image

پەیامی کورد     ...    یەکێتی ئەورووپا لە ڕووی پەرەپێدانی ئابووری و سەربازییەوە یارمەتی هەرێمی کوردستان دەدات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەورووپا گەشتێکی بۆ چەند ووڵاتێکی ئەورووپایی دەست پێ کرد.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی سیاسی و بازرگانیی هەیە و ئەمنیەت و ئاساییشەکەی بۆ گرنگە، بۆیە بە گرنگ دەڕوانێیتە کوردستان و زۆربەی نوێنەرایەتییەکانیان لە هەولێرن، هەربۆیە هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانە دەکات بۆ پشتگیری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پاراستنیان لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

ڕۆژی ۹ی ۱۱ی ۲۰۲۰ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گەشتێکی فەرمی سەردانی چەند ووڵاتێکی ئەورووپایی دەست پێ کرد لەو گەشتە ئەورووپاییەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند ووڵاتێکی ئەورووپایی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو ووڵاتانەدا کۆ بووەوە و گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا کرد و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە و لە گەشتەکەی و بەردەوامە.

لە چوارچێۆەی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، بۆ یەکێتی ئەورووپا و چەند ووڵاتێک، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا، ڕایگەیاند: "یەکێتی ئەورووپا بە گرنگ دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، یەکێتی ئەورووپا خۆی دامەزراوەیەکە پێک هاتووە لە ۲۷ ووڵات، ئەم ووڵاتانە زیاتر لە نیوەیان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، نوێنەرایەتییەکانیشیان سیاسی و کونسووڵخانە و نوێنەرایەتی بازرگانییە، جگە لەوە، بەشێکی زۆریان بەشدارن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها هاوبەشن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە شەڕی تیرۆر و شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، جگە لەمانە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژێئۆپۆلیتیکەوە و لە ڕووی سیاسییەوە و، لە ڕووی ئەمنیەت و ئاسایشەوە لەم هەرێمە گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ یەکێتی ئەورووپا، جگە لەمانە، هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە لە ڕووی ئەوەی پێی دەگوترێت پێکەوەژیان و سەرجەم نەتەوە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی لە هەرێمی کوردستان دەژین و ڕێز لە گشت دین و نەتەوەی جیاواز دەگیرێت و ئەمەش ڕوویەکی دیموکراسی بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئەم پێکەوەژیانە بۆ یەکێتی ئەورووپا گرینگە، ئەمەش بۆ کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە."

ئەمەریکا هەمیشە ئەوە دەڵێت کە هێزەکانمان لە عێراق و سووریا دەکشێنینەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆڵەندا هێزی سەربازی دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە ئاژگەیی، گوتی: "سەرۆک دۆناڵد ترامپ بڕیاری دا هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا بکشێنێتەوە، بەڵام ئەمە وەک کەرەستەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاری هێنا، دەیویست بیسەلمێنێت کە هێزەکانی کەم دەکاتەوە لە ئەفغانستان و لە سووریا و عێراق، ئەو بەڵێنەی دابووی بردییە سەر."

ئەورووپاییەکان هاوشێوەی ئەمەریکاییەکان هێزیان هەیە کە  ژمارەیان ناگاتە هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام لە چوارچێوەی هاوپەیمانیدا هێزیان هەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا بڕیاری داوە ۱٥۰ سەربازی تر بنێریێت بۆ کوردستان و جێگیریان بکات، ئەمەش ئاماژەیەکە وەک پشگیریکردنیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ پێدانی مەشق و ڕاهێنان و ئەمنیەتی ناوچەکە، زۆر گرینگە ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا باس لە کەمکردنەوەی هێز دەکات، ئەورووپاش باس لە زیادکردنی هێزەکانیان دەکەن لە کوردستان، پێشتر ئەورووپا هاوشێوەی ئەمەریکا هێزەکانی دەنارد و دەیکشاندەوە، بەڵام ئەم جارە جیاوازە و بە پێچەوانەکەیان کردووە، کە هێزەکان لە ساڵی ۲۰۲۱ دێن و بڕیاریان داوە تا کاتێکی نادیار لە کوردستان بمێننەوە.

پێیان وایە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بەو هێزانەیە و لە ناوچەکانی ماددەی ۱٤۰ و ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆشایی ئەمنی هەیە و داعش ئەمە بە هەل دەزانێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەی کۆبوونەوەکاندا باسی کردووە کە دەبێ هاپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت، چوونکە داعش کۆتاییی پێ نەهاتووە و دەستی پێ کردووەتەوە و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم چالاکی هەیە و، مەترسییە بۆ ژیانی خاڵک و مەترسییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەم ناوچانە، جگە لەمە، ترسیان لەوە هەیە داعش دووبارە سەر هەڵبداتەوە."

تێڕوانینی یەکێتی ئەورووپا، بۆ ئەو پێشێلکارییانەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کورستان کردوویەتی، لە کاتێکدا یەکێتی ئەورووپا دامەزراوەیەکی جیهانییە و کەناڵێکی بەهێزی دیپلۆماسیی دنیایە، لە کاتی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق یوئێن شەرعیەتی پێ دا بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دلاوەر ئاژگەیی بۆ ئەم بابەتە و هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاند: "یەکێتی ئەورووپا هەمان هەڵوێستی یوئێنی هەیە، پشتگیری ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانن لە نێوان کوردستان و عێراق، یەکێتی ئەورووپا هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە هەموو بڕیارەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بن، ڕێز لە دەستووری عێراق بگیرێ، گشت خاڵەکانی نێو دەستوور جێبەجێ بکرێت، نەک ئەو خاڵەی لە بەرژەوەندیی لایەنێکە و لە بەرژەوەندیی لایەنەکەی تر نییە، تا ئێیستا هەڵوێستیان ڕانەگەیاندووە، چونکە بڕیارەکە ناوخۆییە، بەڵام گرنگییەکەی ئەمەیە ئایا حکوومەتی عێراق و سەرۆکوەزیران موستەفا کازمی هەڵوێستی چی دەبێت، هاوکات پەرلەمانی عێراق لە ڕابردووش جارێکی تر بڕیاری وایان دەرکرد کە هێزە بیانییەکان دەربکەن و عێراق چۆڵ بکەن، بەڵام نەچووە واری جێبەجێکردنەوە، لەو بڕوایەدام ئەم بڕیارەش بە هەمان شێوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە جێبەجێ نەکرێت، بۆیە یەکێتی ئەورووپا چاوەڕێی هەنگاوی کازمین، پێشیان وانییە حکوومەتی کازمی بڕیارێکی وا بەدەر لە ڕێککەوتنی نێوانیان جێبەجێ بکات."