image

پەیامی کورد     ...    پڕۆژەیەکی گرینگی ستراتیژی و بە سوود لە بەرژەوەندی هەولێر جێبەجێ دەکرێت

ووتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی پشتێنەی سەوزاییی ھەولێر کراوە و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت کە چەندین سوودی زۆر باشی بۆ ھەولێر ھەیە، گرنگترینیان ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر دەگاتە ٢٥% و بەرھەمی خۆمالی زیاد دەکات .

ووتەبێژی وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کوردۆ شابان، ڕایگەیاند : "پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، پڕۆژەیەکی وەزارەتی شارەوانییە و لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داوە، بەڵام دواتر داعش ھات و قەیرانی ئابووری پەیدا بوو، نەکرا، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە وەزارەتی شارەوانی پڕۆژەکەی خستووەتە ماستەرپلانەکەیەوە، بۆ ئەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر ئەو زەویانە نەکرێت و ئەو پشتێنەی سەوزایییە گرینگی زۆری بۆ شاری ھەولێر دەبێت، گرینگترین شتی ئەوەیە سەوزایی ھەولێر دەگاتە سەرووی ٢٥%.''

کوردۆ شابان گوتیشی: "جگە لەوەش، بەرھەمی خۆماڵی زیاد دەبێت، وەکوو بەرھەمی کشتوکاڵی و ماست و پەنیر و شیرەمەنییەکان، چوونکە تەنھا سەوزایی نییە و شوێنی دارستان و کشتوکاڵ و گەشتیاری و پارکی ھەیە، بۆیە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە."

شابان باسی لەوەش کرد: "پشتێنەکە بە ١٤ کم دەست پێ دەکات و پانتایەکەی ٢ کم دەبێت و کۆی پڕۆژەکە ١٦٥ کم دووجا دەبێت.''

ووتیشی: ''لە ڕووی پلان و نەزەرییەوە کاری لەسەر کراوە و لە ھەرشوێنک زیادەڕۆیی ھەبێت لادەدرێت و دەست بە درووستکردنی پڕۆژەکە دەکەین، بۆیە ئامادەکاری بۆ کراوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرینگە بۆ شاری ھەولێر و سوودی زۆری لە ھەموو لایەک بۆ شاری ھەولێر دەبێت و پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژییە."