناخۆشی و ئازارە دەگرێت، بەیانی دەوڵەتی کوردیم رادەگەیاند".
بارزانی سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشە و ناخۆشیانەی هاتنە پێش، ریفراندۆمی ئەنجامداو لە بەردەم هەموو جیهان سەری کوردی بەرزکردەوە و ریفراندۆمیشی وەکو بەڵگەیەک لە شێوەی (تاپۆ) بۆ گەل جێگیر کرد.
دوای ریفراندۆم
ئێران و ئەو شوێنانەی هاوکاری ئێران دەکەن ئاشکرایە، کە ئەوان هیچ گۆڕانێک بەسەر سیاسەتەکانیاندا نەهاتووە، تورکیاش لەبەر ئەوەی ماف و حقوقی کوردی وەکو پێویست نەداوە، بۆیە ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات، ئەمەش راستییەکە و دوای ریفراندۆمیش زۆر باشتر ئەم خاڵانە لە لایەنی ئەوانەوە بە روونی دەرکەوت.
بەغدا و دیمەشقیش هەڵوێستیان هیچ مانایەک نادات بەدەستەوە، چونکە ئەو دوو وڵاتە مانەوەیان وەکو دەوڵەت لەدەستداوە و هاوکاری روسیا و ئێران وای کردووە لەسەر پێی خۆیان بوەستن.
ئەگەرچی سیاسەتی روسیا و هەڵوێستی بەرامبەر بەکورد لەجاران جیاوازتریش بێت، ناتوانێت لەراستی بابەتەکە لابدات، گۆڕانی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بووە بەرووداو، سەڕەڕای هەموو کەموکوڕییەک بەڵام کوردەکان خزیوون بەرەو گۆڕانکاری.
تێزی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێنانە کایەی ئارامییە بۆ ناوچەکە، بەڵام بۆ کورد راستییەکان دەشێوێنێت، سەدان ساڵە بە ناوی ئایین و مەزهەب و نەژادپەرستییەوە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیانی تێدا نەماوە، بەڵام بۆ ئەوەی لە رێگەی کوردەوە هاوسەنگییەکە رابگرێت، سیاسەتی بە یەکەوە ژیان پەیڕەو دەکات کە ئەمەیش سیاسەتێکی دروست نییە.  
کوردەکان لە ماوەیەکی کەمدا لە وڵاتەکەی خۆیاندا، جێگەی هەموو ئایین و مەزهەب و کەمینەیەکیان کردووەتەوە، شوێنیشیان بۆ نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە کردووەتەوە، ئەم هەوڵە نائاساییەیش لە هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام نەدراوە.

لەناوبردنی گرووپێکی تیرۆرستی وەکو داعشیش، تەنیا بەدەستی کوردان ئەگەرێکی بەهێز بووە، بەڵێ هاوکارییەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە لە بیر ناکرێن، بەڵام ئەو هاوکارییەی کە دراوتە ئەفغانستان بۆ لەناوبردنی تیرۆر، دەبینین تاوەکو ئێستاش قاعیدە و ئەو گروپانەی سەر بەو بوون چالاکییان بە هێزە، ئەمریکا دەبێت ئەو راستییە بزانێت و بە گوێرەی ئەوەیش سیاسەت بکات.
ئەو شڕۆڤانەی لەبرێت ماکگۆرگەوە دەگەیشتنە واشنتۆن هەمووى هەڵەبوون، بەڵکو راستی بوونی ئێران باس نەکراوەو دەیانەوێت لە رێگەی حەیدەر عەبادییەوە، مالیکی بپاڵێون و ئێرانیش لاواز بکەن، بەڵام ئەو ئامانج و ستراتیژییە چانسی سەرکەوتنی نییە.
وڵاتانی ئەوروپاش، رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە ئەمریکا دەیەوێت جێ بەجێی بکات.
کاتێک دێتە سەر کوردەکان..
چەپەکان و ئەو پارت و رێکخراوانەی ناسنامەی ئیسلامییان هەیە،  پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا شاراوە نییە، پیلانی سیاسەتی ئێرانیش بۆ لەناوبردنی کورد و دوژمنایەتی کورد تازە نییە، لە نەوەدەکانیش لە کاتی (شەڕی براکوژی)و کودەتاکردن بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا، هەر بە پیلانی ئێران رێکخرابوو. 
