image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

لەکاتێکدا رووسیا لەپێناو پاراستنی بنکەکانی خۆی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەو ئێرانەی هاتووەتە مەترستدارترین پێگە لە جیهان هەوڵی هێشتنەوەی بکوژێکی وەکو بەشار ئەسەد دەدەن، تورکیایش تەنیا بۆ ئەوەی ''کوردان سەرنەکەون'' پشتی لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای هاوپەیمانی ساڵانێکی خۆی کرد و لەگەڵ رووسیا و ئێران لەسەر مێزی مامەڵەکاریدا دادەنیشێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە ''کورد و کوردستان'' ماددەی رۆژەڤی سەرەکیی ئەم مامەڵە سیاسییە پێکدەهێنن.

لەساڵی 1215 بۆ یەکەمجار لە ژێر ناوی کۆتاییهێنان بە فشار و ستەم، راگەیەندراوێک بە ناوی (فەرمانی مەزن) پێشکەش بە پاشای بەریتانیا دەکرێت. بە پەسەندکرانی ئەم راگەیێندراوە بۆ یەکەمجار دەسەڵاتەکانی پاشا بەرتەسکدەکرێتەوە و دان بە هەندێک ماف و ئازادییەکانی گەل دەنرێت. ئەم راگەیەندراوە وەکو یەکەمین بەڵگە لەمەڕ چەمکی مافەکانی مرۆڤ دەچێتە مێژووەوە. هەروەها چەمکە بریقەدارەکانی وەکو ئازادی، برایەتی، یەکسانی لەساڵی 1789دا لەو بەندانەی مافی مرۆڤدا پێگەیان بۆ دانرا کە لەدوای شۆڕشی فەرەنسا ئامادەکران. 

هەرچیی ئەو راگەیەندراوەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە کە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئامادەکرا و مافی مرۆڤی زامنکرد، سەرباری بێلایەنی یەکێتیی سۆڤیەت و ژمارەیەک وڵاتی هاوئاوازی سۆشیالیست، لە رێکەوتی 10ی دیسەمبەری 1948 لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوەکەدا پەسندکرا. 

هەروەها لە 4ی نۆڤەمبەری 1950دا بە هەمان شێوە بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆنسەی ئەوروپا ئامادەکرابوو، پەسندکرا.

یەکێتیی سۆڤیەت و درێژەپێدەرەکەی کە رووسیایە، هیچ کات گرنگیی پێویستیان بەو بەڵێننامە نێودەوڵەتییانە نەداوە کە بنەماکانی مافی مرۆڤ زامن دەکەن. هەروەها واژۆیان لەسەر هیچ بەڵێننامەیەکدا نییە. تیۆرییەکانی مافی کۆمۆنیست، ئەم جۆرە بەڵێننامانەیان بە تیۆری ''بۆرجوازی ئەخلاقی'' هەڵسەنگاندووە.

سەرباری ئەوەی کە سەدان ساڵە مافی مرۆڤ و ئازادییەکان گفتوگۆی زۆریان هەڵگرتووە و بە ناوی پابەندبوون پێیانەوە چەندین بەڵێننامە دەرکراوە، کەچی هێشتا لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لەپێناوی بەرژەوەندی نەتەوەیی، نەژادباڵایی، ئایین و مەزهەبگەرایی دەخرێنە ژێر پێ.

 

هەرچەندە سەرنجیش دەدرێتە بنەماکانی چارەسەری قەیرانە سیاسی و کۆمەڵگەییەکان، بەڵام دیسانیشەوە پرەنسیبەکانی مافی مرۆڤ دەخرێنە رەفەکانەوە. چونکە لە تەواوی کۆبوونەوەکانی قەیران و کۆمەڵگەییەکاندا رووسیا و وڵاتانی دیکەی دیکتاتۆری وەکو ئەو ئامادە دەبن. لە تێگەیشتن و هەوڵی ئەم وڵاتانە بۆ چارەسەردا سیاسەتی 'وەرگرتنی هاوسەنگی' دەبێتە بنەما.

