image

تەنیا لەبەرامبەر بەوەی تورکیا رازی بکات بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، گرووپێکی ناو یەکێتی، بەڵێن بەو وڵاتە دەدات، ھەموو چالاکییەکانی پەکەکە لە سنووری سلێمانی و ئەو زۆنەی تیایدا باڵادەستە، لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بوەستێنێت. چاودێرێکی نزیک لە پەکەکەش ئاماژە بەوە دەدات، یەکێتی ئەگەر بکەوێتە ژێر داواکانی تورکیاوە، کەوابێت پێچەوانەی ھەڵوێستەکانی خۆی ھەڵبژاردووە.

ڕۆژی یەک شەممە ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨، لە دەباشان، پاڤێڵ تاڵەبانی، لەگەڵ "ھاکان کاراچای "، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە، ھاتنی کاراچای ھاوکاتە لەگەڵ چوونی دوو شاندی پێشتری یەکێتی بۆ تورکیا، کە مەبەستیان لە سەردانەکەیان داواکاریی سەبارەت بە ھەڵگرتنی گەمارۆکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەروەها ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی نێوان یەکیتی و هەروەها تورکیا بووە کە بەھۆی پشتیوانی کردنی یەکیتی لە پەکەکە ئاڵۆزی تێ کەتبوو، بەتایبەتی دوای ڕفاندنی دوو ئەندامی میتی تورکیا لە سنووری سلێمانییەوە بۆ قەندیل.

بەپێی زانیارییەکان پێشتر تورکیا چەند مەرجێکی بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی خستوەتە بەردەم هەر دوو شاندەکەی یەکێتی ، داوای لێ کردوون، لەو سنوورەی کە دەسەڵاتیان ھەیە لە سلێمانی و ھەڵەبجە، چالاکییەکانی پەکەکە ڕابگرن، ھاوکات زانیاری تەواویان لەسەر بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە پێ بدەن.

ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو گرووپەی ناو یەکێتی لە سەردانی ڕۆژی یەکشەممەی کونسوڵی تورکیا لە دەباشان، بەڵێنیان بە کونسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان داوە، نەک ھەر تەنیا ھەوڵی ڕاگرتنی چالاکییەکانی پەکەکە لەڕووی سەربازییەوە دەدەن، بەڵکوو ڕێگە لەو گرووپە سیاسییانەی نزیک لە پەکەکەش بە ناوی تەڤگەری ئازادی دەگرن، کە لە سلێمانی بارەگا و چالاکی سیاسییان ھەبێت.