image
رۆژهات ئامەدی نوسەر
image

دۆخی دژە ریفراندۆمەکان دوای دۆڕانیان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار و قۆناغی نوێ...

 

جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوین بە کوردستانیشەوە، بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق و سووریادا دەگوزەرێ، بە روونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی سنووری کێشراوی خۆرهەڵاتی ناوین کە لەمیانی جەنگی جیهانیی یەکەم لەڕێی رێککەوتنی سایکس پیکۆی واژۆکراوی نێوان بریتانیا و فەرەنسا، ئیدی بەسەرچووە.

هەروەها هاوسەنگیی سیاسیی  سەردەمی شەڕی ساریش ئیدی بەسەرچووە. هەروەکو پێشتر، هیچ کەسێک ناچار نییە تووڕەیی ئەو تورکیایە بکێشێت کە ئەرکی جەندەرمایەتیی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەتی بۆ ناتۆ لە ئەستۆگرتووە و بووەتە منداڵە لاسارەکەی ناتۆ و ئەمریکا.

بە تێپەڕبوونی هەر رۆژێک زیاتر رووندەبێتەوە کە مەسەلەی کوردستان رۆڵی یەکلاکەرەوە لە گۆڕانکارییە گرنگەکانی ئەم زەمینەیە و دووبارە دیزاینکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناویندا دەبینێت.

بە هۆی ئەوەی مەسەلەی کوردستان مەسەلەیەکە لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا، خۆی لە خۆیدا تایبەتمەندیی ئەوە هەڵدەگرێت کە مەسەلەیەکی خۆرهەڵاتی ناوینە. لە دۆخی هەنووکەییدا ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە تەواوی جیهانەوە هەیە.

 هەروەها پێویستە ئەم راستییە قەبوڵ بکرێ کە کوردان لەم پرسەدا ''میکانیزمی تاکلایەنە نین بۆ بڕیاردان''.

پێویستە کوردان لە بابەتی دووبارە دیزاینکردنەوەی خۆرهەڵاتی ناویندا، بۆ ئەوەی مەسەلەی کوردستان بە شێوەیەکی تەندروست بگەیەننە ئەنجام و چارەسەری بکەن، تەواوی ئاکتۆرە سیاسییە قسە ڕۆیشتووەکان و ئەو لایەنانەی کە قۆناخەکە دیاری دەکەن، بە هێند وەربگرن.

 پێویستە کوردان بزانن کە سیاسەت زۆر کات راکردنێکی ماراسۆنییە.

لەم ماراسۆنەدا ئەوانە بە هێند وەرناگیرێن کە نازانن چۆن رادەکەن و زوو ماندوو دەبن و دەسڵەمێنەوە.

دیپلۆماسی لە جەنگی گۆڕەپانەکان ناچێت، پێویستە بزانرێ چۆن پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە باشی دەخوێندرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. هەروەها ئیتر تەنیا ئەو لایەنانەی کە قەناعەت بە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەهێنن و لەگەڵیاندا رێ دەکەن، دەتوانن پارێزگاری لە مانەوەیان بکەن.

لەم نێوەندە لایەنی کەم پێویستە چاو بخشێنینەوە بە  رووداوەکانی باشووری وڵاتەکەمان لە ١٥ ساڵی رابردوو.

 

بێ تێگەیشتن لە سیاسەتی تورکیا و ئێران لە بابەتی کورد، رێگەی تێ ناچێت روونکردنەوە لەسەر ئەوە بدەیت کە کوردان بە چ دۆخێکدا تێپەڕیون و ئێستا لە چ دۆخێکدان؟

دەبینین کە ئێران و تورکیا لە هەندێ بابەتدا، بۆ قەناعەت هێنان بە ئەمریکا سیاسەتێکی ناوازە بەکاردەهێنن. بە شێوەیەک کە تەنانەت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە قەناعەت پێکردنی بەشێکی گرنگ لە کوردانیش.

 

چۆن؟

ئێران و تورکیا، نوێنەرانی ئەمریکایان لە خۆرهەڵاتی ناوین بە جۆرێک هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی کە ''رێفراندۆمی سەربەخۆیی دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوییەکی وەها کە دەرچوون لێی ئەستەمە'' ئەمەیان کردە بیرۆکەیەک و چەسپاندیان. ئەوە بوو بەشێکی گرنگ لە سیاسەتوانانی کورد یان چوونە ریزی بەرەی دوژمن، یانیش سیاسەتی ''دەبمە لایەنگری ئەوەی کە براوەیە''یان گرتە بەر.