لە 23ی حوزەیرانیش، کاتێک کۆنسوڵی ئێران لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا بوونی هەبوو، هەر هەوڵی کودەتایەکی ئەوان بوو، پیلانی ئەو کودەتایەش لەناوبردنی سەرۆک بارزانی بووە و ئامانجیشیان هەر ئەو بوو.
ئیتر دەبێت کوردەکان بزانن کە ئێران چەند جێگەی مەترسییە بۆ ئەوان، بۆیە دەبێت دەستبەجێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنن و لێی نزیک نەبنەوە.
هاوبەشی تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا، لە هەمان کاتدا  پشت دەبەستێت بە دیالۆگی نێوان کورد و تورکیا. هەرکاتێکیش بابەت بێتە سەر کوردستان، تورکیا جاروبار سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئێراندا دەگۆڕێت و گۆڕانی بەسەر هەڵوێستەکانیدا دێت.
پێویستە سیاسییەکان و پارت و لایەن و رۆشنبیر و ئەکادیمی و دامەزراوەکانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیانەی دەیبینن هەنگاو بنێن، لەو خاڵەیشدا هەڵوێستی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە، هەموو ئەو کوردانەی خاوەن شەرەف و کەرامەتن پێویستە خۆیان بە خاوەنی بارزانی بزانن. 
بابەتێکی دیکە هەیە دەبێت بەتایبەت ئاماژەی بۆ بکەین، ئەویش رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەیە، کە نابێت بڵێین ئەو پارچانەی کوردستان برامانن، بەڵام هاوبەشی ئێمە نین، ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیەو ئەو لێدوانانەیش کە هەندێک جار سیاسییەکان دەیدەن و بەکاری دەهێنن، دەبێت بزانن کە زۆر بێمانا و زیانبەخشن.
بۆچوونی قازانج و زیانی ئێمە هیچ پەیوەندییەکی بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە نییە زۆر هەڵەیە، ئەمە نابێتە سیاسەتێکی نیشتمانی، ئەم سیاسەتەش دوای ئەوەی داعش لەم پارچەیەی کوردستان دۆڕا و ئەنجامدانی ریفراندۆم و دوای داگیرکردنی کەرکووک، هەست بە هەڵەکەی کرا. هەروەها لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بینیمان کە چ خۆپیشاندانێک رێکخرا.
ئەنجام..
لەم سەردەمەدا گەلی کورد، نەیتوانیوە وجوود و خۆی بە گوێرەی مەرجەکان بگونجێنێت و سیاسەتێکی تەواوی نییە، بەپشت بەستن بە ئەزموونی 120 ساڵ خەباتی بارزانییەکان بۆ مانەوە لە سەرپێی خۆیان، دوای هەوڵی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش، دەبێت بە جوانی حیساباتی ئەوە بکەن کە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە و ئاژاوە دروست بکەن کێن و خوێندنەوەی بۆ بکەن. 
لێرەدا دەزگای پاراستن ئەوەی لەسەری بووە نەیتوانیوە بەجێی بگەیەنێت، چونکە بێ ئاگایی لە تۆڕی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، کارەساتە.
بەشێکی زۆری سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی ئەو توانایە نین وەکو سەرۆک بارزانی بتوانن پڕۆسەی ریفراندۆم بەڕێوە ببەن. بۆ قسەکردنیش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنیا زانینی زمانی ئینگلیزی بەس نییە، بەڵکو دەبێت لە هەمان کاتدا، توانای ئەوەشت هەبێت لە سیاسەتی جیهاندا شارەزاییت هەبێت و بەرەو پێش چووبیت. بۆیە لە کاتێکی وا هەستیاردا، نابێت ئەو جۆرە کەسانە بکەیتە راوێژکار و وەزیری خۆت، ئەمە زۆر هەڵەیە.
ئەم جۆرە سەرکردانە، پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد هەموو شتێک زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوە دەچێت، ئەوان هەڵوەستەیان لەسەر ئەو خاڵە نەدەکردەوە کە پێویستی بە رەخنە هەبووە و کەموکوڕی تێدا بووە. بەڵام خوا نەکات دوای شکستێک، یەکەم کەس بارزانییەکان دوور دەخرێنەوە.
