image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

قۆناغەکانی هەڵبژاردن بۆ تێگەیشتن لە پرسە سیاسییەکان و ناسینی سیاسەتوانان هەلێکی ناوازەیە. چوونکە سیاسەتوانان و ئەو پارتانەی کە نوێنەرایەتییان دەکەن یەک ئامانجیان هەیە.

بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنێک بە ویستی گەل، جا باجەکەی هەر چییەک بێت...

لەم سەردەمەدا لەپێناوی چوونە سەر دەسەڵات، هەندێک جار تەنیا لەپێناوی بوون بە پەرلەمانتار، هەموو بەها و پڕەنسیپەکان دەخرێنە ژێر پێ.

جا ئەم نزیکبوونەوەیە لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بەڕێوەبردنی دیموکراسیانە و سیستمی حقوقی تێیاندا کارا نییە، زیاتر بەر چاو دەکەون. چوونکە ئەسڵەن ڕێی تێناچێت باس و خواستی پڕەنسیپی دەوڵەتی دیموکراسی و حقوق لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناویندا بهێندرێتە پێشەوە.

کۆماری تورکیاش لەو ڕۆژەوەی کە دامەزراوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەتا ئەگەر بانگەشەی دەوڵەتێکی دیموکراسیانە بۆ خۆی بکات، ئەوە ڕاستییە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە ئەمە ڕاست نییە.

ڕەجەب تەییب ئەردۆگان و کوتلە فراوانەکانی ئاکەپە، بە بانگەشەی گۆڕینی پێکهاتە ئیدارییەکەی تورکیا، هەروەها بانگەشەی بوون بە دەوڵەتی یاسا کەوتنەڕێ و پشتیوانییەکی گەورەی گەلی کوردیان بەدەستهێنا.   

بەڵام دوای ماوەیەک، ئەردۆگان لەپێناوی هێنانی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ تورکیا و لەپێناوی ئەوەی ببێتە سەرۆکێکی بێ قەید و شەرت لە ووڵاتەکەدا، تەنانەت ستافەکەی خۆشی پاکتاوکرد و بەها و پڕەنسیپەکانی خستە ژێر پێی.

ئەردۆگان لەگەڵ کەسانی ڕەگەزپەرستی وەکو دەوڵەتی باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە پێشتر جێی باوەڕ نەبوو لەگەڵیدا ڕێ بکات، هاوڕێیانە دەستی بە ڕۆیشتن کرد.

هەروەها هەڵوێستی خۆی لە پرسی کورددا گۆڕی و پرسی چارەسەریی هەر وەک خۆی دەڵێ ''بەست''.

لەکاتێکدا پێویست بوو ئەردۆگان بەدەر لە هەڵوێستی هەدەپە و پەکەکە، هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە بنێت. چوونکە بەرپرسیاریەتیی دەوڵەت یاخود حکومەت، زۆر جیاوازە لەگەڵ بەرپرسیاریەتیی ڕێکخراوێک.

ئەوەی ماوەتەوە کە بگوترێ، بەرپرسیاری چارەسەرنەکردنی پرسی کورد هەدەپە یاخود پەکەکە نیە، بەڵکو خودی دەوڵەتی کۆماری تورکیایە. دەسەڵاتیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییەدا، لەسەریەتی 'بە بەرپرسیاریەتیی دەوڵەتبوون'ەوە هەنگاو بنێت.

ئەردۆگان و دەسەڵاتی ئاکەپە لەبڕی لە ئەستۆگرتنی ئەم بەرپرسیاریەتییە، پێداگرییان لەسەر هێڵە سیاسییەکەی خۆیان کرد.

لەپێناوی بوون بە سەرۆک، هەموو شتێک کرایە قوربانی...

باشە تاکە بەرپرسیاری ئەوە کە ئەردۆگان هێندە بەڕادیکاڵبووە، تەنیا خۆی بوو؟

ئەو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە پێش کۆماری تورکیاوە هەن، بابەتگەلێکی جیاوازن.

ئێمە لێرەدا لەسەرمانە تاووتوێی ئەو بەرپرسیاریەتییە بکەین کە دەکەونە سەر شانی کورد.