ئەم دۆخە کاریگەریی خستووەتە سەر کورد و کوردستانیش. هەروەها لە وڵاتەکەماندا کە کوردستانە و کە لە سەدان ساڵ بەر لە ئێستاوە لەژێر داگیرکاریی تورک و عەجەمدایە، چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ نەبووەتە مەرج.

لێرەدا جەختکردنەوە لەسەر نەتەوەپەرستیی تورک و فارس سوودی خۆی هەیە. لە یەکێکیاندا تورکایەتی و لەوەیتریاندا مەزهەبچێتی بووەتە پێش پلان. لە تورکیادا کوردێک هەم کورد بێت و هەم عەلەوی یاخود ئێزیدی، بەسە بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەدا لەناوببرێت یان بپاڵێورێت. جا ئەگەر ئەو کوردە ئافرەت بێت ئەوا دۆخەکە روونتر دیار دەبێت. لە ئێرانیشدا ئەم دۆخە جیاواز نییە. هەروەک چۆن کوردبوون بە تاوان هەژمار دەکرێت، سوننی بوونی کورد تاوانێکی گەورەترە.

بە کورتی کورد لەم وڵاتانەدا، لە خاکی خۆیدا بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ جگە لە رەتکردنەوەی ناسنامەی خۆیان، ناچارکراون کە ناسنامە ئایینی و مەزهەبییەکانیان بشارنەوە. کوردێک چانسی ئەوەی نییە وەکو کورد بژی.

ئەندازیاری ئەم ستاتوکۆیەیش ئەمپرریالیستەکانی تورک و عەجەمن، هاوکات درێژەپێدەری یەکێتیی سۆڤیەت کە رووسیایە لەپێناو بەردەوامی پێدانی ئەم ستاتوکۆیە هەروەک هەمیشە لە هەوڵ و تەقەڵادایە.

مۆسکۆ، قزل کوردستان (کوردستانی سوور)ی کردە قوربانیی تورکیا و ئێران، کۆماری کوردستانی کردە قوربانی ئەو رێککەوتنە 52 ساڵییەی لەگەڵ ئێران لەمەڕ نەوت ئەنجامیدابوو. یەکێتیی سۆڤیەت سەددام حسێنی پاراست، لەکاتێکدا ئەمڕۆ رووسیا بووەتە فریشتەی پارێزەری بەشار ئەسەد لە سووریا. ئەمە سەرباری کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن مرۆڤ و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دی لە سووریادا.

ئەمە راستییەکە کە خۆرئاوا لە ساڵی 1975'دا کوردی بە تەنیا جێهێشت. یەکێتیی سۆڤیەتیش لە تەک سەددام حسێن بوو و پارێزگاریی لێکرد. ئەو جەنەڕاڵە رووسانەی لە بەغداد نیشتەجێبوون دەیانگوت:"ئێمە تا مەلا مستەفا بارزانی لە چیاکان نەهێنینە خوارەوە ناگەڕێینەوە بۆ مۆسکۆ''. 

هەمان یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی 1988 کاتێک سەدام حسێن بە چەکی کیمیایی لە هەڵەبجەی دا و هەزاران کوردی کوشت، لە رۆژنامەی پراڤ کە زمانحاڵی پارتی کۆمۆنیست بوو نووسرا:"دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن بەغدادەوە دژ بە کوردان، هەڵبەستراوی وڵاتانی ئەمپریالیست و چەتە کوردەکانە''.

لەکاتێکدا وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بریتانیا و سوێد کە لەلایەن کۆمۆنیستەکانی مۆسکۆ بە ''ئەمپریالیست'' ناودەبران و تۆمەتبار دەکران، ئەو یاداشتنامەیەی کە سەدام حسێن بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تێیدا مەحکوم کرابوو، لەلایەن وڵاتانی سۆشیالیست و مۆسکۆ رەتکرایەوە. 

