image
بەدر اسماعیل نوسەر
image

تورکەکان لە دژایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان ئەوەندە چوونە پێش، کە ڕەچاوی هیچ یەک لە بوارەکانی، دیپلۆماسی، سیاسەت، بەرژەوەندی و تەنانەت، ئەدەبی بەکار هێنانی وشەشیان نەکرد، نەیان شاردەوە کە ڕقێکی ڕەش بەری چاویانی گرتووە و لەو هاوکێشەیەدا، بێجگە لە ڕق و کینە هیچی تر نابینن و نا بیسن.

ئێرانیەکان، بەلۆکە سەریان بڕی، نەرم قسەیانکرد، شەیتانیانە پلانیان داڕشت، ئەهریمەنانە جێبەجێیان کرد.

ئەمریکیەکان، لەو ناوەڕاستە، تەواو بێ بەرنامە بوون، ئەوەندە بێ ستراتیژ و بەرچاو تاریک بوون، کە لەژێر تاریکایی عەبای مەرجەعەکانی قوم و نەجەف، دۆستیان بە دوژمن و دوژمنیان بە دۆست شوبهاند و بەری ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی و خوێنی زیادتر لە ٥٠٠٠ سەربازی ئەمریکی کە لە عێراق کوژران، یەکڕاست بۆ ناو گیرفانی حەشدی شیعی و پاسداری تێنو بە خوێنی ئەمریکی شۆڕ کرایەوە.

عێراق، لەو گەمەی دۆمینۆیەدا، دووشەشی بۆ هاتبوو، گوشاری سیاسی و ڕەدکردنەوەی مافەکانی کورد، لە هێزە دەرەکیەکان، تۆپ و تۆپچی لە ئێرانیەکان، جنێو و جولەی دیپلۆماسی بۆ پێکەوەنانی بەرەی دژە کورد لە تورکەکان، کردنەوەی دەروازەی کەرکوکیش لە مافیای سیاسی کوردەکان، بەلام گەمەی سیاسی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست کۆتایی نەهاتووە و ئەوەی تا ئێستا ڕویداوە و ئێمە دەیزانین ئەنجامە بەراییەکانی گەمەکە بووە، وەک دەبینین بارودۆخ گۆڕانی زۆر خێرای بەسەر دادێ.

تورکەکان خەریکن بە خێرایی ئەو کلاوە بەرین و گەورەیەی، ئێرانیەکان کردبوویانە سەریان و ژێر پێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان نەدەدیت، فڕێدەدەن.

ئەمریکیەکان، لە هەوڵدان حەیای خۆیان لە ژێر پێی پاسداری ئێرانی و حەشدی شەعبی کۆ بکەنەوە، هەر کەمێک لە سیاسەت و غروری زلهێزیدا وە ڕوسەکان بچن .
ئێران، بە بێدەنگی خەریکە بە قازانجی دەولەتە بەچکە شیعەکەی لە عێراق، تاڵە ڕیشەکانی لە سەر شانۆی تاوان، کۆ دەکاتەوە .
دەسەڵاتی شیعی عێراق، لە ناو زۆنگی بەربەرەکانەی دەسەلاتخوازی ناوخۆ و چەکە تانک شکێنەکانی پێشمەرگەی پارتی و نزیکبوونەوەی وادەی هەلبژاردنەکان، ڕۆ چووە و بەتەواوی چەقیوە، نەدەتوانێ لەوە زیادتر پێشڕەوی بکات، نەدەتوانێ بۆ دواوە بکشێتەوە .

ئەی لە سەر ئاستی ناوخۆی کوردستان چی ڕوودەدات؟
بەزوویی ئەو بەشە نەفتەی لە بەرابەر ڕادەستکردنەوەی خاکی کوردستان بۆ مافیای سیاسی کورد لە بەرچاو گیرابوو و پێکهاتنی لەسەر کرابوو، تەواو دەبێ و ڕێککەوتنەکە کۆتایی دێت . مافیای سیاسی خاک فرۆش، لە ڕووی سیاسی و جەماوەری و حزبایەتیەوە، دەگەڕێنەوە سەر ساجی عەلی و دەبێ چاوەڕوانی بەزەیی مێژوو بکەن .
پارتی بەرگەی هەموو گوشار و گورزە بەهێزەکانی گرتووە کە ئاراستەی کرابوون، هەموو گاشەبەرد و ڕەنی و کێوەکانی گرتۆتە خۆ، کە بەسەریان داڕماندبوون، بۆیە ئێستا ئەم حزبە زۆر لەجاران مەزنترە .
لەو هەلومەرجەدا، بەو پێیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئامانجی هەموو پیلانگێڕی و گەلەکۆمەی دەرەکی و ناوخۆیی دژە بەرەی سەربەخۆیی کوردستان بووە، هەر بەو هۆیەش بۆ هەموو چارەسەر و پێکهاتنەکان، چ لەناوخۆی عێراق و چ لەدەرەوەی عێراق، ڕوو لەو هێزە دەکەنەوە و دەبێتە تەنیا کەنال و میحوەری گرنگی دانوستان و بڕیار . ئێستا هەموو لایەنەکان، بە ئەندامانی پراکتیکی نێو چوارچێوەی گەلەکۆمەی دژە سەربەخۆیی، واتە ئێران، تورکیە، عێراق، لە کێبڕکێدان کە کامیان زووتر لەو پارتە نزیک ببێتەوە .

لە کوردستانی پاش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، دووبارە میراتەکان دابەشکرانەوە و هەرلایەنە گەڕایەوە سەرپێگەی مێژوویی و بەشە میرات و پێگەی ڕاستەقینەی خۆی دەستکەوتۆتەوە .