هەموو پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکان و بەتایبەتی کەسە زانستخوازەکان، پێویستە بەم شێوەیە سیاسەتی خۆیان دیاری بکەن. 
دەبێت بەو پڕەنسیپە سیاسەت بکەن، کە لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بەیەکەوە بجوڵێن و نابێت دەستبەرداریان ببن. چەپەکان و هەندێک لە رێکخراوە ئیسلامییەکان، بەرامبەر بە ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا وەستاونەتەوە، هەروەها ئەمەیش بەو واتایە دێت خزمەت بە ئەنقەرە و تاران دەکەن، سیاسەتی دوور بکەونەوە لە ئیمپریالیست یان کافرەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەمەیش بۆ کوردەکان کارەساتێکی سیاسییە.
لە رابردوودا کاتێک باران لە مۆسکۆ دەباری، لە ئامەد سەیوانیان هەڵدەکرد، سیاسەتی نیمچە بیرمەندە کوردەکانیان ئیفلاس پێ کردبوو. ئەم کارتە سیاسییەش ئیتر چالاک نییە و نایخوات. 
ئێستا ئەوەی شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە لە شوێنی سۆشیالیست و ئینتەرناسیۆنالیستەکان، دەردەکەوێت ئومەتچییەکان داگیریان کردووەو لە پێناو قودس، موسڵمانەکان داوا لە خەڵک دەکەن، بڕژێنە سەر شەقام، بەڵام کاتێک کەرکوک داگیر دەکرێت، تەنیا یەک دوو بەیاننامە دەردەکەن، وەکو پێویستیش دڵسۆز نین بۆ ئەو بابەتە. ئایا بەلایەنی کەمەوە، نەدەبوو هەمان شتیشیان بۆ داگیرکردنی کەرکوک بکردایە؟
ئەگەر بە یەکیان ببەستینەوە..
خیانەتی کەرکوک یەکەم خیانەت نییە، گەلی کورد تا دەوڵەتی خۆیان دادەمەزرێنن، رووبەڕووی ئەو جۆرە سوپڕایزە خراپانە دەبنەوە. ئەوەی گرنگە خیانەتەکان پووچەڵ بکەنەوە، دوای خیانەتی کەرکوک دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی "ئەو بەشەی سیاسییەکان، دڵسۆز نەبوون و ساڵح نەبوون"
لە بەرامبەر چەتەکانی وەکو داعش و حەشدی شەعبی، لە بەرەکانی شەڕدا بە سەدان کوردی باشوور و باکوور و رۆژئاوا شەهیدبوون، بۆیە کە ئەو بەشە سیاسییانە بیر لەو لایەنە نەکەنەوە، دەبێت ئەرگیومێنتێکی پێویستمان بۆی هەبێت.
پارتەکانی باشوور، بە ناوی ئەوەی تورکیا و ئێران نەوروژێنن، قوربانییاندا، بەڵام بۆشاییەکیان دروستکرد لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەمە بەس نەبوو.
تورکیا و ئێران کاریان کرد تاوەکو ئەوەی هەشە لە ناوی ببەن، بەڵام دەنگۆی ئەوەش دەکەن هەموو گەلێک مافی هەیە قەدەری خۆی دیاری بکات، کەچی لە کردەییدا بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ناکەن، تەنانەت یەک رێککەوتنی یاساکانی مافی مرۆڤیشیان واژۆ نەکردووە، کەچی بە یارمەتی روسیا دەست لە کاروباری وڵاتان دەدەن.
کورد تەنیا بۆ سەربەخۆیی نا، بەڵکو خەباتکردن بۆ هەڵکێشانی هەناسەیش، ناچارە لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بە یەکەوە بجوڵێ و سیاسەت بکات، نابێت ئەمەی لە بیر بچێت و دەبێت کۆتایی بە چیرۆکی ئەو ستاتۆ و برایەتییە بهێندرێت کە سەدان ساڵە وڵاتانی ناوچەکە بەشایستەی کوردی دەزانن. 

رۆژهات ئامەدی 
14.12.2017