image

پەیاماکورد – کاتێک لە جوگرافیای کوردستاندا هەر شتێک روودەدات و 'بارزانییەکان' بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێن و ئەمە بووەتە نەریت کە بابەتێکە لە زۆر رەهەندەوە شایستەی ئەوەیە بگەیەنرێتە هیدایەت.  لە سیاسەتی خۆجێییەوە بۆ سیاسەتی ناوچەیی، لە پەرلەمانەکانی ئەوروپاوە تاوەکو گرووپەکانی پەیوەندییەکان لەسەر تۆڕێک، وەک بڵێی لە شێوەی سیستمێک 'بارزانییەکان و پارتی' لە هەموو بابەتەکان بە بەرپرسیار دەزانن، بەتایبەتی پەکەکە و ئەو کەسانەی بە فەلسەفەی ئاپۆ پڕچەککراون ئەمە بۆخۆیان زۆر بە پێویست دەزانن.

 ئەم دۆخە بەتایبەتی فەلسەفەی ئاپۆچیی کردووەتە ئایدۆلۆژیایەکی دۆگماتیک و بۆ ئەو کەسانەی بەم شێوازە کاردەکەن وەک یەکێک لە پیرۆزترین ئەرکەکان دەبینرێت. نموونەی زۆرمان لەم نزیکانەدا لە نووسین هەن.

''ئەگەرچی ناوەکانیش گۆڕابن سیستم لەسەر هەمان پرۆگرام بەرەوپێش دەبرێت''

 بۆ نموونە کاتێک ئاڵدار خەلیل لە چەند رۆژی رابردوودا بە پێشمەرگەی گوت 'چەتە' لەمە بەدەر نییە. چونکە ئەگوێرەی ئەو بەئامانجگرتنەی ئەوان پێشمەرگە هێزێک نییە، بەڵکو هێزی سەر بە بارزانییەکانە، تەنانەت میلیشیای ئەوانە. بەڵام ئەمە هەڵەیە. چونکە پێشمەرگە هێزێکی پشتیوانیکراوە لەلایەن ناتۆ، هەروەها لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە راهێنانی پێکراوە و لەلایەن ئەوروپاوە پڕچەککراوە. راستیی کارەکە ئەمەیە.

نموونەیەکی دیکە؛ ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ساڵح موسلیم لە رێکەوتی 19.12.2020 لە رێپۆرتاژێکدا گوزارشتی 'گەمارۆدەری رۆژئاوا'ی بۆ پێشمەرگەکانی رۆژ، شتێکی پەنهانە. بۆی هەیە زۆرێک لە ئێمە پەی بەو وشانە نەبات کە لە سیاسەتدا بەکاردێت، بەڵام سیاسەت لە هەمان کاتدا دیسیپلینێکی شاراوەیە بە وشەکان.

بەکارهێنانی گوزارشتی 'گەمارۆ' بۆ  'پێشمەرگەکانی رۆژ' کە بە تەواوەتی لە رۆژئاواییەکان پێکدێن لەلایەن ساڵح موسلیمی رۆژئاواییەوە، هەوڵی خستنە جووڵەی کوتلەی خۆیەتی دژی پێشمەرگە و پارتی و ناساندنی ئەوانە بە شێوەیەکی جیاواز.

موسلیم لە هەمان رێپۆرتاژدا لەبارەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی گوتی:"کەسێکی وەکو مەسروور بارزانییان بە سەر کوردانەوە کردە بەڵا. بەردەوام زمانی بەسەر رۆژئاوادا درێژ دەکات"، ئەوەبوو ئەم گوتانەی لەلایەن شەقامی کوردییەوە کاردانەوەی هەبوو.

پێویستە ئەمە بزانرێت کە مەسروور بارزانی یەکێکە لەوانەی رەخنە لەو بەناو کوردانە دەگرێت کە لە رۆژئاوا نیشتەجێبوونە و مافی کوردان زەوت دەکەن، نەک رەخنە لە رۆژئاوا بگرێت. لەکاتێکدا لەوەتەی هاتووەتە سەر ئەرک، بە بەڵگەوە دیارە کە چیی بۆ کوردستان کردووە. 

''بوێریی ئەمە لەکوێوە دێت کە بە پێشمەرگە بگوترێت میلیشیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان؟"

با بێینە سەر ئەو وردەکارییەی کە زیاترین پێویستی بە لێپرسینەوە و بەرپەرچدانەوە هەیە. گوتەکانی پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانی و پشتیوانی پەڕگیرانەی پەکەکە سەڤیم داغدەلەن، لەبارەی پێشمەرگە و بارزانییەکان بە شێوەیەک قەبووڵنەکراوە کە زمانە نەفرەتکارییەکە بە لایەک،  کین و تووڕەیی بە زمانێکی جەستەییەوە دەرکەوتبوو.

داغدەلەن تشرینی یەکەمی رابردوو لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا لەو گوتارەی لەبارەی هێرشەکەی داعش لە شاری نیسی فەرەنسی قسەیکرد و بابەتەکەی لە ئەردۆغان و شنگالەوە، لەوێشەوە بە بارزانی و پێشمەرگەوە لکاند کە ئەمە تابڵێن مایەی بیرکردنەوەیە.

داغدەلەن لە گوتارەکەیدا ئاماژەیکرد:"با ئەو سەردەمەمان بیر بێتەوە کاتێک ساڵی 2014 دەوڵەتی ئیسلامی لە باکووری عێراق (باشوور) سنجاری (شنگال) داگیرکرد. لەکاتێکدا دەوڵەتی ئیسلامی لە سنجار نزیکبووەوە و میلیشیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناوچەکەیان جێهێشت، جەنگاوەرە بوێرەکانی یەپەگە دەیان ئێزدیان لە کۆمەڵکوژی رزگار کرد. بەڵام ئێستا رێککەوتننامەیەک لە نێوان حکومەتی عێراق و عەشیرەتی بارزانی بە ئامانجی دەرکردنی ئەو هێزە واژۆکرا کە پێشی لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان گرت. ئەردۆغان کە خۆشی هانی ئەم رێککەوتننامەیە دەدات، هەر لەڕێی ئەم رێککەوتننامەیەوە هەڕەشەی هێرشی فراوانتر بۆ سەر کوردانی عێراق و سووریا دەکات. پێموابێت ئێوە پشتیوانی لەمە ناکەن بەڕێزان خانمان".  

کاتێک داعش هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان و بەشێکی گرنگی خاکەکەی خستبووە ژێر هەڕەشە، وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا بڕیاری کۆمەکی چەکیان بۆ پێشمەرگە لە دژی داعش دەرکرد. داغدەلەن و کەسانی هاوئاوازی ئەو دژایەتیی ئەو بڕیارەی حکومەتی ئەڵمانیایان کرد و لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیا لە شێوەی چەند گرووپێک هوتافی 'نا بۆ هاوکاریی چەک بۆ پێسمەرگە'یان دەگوتەوە و بڕیارەکەی حکومەتی ئەڵمانیایان پرۆتێستۆ کرد.   

زۆر جێی سەرنجە هاوسەرۆکی پێشووی پارتی سەوز و پەرلەمانتاری ئەڵمانیا جەم ئۆزدەمیر کە تورکە، بەرامبەر ئەو گوتانەی داغدەلەن گوتی:"باشە ئەڵمانیا چەک بە پێشمەرگە نەدات و چاوەڕێ بکات ئەوان لەسەر گۆڕەپانی زۆرانبازی لەگەڵ داعش شەڕ بکەن؟"

''ئەو زمانانەی قسەیان پێدەکرێت هیچ جیاوازییەکیان نییە''

ئەوەی داغدەلەن گوتی کە بریتی بوو لە 'میلیشیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان' لەگەڵ ئاڵدار خەلیل کە بە پێشمەرگەی رۆژی گوت 'چەتە' هەروەها گوزارشتی 'رۆژئاوایان گەمارۆداوە' لەلایەن ساڵح موسلیم، هیچ جیاوازییەکیان نییە. ئەو پێشمەرگەیەی داغدەلەن پێیگوتن میلیشیا، جەنگاوەرانی ئازای وڵاتێک و گەلێکن، هێزی ئاسایشی گەلێکن. جگە لەوە ئەو پێشمەرگانەی بە میلیشیا ناویان دەبات، ئەو هێزە کوردییەن کاتێک یەپەگە لە کۆبانێ کەوت، بە هانایەوە چوون.

ئەو کەسە کە دەستەواژەی 'عەشیرەتی بارزانی' بەکاردەهێنێت، رەنگە لەبارەی پەیوەندیی دیپلۆماسیی بارزانییەکان پەی بەو تۆڕە پەیوەندییانە نەبردبێت کە بۆ کۆشکی سپی، کریملین، پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، و پەرلەمانی شانشینی بەریتانی درێژبووەتەوە، یانیش قەبووڵکردنی ئەم نوێنەرایەتییەی کوردەکانی لا سەختە. 

داغدەلەنی پارتی چەپ کە تەنانەت لە بەردگرتنە رێککەوتننامەی شنگالیش پاشناکەوێت بانگەشە دەکات و دەڵێت:" ئێستا رێککەوتننامەیەک لە نێوان حکومەتی عێراق و عەشیرەتی بارزانی بە ئامانجی دەرکردنی ئەو هێزە واژۆکرا و ئەردۆغانیش هانی ئەمە دەدات". ئەمە لەکاتێکدایە رێککەوتننامەی شنگال ئامانجی دەرکردنی کەس لە ناوچەکە ناکات. بە پێچەوانەوە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە هەژموونی سەخیفانە و گەڕاندنەوەی خەڵکی ناوچەکەیە بۆ سەر زێدی خۆیان.

دەکرێ کەسانێک تازە گوێیان لەو گوتانەی سەڤیم داغدەلەن ببێت، بەڵام کەسی ناوبراو لە هەمان کاتدا لە هەموو ئەو پرۆگرامە تەلەڤزیۆنانەش کە بەشداری تێدا دەکردن،  قسەگەلێکی لەبارەی مەسعود بارزانی دەکردن کە نایەنە باسکردن، ئەو کەسە ببووە وەستا لە رشانەوەی رق و کینە.  

پەکەکە، سیستمی 'بە دوژمن بینینی پارتی و پێشمەرگە' لەڕێی کەسانی جیاوازەوە بە هەمان شێوە بەرەوپێش دەبات و ئەمەی کردووەتە پرۆگرامێک.

''نابێت لەبیر بکرێت لە سیاسەتدا خراپ نیشاندانی لایەنێک یان هێزێک، نابێتە هۆی خراپبوون و بێ بەهابوونی ئەوان. رێک بە پێچەوانەوە، سەرەتا زەمینەسازی دەکات بۆ پیسکردنی دەستی ئەو کەسانەی قوڕ بۆ ئەو لایەن و هێزانە هەڵدەدەن".