هەروەکو چۆن ئێستا دەبینرێت، رووسیا وەک بڵێی مەترسیی لەناوچوونی وەچەی لەسەر بێت، بەشار ئەسەدی خستووەتە ژێر پارێزبەندییەوە وتەواوی  پیسی و چەپەڵییەکانی پەردەپۆش دەکات، بە هەمان شێوە یەکێتیی سۆڤیەتی سەلەفیش تا ئەوکاتەی رژێمە ئەمپریالیستەکان داڕوخان، لە پارێزگاریکردنی سەدام حسێن بوو.

ئەم سیاسەتەی مۆسکۆ تەنیا سنووردار نییە بە خۆرهەڵاتی ناوینەوە؛

یەکێتی سۆڤیەت لە 25ی دیسەمبەری 1979 کاتێک ئەفغانستانی داگیرکرد، بووە هۆکاری دروستکردنی رێکخراوگەلێکی وەها کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئاسەوارەکانیان بە ئاسانی ناسڕێنەوە. چونکە ئەمریکا دژ بەو داگیرکارییەی کە جێی باسە، رێکخراوێکی وەکو ئەلقاعیدەی دروستکرد.

سوپای سووری 120 هەزار کەسی و رێکخراوی ئەلقاعیدە بە مانای وشە دۆڕان، ئەم دۆڕانە دابەشبوونی یەکێتیی سۆڤیەتی خێراتر کرد. لەلایەکیترەوە ئەم سیاسەتە بووە هۆکاری گیانلەدەستدانی ملیۆنان مرۆڤ. کۆچ و گرفتگەلێکی وەهای لە کۆمەڵگەکاندا لەگەڵ خۆی هێنا کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە. جگە لەمە رێکخراوی ئەلقاعیدە بووەتە دێوەزمەی جیهانی خۆرئاوا و پێکهاتە رادیکاڵییەکانی دروستکردووە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جگە لەوەی رزگاری نەبوو لە سیاسەتە هەژموونسازەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و لەو بەڵایەی کە لە ئەنجامی پێشکەشکردنی چارەسەرە جێگرەوەکانی خۆرئاواوە دروستبووە، رووبەرووی ئەو پشێوییەیە کە مۆسکۆ بە ئینکاری دەستیپێکردووە و بە ئاسانیش لێ دەرناچێت.

لەکاتێکدا رووسیا لەپێناو پاراستنی بنکەکانی خۆی لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەو ئێرانەی هاتووەتە مەترستدارترین پێگە لە جیهان هەوڵی هێشتنەوەی بکوژێکی وەکو بەشار ئەسەد دەدەن، تورکیایش تەنیا بۆ ئەوەی ''کوردان سەرنەکەون'' پشتی لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای هاوپەیمانی ساڵانێکی خۆی کرد و لەگەڵ رووسیا و ئێران لەسەر مێزی مامەڵەکاری دادەنیشێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە ''کورد و کوردستان'' ماددەی رۆژەڤی سەرەکیی ئەم مامەڵە سیاسییە پێکدەهێنن.

لەکاتێکدا کە رووسیا لەم مامەڵەیە سیاسییەدا پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوین بە بنەما دادەنێت، تورکیا و ئێران تەور دەوەشێننە ئەو قۆناغەی کورد لەمەڕ بەدەوڵەتبوونەوە پێیگەیشتووە، هەروەک هەمیشە هەوڵی بەردەوامی پێدان دەبن بەو ستاتوکۆیەی کە ئەوان بە مەحکومی خۆیانی دەزانن.

سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی ئەم پێشهات و دۆخە هەنووکەییەدا هەڵوێستی خۆی نیشانداوە و رەوشەکەی بە شەفافانە دەرخستووە. ئەردۆغان پەیامی ئەوەی دا کە گوتی ''ئێران لە بەری چەپتاندایە، سووریا لە بەری راستتاندایە، دیوی پێشەوەتان بەغداد و لە دیوی دواوەتاندا ئێمە هەین. ئێوە متمانە بە کێ دەکەن''. لە ئەسڵدا پەیامی ئەوەی دا کە ''ئێوە لەم جوگرافیایەدا ناچارن وەکو مەحکومی ئێمە بژین''.

بەداخەوە کە کوردێکی زۆر  کەم هەن بتوانن بەوپەڕی توانای سیاسییەوە ئەو پێشهاتانە روونبکەنەوە کە سووڕی ئابووریی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئێمەی داوە، هەروەها بتوانن سیاسەتی ئاڵتەرناتیڤ پێشکەش بکەن. لەبنەڕەتدا ئەو بابەتەی پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەمەیە. ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەو بیرمەند و ئەکادیمیسیەنانەن کە دیزاینی جووڵە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە دەکەن. 

لەم بابەتەدا نامەوێ لەگەڵ ئەو کوردانە بکەومە شەڕەچەقە کە وەکو بیرمەند و ئەکادیمیسیەن بەڕێوەدەچن. بەڵام دەمەوێ سەرنج بۆ ئەم خاڵە رابکێشم: ئالوودەیی ئایدۆلۆژیا بەربەستێکی مەزن لەبەردەم ئازادی بیرکردنەوە دروستدەکات. لەکاتێکدا زۆربەی ئەو کوردانەی وەکو بیرمەند و ئەکادیمیسیەن بەڕێوەدەچن، بەهۆی رێکردنیان بەگوێرەی ''لۆژیکی چەپ'' نەیانتوانیوە تا ئێستا سیاسەتێکی تەندروست بەرهەمبهێنن.

گەر بە پوختی چاوێک بە رابردوودا بخشێنینەوە؛

ئەو بیرمەند و ئەکادیمیسیەنە کوردانەی لە ساڵانی 70 لایەنگیری یەکێتی سۆڤیەت بوون، لەپێناوی ئەوەی لە بابەتی هاوکاریکردنی سەدام حسێن، حەق بە یەکێتی سۆڤیەت بدەن دەیانتوانی بڵێن ''لایەنگرە نزیکەکانی سەدام حسێن و خاڵەکانی ئەم بابەتە لەچاو بارزانی فشاری زیاتری هەیە''.

دروشمی ''بژی بەرخودانی یەکێتی سۆڤیەت هاوشانی گەلی ئەفغانستان'' لە شوێنانی وەکو دیاربەکر زەوی ئاسمانی دەهەژاند. لەکاتێکدا داگیرکاریی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە بووە داڕووخانێک لە مێژوویی مرۆڤایەتی.

 

 ئەو لۆژیکەی لە ساڵانی 70'کانەوە ماوەتەوە، ئەمڕۆیش بە گوتنەوەی ''مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕی'' هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگی بۆ دەدرێت. ئەوانەی بەرگری لەم بۆچوونە دەکەن بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆبەخشانە حەماڵی بۆ تاران، ئەنقەرە، بەغداد و دیمەشق دەکەن.

لێرەدا ''ناپاکییەکەی کەرکووک'' بەشێکە لەم سیاسەتە. وەنەبێ ئەمە مەسەلەیەکی لەناکاو سەرهەڵدراو بێت. بەڵکو ئەمە پەیوەندیدارە بە مێژووی ''نیمچە بیرمەندەکان''ی سیاسەتی کورد.

مامۆستای فیکریی ئەوانەی ناپاکییەکەیان ئەنجامدا نەوشیروان مستەفا، لەساڵی 1969 لە گۆڤارەکەی خۆیدا بەناوی رزگاری، لە گوتارێکیدا نووسیوێتی:"مستەفا بارزانی دەیەوێ عێراق دابەش بکات، لەکاتێکدا ئێمە لەگەڵ یەکگرتوویی عێراقداین''. بەمشێوەیە مستەفا بارزانیی بە دابەشکردنی وڵات تۆمەتبارکرد.

ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان و چەند گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پەیڕەوی دەکەن، شەقڵی درێژپێدەری سیاسەتی نیمچە بیرمەندیی کوردی پێوە دیارە کە لە ساڵانی 60'دا بناغەکەی لێدراوە.

لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا دۆخەکە جیاواز نییە. هێشتا بیرمەندی دەوشیرمەی وەکو نەوشیروان مستەفا کە پەروەردەکراوی دەستی مێترۆپۆڵن لە سیاسەتی کورددا کاریگەرییان هەیە. گوتنەوەی ''بیری بوونە دەوڵەتمان خستە زبڵدانەوە'' دیارترین نموونەی ئەم راستییەیە.

بارودۆخ لە کوردستانی سووریایشدا جیاواز نییە، بۆچوونی پەیوەستبوون بە ئایدۆلۆژیای "رۆژئاوا ناچارمان دەکات بەرەو دەوڵەتبوون بچین، بەڵام ئێمە نامانەوێت خۆمان بخەینە ناو ئەو ئاڵۆزییەوە" بۆچوونی نیوەی رۆشنبیری کوردە و پارێزگاری لێ دەکەن، بەڵام ئەمە بۆچوونە سیاسەتی کوردستان نییە.

بانگکردن بۆ کۆنگرەی نەتەوەییش، بە ناوی بەربەست دروستکردن بۆ هەوڵی دەوڵەتی کوردی، گەمەیەکی (سەخیف)ـی وڵاتانی ناوچەکە بوو. ئەم هەوڵەیش بە ئاڕاستەکردنی لاوازکردنی هەوڵی سەرۆک بارزانی بوو. کۆنگرەی نەتەوەیی و دانانی KESK و دامەزراوەکانی هاوشێوە و داکۆکیکردن لەوەی 60%ی راگەیاندراوەکانی کۆنگرە ئەوان خاوەنی بن، بە شێوەیەکی زۆر روون بەرچاوی ئێمەی زیاتر رۆشنکردەوە.

 هەروەها ئەگەر بێت و پرسی ئەو ئەکادیمسیانانەیش بۆ بابەتەکەمان زیاد بکەین، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی نین، باشتر دەزانین رەوشەکە چەند جێی سەرسوڕمانە. ئەو ئەکادیمسیانانە هیچ سڵیان لەوە نەکردووە کە سووکایەتی بە بارزانی بکەن و رەخنەی لێ بگرن. تەنانەت لەبەر ئەوان، پەلاماری پیاوە ئایینییەکانی ناو کۆمەڵگەشیان دەدا، بەڵام تۆقیبوون لەوەی رەخنە لە پەکەکە پەکەکە بگرن.

ئەوان لە کاتی خۆیدا دەیانگوت "بارزانی بۆچی ریفراندۆم ناکات و بۆچی دەوڵەتی کوردی راناگەیەنێت" بەڵام بارزانی دەیزانی کە ئەم کارە چەند سەختە، بۆیە دەیگوت " ئەگەر بمزانیبایە کورد، یەک ساڵ بەرگەی ئەو ناخۆشی و ئازارە دەگرن، بەیانی دەوڵەتی کوردیم رادەگەیاند".

بارزانی سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشە و ناخۆشیانەی هاتنە پێش، ریفراندۆمی ئەنجامدا و لە بەردەم هەموو جیهان سەری کوردی بەرزکردەوە و ریفراندۆمیشی وەکو بەڵگەیەک لە شێوەی (تاپۆ) بۆ گەل جێگیر کرد.

دوای ریفراندۆم

ئێران و ئەو شوێنانەی هاوکاری ئێران دەکەن ئاشکرایە، کە ئەوان هیچ گۆڕانێک بەسەر سیاسەتەکانیاندا نەهاتووە. تورکیایش لەبەر ئەوەی ماف و حقوقی کوردی وەکو پێویست نەداوە، بۆیە ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات. ئەمەیش راستییەکە و دوای ریفراندۆمیش زۆر باشتر ئەم خاڵانە لە لایەنی ئەوانەوە بە روونی دیارکەوت.