'ناتکەین بە سەرۆک'

پێشتر گوتمان کە زۆر جار هەڵبژاردنەکان دەبنە خاڵی وەچەرخان...

با چاوێک بە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بخشێنینەوە.

هەروەک دەزاندرێت، هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیرانی ٢٠١٥ سەرکەوتنێکی نایابی بە رێژەی %13.12 بەدەستهێنا. لەکاتێکدا کە پێشتر هیچ پارتێکی سیاسیی کوردڕێباز بە شێوەی یاسایی نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی وەها بەدەستبهێنێت.

ئەو سەرکەوتنە لە هەمان کاتدا هەموو جۆرە هەلێکی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەردۆگان و ئاکەپە پێشکەش بە هەدەپە کرد.

هەدەپە دەیتوانی بەر لە هاوبەشێتیی نێوان ئاکەپە و مەهەپە بگرێت.

دەکرا پێش لەوە بگیرێت کە ئاکەپە مەحکومی مەهەپە نەبێت.

دەکرا پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی خێراتر هەڵبسووڕێندرایە، ئەوە لەکاتێکدا کە هەدەپە ئیدی دەبوو بە هاوبەشێکی حکومەت.

بەمشێوەیە،

هەروەها بەر لە شەڕی خەندەقیش دەگیرا کە پرۆژەیەکی ئێران بوو و پێش لە گیانلەدەستدانی 7 هەزار گەنجی کورد دەگیرا کە بە هۆکاری شەڕی خەندەق ڕۆیشتن.

ڕووداوەکانی جزیرە، شرناخ، نسێبین و ناوچەکانی سور ڕوویان نەدەدا.

بە ملیۆنان کورد ناچار نەدەبوون کە خاکی خۆیان جێبهێڵن.

بە ئەگەرێکی زۆر تورکیا پێویستی بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەر عەفرین نەدەما.

بەڵام دۆخەکە بەمشێوەیە نەبوو...

هەندێک لە لایەنەکان بەرپەرچی نزیکبوونەوە ئۆتۆریتەرییەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆگانیان بە دروشمی 'ناتکەین بە سەرۆک' دایەوە و بەمەش هەدەپەیان دەخستە نێو بازنەکەوە.

باشە کێ بوون ئەو لایەنانە؟

زۆر ڕوونە کەمالیستەکان، ئەرگەنەکۆنەکان، جەماعەتی (گولەنییەکان)، ئێران بەتایبەتیش چەپڕەوەکان....

خۆی لەخۆیدا ئەم گرووپانە کە لە هیچ خاڵێکی هاوبەشدا کۆناکرێنەوە، لە خاڵی ئەوەی کە ئەردۆگان ناکەن بە سەرۆک، یەکیان گرت.

ڕەهەندێکی دیکەی ئەم سیناریۆیە هەبوو کە لە تورکیادا نەبیندرا.

کەمالیستەکان و ئەرگەنەکۆنەکان، ئەوانەی نزیکن لە ئێران بەشێکی ناسراو لە گۆڕان، کۆمەڵ و یەنەکە پلانێکیان بۆ باشووری کوردستان داڕشتبوو.

سێکشنی باشووری کوردستانی ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی 7ی حوزەیرانی 2015 بە ئەردۆگانیان دەگوت ''تۆ ناکەین بە سەرۆک''، بە یاوەریی کۆنسوڵخانەی ئێران لە 23ی حوزەیرانی 2015 لە دانیشتنێکدا کە تا هەوڵی داگیرکردنی پەرلەمانی کوردستانیان دا بە گوتنەوەی؛ ''ئەردۆگانمان نەکرد بە سەرۆک. بارزانی! تۆش ناکەین بە سەرۆک''، هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەیان دا کە ئەو لایەنانە پێیاندابوون.

بەڵام سەرۆک بارزانی لە چەشنی ئەردۆگان هەڵسوکەوتی نەکرد، بەڵکوو وەکو هەمیشە بە کرداراە ئارامەکەیەوە هەوڵی پێشگرتنی لە مەترسییەکە دا.

با بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا...

''بلۆکی کورد''

گرینگترین بابەت بۆ کورد ئەوەیە کە هەڵەکانی 7ی حوزەیرانی 2015 لەم هەڵبژاردنانەدا دووبارە نەکاتەوە.

 لێرەدا دیسان ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەدەپە.

هەدەپە کە وەکو بەرپرسیاری قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی 2015 تاوەکو ئەمڕۆ دەبینرێت، لەمڕۆش بەدواوە دەتوانێت رۆڵی کردنەوەی گرێکان ببینێت، لە خوڵقاندنی دۆخێکی سیاسی بۆ کورد.

هێنانەدیی ئەمەش بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک دەبێت لە نێوان هەدەپە و پارتە کوردییەکانی دی.

بەڵام هەدەپە لەم خاڵەشدا نزیکبوونەوەیەکی درووست نیشان نادات.

لێرەدا ئەمە دەبینرێت کە هەدەپە بلۆکێکی کوردی لەگەڵ هەندێک پێکهاتە پێکدەهێنێت کە تەنانەت توانای بەدەستهێنانی یەک پەرلەمانتاریشیان نییە. بەڵام هەدەپە چاوپۆشی لە هێز و توانای هاکپار و هوداپار و پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا لە ناوچەکەدا دەکات.

ئەم نزیکبوونەوەیەی هەدەپە لە ئێستاوە نیشانی دەدات کە ''بلۆکی کوردی''ی چاوەڕوانکراو ڕاچڵەکێنەرە.

هەدەپە جگە لە خۆی، بە گەرمی پێشوازی لە پارتە کوردییەکان ناکات. بە داخەوە کە بارتەقای ئەو گرینگییەی بە تورکە چەپڕەوە پاکتاوکراوەکانی دەدات، بە پارتە کوردییەکانی نادات.

هەروەها بە پێچەوانەی درووشمی ''با بەیەکەوە بجووڵێین'' کە بۆ جەهەپەی ناردبوو، هەنگاو دەنێت.

لەلایەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بڕیاری کاندیدکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی دا، لەلایەکی دیکەوە ڕوونکردنەوە دەدات ودەڵێت؛ لە ئەگەری کاندیدبوونی عەبدوڵا گول، دۆخەکە هەڵدەسەنگێنین.  

دیدار و سەردانی لەمەڕ دروستکردنی بلۆک ئەنجامدەدرێن.

ئەمەی دەبیندرێ ئەوەیە کە هەدەپە گرینگیی پێویست بە ''بلۆکی کوردی'' نادات.

هەدەپە ئەو هەڵەیەی لە هەڵبژاردنەکانی 2015'دا کردی، لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا باجەکەی دا.

ئەگەر بژاردەیەکی دیکە لە پەرلەمان هەبووایە، بۆی هەبوو هەدەپە بە تەواوەتی بخرایەتە دەرەوەی بازنە.

سەرەنجام بە هەر شێوە و بەهایەک بێت، پێویستە ''بلۆکی کوردی'' دروستبکرێت.

دروستکردنی ئەم بلۆکەش تەنیا بە هەڵوێستی درووست و دڵسۆزانەی هەدەپە ڕێی تێدەچێت.

ئەم بلۆکە کوردییە هیوا بە گەل دەدات و ئەم گەلەش پەرلەمانتاری زیاتر دەنێرێتە پەرلەمانەوە.

لە حاڵەتی پێچەوانەدا، بەداخەوە دۆڕانێک چاوەڕێی کورد دەکات.

با وەبیرمان بێتەوە کە لە ئاکامی سیاسەتی هەڵەی کورد، عەفرین و کەرکوکمان بە ناپاکیی نێوخۆیی لەدەستدا.

هیوادارم هەدەپە لە باکووری کوردستاندا کە هێزی سیاسیی لەدەستدایە، بە ئەرکی سەر شانی خۆی هەڵبستێت و گەلی کورد تووشی شکستێکی هاوشێوەی ناپاکیی کەرکووک و دۆڕانی عەفرین نەبێتەوە.  

 

 

ڕۆژهات ئامەدی

02.05.2018