لەکاتێکدا کە گەلی کورد و کوردانی دیاسپۆرا (کەمایەتی-جیا) ئەرکی مێژوویی خۆیانیان بەجێگەیاند، رووناکبیر و سیاسەتوانانی کورد هەروەک هەمیشە سیاسەتێکی تەندروستانەیان نەکرد.

لەکاتێکدا گەلانی باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەستپێشخەرییە ئەوروپاهەژێنەکانیان واژۆیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کرد، بەشێکی زۆر لە کوردانی باشوور خەریکی پیلانی ئەوە بوون لە پشتەوە لە سەرۆک بارزانی بدەن.

هەروەها دوای رێفراندۆم پسوولەی دۆڕانی 'کاتی' لەسەر سەرۆک بارزانی حساب کرا.

 

تەنانەت بەشێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەهۆی ئەوەی چەند مانگێک بوو مووچە نەدەدرا بە شێوەی نهێنی لێرە و لەوێ سەنگەریان دژ بە سیاسەتی رێفراندۆمی سەرۆک بارزانی گرت.

بەڵام ئەم لاهوورە پەنهانییانە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایار دژە ریفراندۆمەکانیان بینی کە شکستیان خوارد، ئیدی دەستیان بە خۆ پاککردنەوە لە گوناه کرد.

دۆخەکە ئاماژەیە بۆ ئەمە،

کورد دەبێ قەناعەت بە جیهان بهێنێت لەبارەی وجودی کورد، ئەمریکاش لەبری پێگە گرتن لای هاوپەیمانانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ ئیدارەدان و سیاسەتەکانی تورکیا و ئێران مایەوە.

هەرچی باسی ئەو دۆخەیە کە کورد تێیکەوتووە، بۆ ئینسافی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، لەمەش خراپتر بۆ هەڵوێستی ئێران و تورکیا جێهێڵدرا.

لەکاتێکدا کە سیاسەتی دژە کوردی تورکیا و ئێران، هێندەی ئەوە ترسناکە کە ئەمریکایش بخاتە بۆسەوە.

ئەگەر بێت و لەم بابەتەدا چەند نموونەیەک نیشان بدەین؛

 

هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە

ئەو کاتەی لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا پۆڵ برێمەری وەک حاکم لە عێراق دانا، یەکەم کاری برێمەر پاڵاوتنی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، چونکە وڵاتانی ناوچەکە فشاریان بۆ ئەمە دروستکردبوو.

با سەیرێکی ئەم دیالۆگەی نێوان پۆڵ برێمەر و سەرۆک بارزانی بکەین کە لە کۆبوونەوەیەکی شاری بەغداد ئەنجامدراوە:

برێمەر: دەبێ هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە.

بارزانی: هیچ هێزێک ناناسین کە ویستی هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەبێت.

برێمەر: ناچارن هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە، ئەمە هێڵی سووری ئێمەیە.

بارزانی: ئەگەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئێوە هێڵی سوورتان هەبێت، ئێمەش هێڵی سوورمان هەیە. من دەگەڕێمەوە بۆ کوردستان، ئەگەر دەتوانی فەرموو وەرە بۆ کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێنەوە.

دوای ئەم دیالۆگە سەرۆک بارزانی هەڵوێستی خۆی و کوردستان نیشاندەدات و دەگەڕێتەوە.

دوای ماوەیەک پۆڵ برێمەر، لە سایەی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی باشتر لە جاران کوردەکان دەناسێت و پەی بە هەڵەی خۆی دەبات. چونکە پێشتر گوێی بۆ مالیکی و جەردەکانی وەکو ئەو گرتبوو.

هەرچۆنێک بێت ئەمریکا و ئەو بەرپرسانەی ویستیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەبوو و هەستیارییان لەم بابەتەدا نیشاندەدا، دواتر ئەو قارەمانییەتییەی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە بەرانبەر رێکخراوی تیرۆرستیی داعش بینی، ئەو داعشەی ببووە بەڵا بۆ جیهان.

 

پێکهاتەی فیدراڵ بەگوێرەی جوگرافیای کوردستان نییە، دەستپێشخەریی کێشکردنی کوردستان بۆ سیستمی ویلایەت

پۆڵ برێمەر دوای هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بە واژۆکردنی رێککەوتنێک بە سەرۆککۆماری ئەوسای عێراق، جەلال تاڵەبانی دەستپێشخەرییەکی دیکەی کرد کە دەکرێ بۆ کوردان بە کارەسات هەژمار بکرێت.