بەغدا و دیمەشقیش هەڵوێستیان هیچ مانایەک نادات بە دەستەوە، چونکە ئەو 2 وڵاتە مانەوەیان وەکو دەوڵەت لە دەستداوە و هاوکاری رووسیا و ئێران وای کردووە لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

ئەگەرچی سیاسەتی رووسیا و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد لە جاران جیاوازتریش بێت، ناتوانێت لە راستیی بابەتەکە لابدات. گۆڕانی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بووە بە رووداو، سەڕەڕای هەموو کەموکوڕییەک بەڵام کوردەکان خزیون بەرەو گۆڕانکاری.

تێزی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێنانە کایەی ئارامییە بۆ ناوچەکە، بەڵام بۆ کورد راستییەکان دەشێوێنێت. سەدان ساڵە بە ناوی ئایین و مەزهەب و نەژادپەرستییەوە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژیانی تێدا نەماوە، بەڵام بۆ ئەوەی لە رێگەی کوردەوە هاوسەنگییەکە رابگرێت، سیاسەتی بە یەکەوە ژیان پەیڕەو دەکات کە ئەمەیش سیاسەتێکی دروست نییە. 

کوردەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە وڵاتەکەی خۆیاندا،  جێگەی هەموو ئایین و مەزهەب و کەمینەیەکیان کردووەتەوە، شوێنیشیان بۆ نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە کردووەتەوە. ئەم هەوڵە نائاساییەیش لە هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام نەدراوە.

لەناوبردنی گرووپێکی تیرۆرستی وەکو داعشیش، تەنیا بە دەستی کوردان ئەگەرێکی بە هێز بووە، بەڵێ هاوکارییەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە لە بیر ناکرێت، بەڵام ئەو هاوکارییەی کە دراوتە ئەفغانستان بۆ لەناوبردنی تیرۆر، دەبینین تاوەکو ئێستایش ئەلقاعیدە و ئەو گروپانەی سەر بەو بوون چالاکییان بە هێزە. ئەمریکا دەبێت ئەو راستییە بزانێت و بە گوێرەی ئەوەیش سیاسەت بکات.

ئەو شڕۆڤانەی لە واشنتۆنەوە دەگەنە دەستی ماکگۆرک راست نین. بەڵکو راستی بوونی ئێران باس نەکراوە و دەیانەوێت لە رێگەی عەبادییەوە مالیکی بپاڵێون و ئێرانیش لاواز بکەن، بەڵام ئەو ئامانج و ستراتیژییە چانسی سەرکەوتنی نییە.

وڵاتانی ئەوروپایش، رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەو سیاسەتەی کە ئەمریکا دەیەوێت جێ بەجێی بکات.

کاتێک دێتە سەر کوردەکان:

چەپەکان و ئەو پارت و رێکخراوانەی ناسنامەی ئیسلامییان هەیە،  پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا شاراوە نییە. پیلانی سیاسەتی ئێرانیش بۆ لەناوبردنی کورد و دوژمنایەتی کورد تازە نییە، لە نەوەدەکانیش لە کاتی (شەڕی براکوژی) و کودەتاکردن بەسەر پەرلەمانی کوردستاندا، هەر بە پیلانی ئێران رێکخرابوو.

لە 23ی حوزەیرانیش، کاتێک کۆنسوڵی ئێران لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا بوونی هەبوو، هەر هەوڵی کودەتایەکی ئەوان بوو. پیلانی ئەو کودەتایەش لەناوبردنی سەرۆک بارزانی بووە و ئامانجیان ئەو بووە.

ئیتر دەبێت کوردەکان بزانن کە ئێران چەند جێگەی مەترسییە بۆ ئەوان، بۆیە دەبێت دەست بەجێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنن و لێی نزیک نەبنەوە.

هاوبەشی تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا، لە هەمان کاتدا  پشت دەبەستێت بە دیالۆگی نێوان کورد و تورکیا. هەرکاتێکیش بابەت بێتە سەر کوردستان، تورکیا جاروبار سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئێراندا دەگۆڕێت و گۆرانی بەسەر هەڵوێستەکانیدا دێت.

پێویستە سیاسییەکان و پارت و لایەن و رۆشنبیر و ئەکادیمسیەن و دامەزراوەکانی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیانەی دەیبینن هەنگاو بنێن. لەو خاڵەیشدا هەڵوێستی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگە، هەموو ئەو کوردانەی خاوەن شەڕەف و کەرامەتن پێویستە خۆیان بە خاوەنی بارزانی بزانن.

بابەتێکی دیکە هەیە بەتایبەت دەبێت ئاماژەی بۆ بکەین، ئەویش رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەیە، کە نابێت بڵێین ئەو پارچانەی کوردستان برامانن، بەڵام هاوبەشی ئێمە نین، ئەمە بۆچوونێکی هەڵەیە. ئەو لێدوانانەیش کە هەندێک جار سیاسییەکان دەیدەن و بەکاری دەهێنن، دەبێت بزانن کە زۆر بێمانا و زیانبەخشن.

"بۆچوونی قازانج و زیانی ئێمە هیچ پەیوەندییەکی بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە نییە'' زۆر هەڵەیە، ئەمە نابێتە سیایەتێکی نیشتمانی. ئەم سیاسەتەیش دوای ئەوەی داعش لەم پارچەیەی کوردستان دۆڕا و ئەنجامدانی ریفراندۆم و دوای داگیرکردنی کەرکووک، هەست بە هەڵەکەی کرا. هەروەها لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بینیمان کە چ خۆپیشاندانێک رێکخرا.

ئەنجام

لەم سەردەمەدا گەلی کورد، نەیتوانیوە وجوود و خۆی بە گوێرەی مەرجەکان بگونجێنێت و سیاسەتێکی تەواوی نییە. بە پشت بەستن بە ئەزموونی 120 ساڵ خەباتی بارزانییەکان بۆ مانەوە لە سەر پێی خۆیان، دوای هەوڵی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش، دەبێت بە جوانی حیساباتی ئەوە بکەن کە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پشێوی بنێنەوە و ئاژاوە دروست بکەن کێن و خوێندنەوەی بۆ بکەن.

لێرەدا دەزگای پاراستن ئەوەی لەسەری بووە نەیتوانیوە بەجێی بگەیەنێت، چونکە بێ ئاگایی لە تۆڕی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک، کارەساتە.

بەشێکی زۆری سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، خاوەنی ئەو توانایە نین وەکو سەرۆک بارزانی بتوانن پڕۆسەی ریفراندۆم بەڕێوە ببەن. بۆ قسەکردنیش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنیا زانینی زمانی ئینگلیزی بەس نییە، بەڵکو دەبێت لە هەمان کاتدا، توانای ئەوەشت هەبێت لە سیاسەتی جیهاندا شارەزاییت هەبێت و بەرەو پێش چووبیت. بۆیە لە کاتێکی وا هەستیاردا، نابێت ئەو جۆرە کەسانە بکەیتە راوێژکار و وەزیری خۆت، ئەمە زۆر هەڵەیە.

ئەم جۆرە سەرکردانە، پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد هەموو شتێک زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوە دەچێت، ئەوان هەڵوەستەیان لەسەر ئەو خاڵە نەدەکردەوە کە پێویستی بە رەخنە هەبووە و کەموکوڕی تێدا بووە. بەڵام خوا نەکات دوای شکستێک، یەکەم کەس بارزانییەکان دوور دەخرێنەوە.

هەموو پارتە سیاسییەکان و دامەزراوەکان و، بە تایبەتی کەسە زانستخوازەکان، پێویستە بەم شێوەیە سیاسەتی خۆیان دیاری بکەن:

دەبێت بەو پڕەنسیپە سیاسەت بکەن، کە لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بەیەکەوە بجوڵێن و نابێت دەستبەرداریان ببن. چەپەکان و هەندێک لە رێکخراوە ئیسلامییەکان، بەرامبەر بە ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا وەستاونەتەوە، هەروەها ئەمەیش بەو واتایە دێت خزمەت بە ئەنقەرە و تاران دەکەن. سیاسەتی دوور بکەونەوە لە ئیمپریالیست یان کافرەکان تاوەکو ئێستایش بەردەوامی هەیە، ئەمەیش بۆ کوردەکان کارەساتێکی سیاسییە.

لە رابردوودا کاتێک باران لە مۆسکۆ دەباری، لە ئامەد سەیوانیان هەڵدەکرد، سیاسەتی نیمچە بیرمەندە کوردەکانیان ئیفلاس پێ کردبوو. ئەم کارتە سیاسییەش ئیتر چالاک نییە و نایخوات.

ئێستا ئەوەی شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە لە شوێنی سۆشیالیست و ئینتەرناسیۆنالیستەکان، دەردەکەوێت ئومەتچییەکان داگیریان کردووە. لە پێناو قودس، موسڵمانەکان داوا لە خەڵک دەکەن بڕژێنە سەر شەقام، بەڵام کاتێک کەرکووک داگیر دەکرێت، تەنیا یەک دوو بەیاننامە دەردەکەن، وەکو پێویستیش دڵسۆز نین بۆ ئەو بابەتە. ئایا بە لایەنی کەمەوە، نەدەبوو هەمان شتیشیان بۆ داگیرکردنی کەرکووک بکردایە؟

ئەگەر بە یەکیان ببەستینەوە:

خیانەتی کەرکووک یەکەم خیانەت نییە، گەلی کورد تا دەوڵەتی خۆیان دادەمەزرێنن، رووبەرووی ئەو جۆرە سوپڕایزە خراپانە دەبنەوە. ئەوەی گرنگە خیانەتەکان پوچەڵ بکەنەوە، دوای خیانەتی کەرکووک دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی "ئەو بەشەی سیاسییەکان، دڵسۆز نەبوون و ساڵح نەبوون"

لە بەرامبەر چەتەکانی وەکو داعش و حەشدی شەعبی، لە بەرەکانی شەڕدا بە سەدان کوردی باشوور و باکوور و رۆژئاوا شەهیدبوون، بۆیە کە ئەو بەشە سیاسییانە بیر لەو لایەنە نەکەنەوە، دەبێت ئەرگیومێنتێکی پێویستمان بۆی هەبێت.

پارتەکانی باشوور، بە ناوی ئەوەی تورکیا و ئێران نەوروژێنن، قوربانییان دا، بەڵام بۆشاییەکیان دروستکرد لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئەمە بەس نەبوو.

تورکیا و ئێران کاریان کرد تاوەکو ئەوەی هەشە لە ناوی ببەن. بەڵام دەنگۆی ئەوەیش دەکەن هەموو گەلێک مافی هەیە قەدەری خۆی دیاری بکات، کەچی لە کردەییدا بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ناکەن، تەنانەت یەک رێککەوتنی یاساکانی مافی مرۆڤیشیان واژۆ نەکردووە، کەچی بە یارمەتی روسیا دەست لە کاروباری وڵاتان دەدەن.

کورد تەنیا بۆ سەربەخۆیی نا، بەڵکو خەباتکردن بۆ هەڵکێشانی هەناسەیش، ناچارە لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی رۆژئاوا بە یەکەوە بجوڵێ و سیاسەت بکات، نابێت ئەمەی لە بیر بچێت. دەبێت کۆتایی بە چیرۆکی ئەو ستاتۆ و برایەتییە بهێنرێت کە سەدان ساڵە وڵاتانی ناوچەکە بە شایستەی کوردی دەزانن.