image

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناکەن تا ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکرێت و لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت، مووچە دابەش نەکەن، بەڵکوو پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی بەربڵاوی خەڵکی کە ئاخۆ تا ئەو کاتەی بەغدا وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا دەکات و پەسەندیان دەکات و مووچە دەنێرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەبێت، یاخود دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات؟ سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا ، ئاماژەی بەوە داوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دابینکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیەتی“.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە داهاتی هەرێمی کوردستان 50 تا 55٪ کەمی کردووە کە بەشی سەرجەم مووچەخۆران ناکات، بەڵام ئەو داهاتەی کە دێتە دەست لە فرۆشی نەوت لەگەڵ داهاتەکانی ناوخۆ، بێگومان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە تا ئەو کاتەی لەگەڵ بەغدا دەگاتە ئەنجامێک، بەپێی ئەو داهاتانەی کە لەبەردەستیەتی، هەروەها بەپێی ئەو چاکسازییانەی کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە کە تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆران دەبێت، مووچە دابەش بکات“.