image

پەیامی کورد     ...   

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/7/2 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەندازیار ئەرکان شەهاب ئەحمەد ئەلشەیبانی وەزیری گەیاندنی عێراقی و شاندێکی یاوەری کرد .

لە دیدارەکەدا کە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و عەلی خوەیلدی سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوبردنی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی، بە تایبەتی لە بواری گەیاندن تاووتوێ کرا.

وەزیری گەیاندنی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی لە پێناو پێشخستنی بواری گەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ووتیشی ئێمە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرین و دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا هەبێت چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە و بە پێچەوانەشەوە .

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کردەوە لە سەر بنەمای دەستوور، چونکە جێبەجێکردنی دەستوور فاکتەرێکی گرینگی پێشکەوتن و سەقامگیربوونی دۆخی عێراقە.