بەگوێرەی ئەو رەشنووسەی کە ئامادەکرابوو و پێشنیازی سیستمی ویلایەتیی وەکو ئێرانی بۆ عێراق کردبوو، هەولێر نەدەبووە پایتەخت و هەر پارێزگایەک دەگەڕایەوە سەر بەغداد و پێوەی بەند دەبوو.

سەرۆک بارزانی ئەم داواکارییەشی رەتکردووەتەوە، جەلال تاڵەبانی ناچار بووە واژۆکەی بکێشێتەوە.

 

نزیکی سووریا و کوردستانی سووریا بوونەتەوە

ئەمریکا، لە سیاسەتەکانی لە سووریا و کوردستانی سووریا بە هەموو شێوەیەک 'سیاسەتی زویر نەکردنی تورکیا'ی کردبووە رێسای خۆی.

هەر بە ئاشکرا بە رێکخراوەیی بوونی کوردانی دیموکرات قەدەغەیە، گۆڕەپانەکان بۆ ئێران و پەکەکە جێهیڵدراون.

هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لەمەڕ پێکەوە هەنگاونانی کوردان گورزی لێ وەشێندراوە، ئەمریکاش لەم دۆخەدا تەنیا تەماشاکارە.

ئەمریکا، ٦ ساڵ لەمەوبەر وای لە هەمووان کرد کە بڕوا بە چیرۆکی ''بەشار ئەسەد ٤ مانگ تەمەنی ماوە'' بکەن، بە هەمان شێوە وایکرد سەرۆک بارزانیش ئەمە پەسند بکات.

لەکاتێکدا بەشار ئەسەد ئێستاش هەر لەسەر حوکمە

کە ئەم سیاسەتە رێگەخۆشکەر بوو بۆ گیان لەدەستدانی سەدان هەزار کەس و ناچارکردنی ملیۆنان کەس بۆ ئەوەی کۆچ بکەن.

سیاسەتی ئەمریکا لە سووریادا تەنیا دوای سەردەمی ترەمپ خەریکە رێککاریی بەخۆیەوە ببینێ، بەڵام دەکرێ لەمەدا دواکەوتنێک هەبێت.
 

هەڵوێستەکان لەبارەی رێفراندۆمی سەربەخۆیی

ئەمریکا و هاوپەیمانانانی لە بابەتی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کەوتنە ژێر کاریگەریی ئێران و تورکیا، هەروەها هەڵوێستی نزیکە ئێرانی برێت مەکگۆڕ کە پێگەی پۆڵ برێمەری گرتووەتەوە، بوونە هۆکاری هەڵەی گەورە.

دەکرا ئەمریکا و هاوپەیمانان سیاسەتێکی تەندروستانەتریان بکردبا.

کاتێک باس لە سیاسەتە گرفتاوییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوین دەکرێ، پێویستە سەرنج بدرێتە ئەو هەڵانەی کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا ئەنجامدراون.

ئیدارە ئۆباما کە نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری ناردە تاران، دەکرا بزانێت کە ئەو پارەیە بەرانبەر پرۆژەی دووبارە دانانەوەی خۆرهەڵاتی ناوین بەکاردەهێندرێت.

واژۆی رێککەوتننامەی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە تەمموزی ٢٠١٥ ، هەروەها بە سڕکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، سەرچاوەیەکی ١٠٠ ملیار دۆلاریی بۆ ئێران دەستخست. دەبووایە بزانێت کە ئێران بەم پارەیە تیرۆر لە هەر لایەکی خۆرهەڵاتی ناوین بڵاودەکاتەوە.

سەرەنجام ئەمریکا هێزێکی سیاسیی گرنگی نێودەوڵەتیی هەیە، ئەمە بە مانای دروستیی سیاسەتەکانی دێت.

لە مەسەلەی کوردستاندا ئەرکی راستەقینە دەکەوێتە سەر ئێمەی کورد.

ئیدی ئێمە ناچار نین بە ناوی چەپڕەوی و ئوممەتگەرییەوە مەحکومی 'سیاسەتی مافی برایەتی' ببین کە لە رابردووەوە تاوەکو ئێستا لە هزرماندا جێگیرکراوە و هاتنەدیی هیچ رێگەیەکی تێ ناچێت.

هەنگاونان بەگوێرەی ئەم راستەقینەیە، مانای دژایەتی کردنی مافی برایەتییە.

 

رۆژهات ئامەدی

08.06.2018