image

پەیامی کورد   ...    پەرلەمانتاریکی یەکیتی مەرجی سوودمەندبوونی هەرێم لە قەرزەكانی عێراق دەخاتە ڕوو .

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە كە حكوومەتی فیدراڵ ئەو قەرزانەی لە ناوخۆ و دەرەوە دەیكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ و مەرجی پێدانی پشكی هەرێمیش لەو قەرزانە دەخاتەڕوو.
شیروان میرزا پەرلەمانتاری یەكیتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە، ئەو قەرزە ناوخۆیی و دەرەكی یانەی كە عیراق بەنیازە وەریبگرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠، لەداهاتوودا لە خەرجییە سیادییەكان دەدرێتەوە.
راشیگەیاند: قەرزەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە خەرجییەكانی بەكاربردن لە بوودجەدا، پشكی هەرێمیش لەو قەرزانە دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دیاریدەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكیتی روونیشیكردەوە، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی لەسەر كێشە داراییەكان  بگەنە رێككەوتن، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی لەو قەرزانە بەردەكەوێت، لەئەگەری نەگەیشتن بەڕێككەوتن، ئەوا حكوومەتی هەرێم هیچ پشكێكی لەو قەرزانە بەرناكەوێت كە عیراق بەنیازە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بوودجە وەریبگرێت.
جێی ئاماژەیە، پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی پێشوویدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دا، ئەوەش بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠.