image

پەیامی کورد     ...   ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری کوردستانەوە 

بەڕێوبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، دەنگۆی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی داعش لەشاری هەولێرە دوورە لەراستییەوە و لەبنەڕەتدا ئەو چەکدارە کۆتایی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆر دەستگیرکراو، بەڵام ٢٤ی ئەم مانگە لەسەر بڕیاری دادوەر رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوەتەوە.

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری کوردستانەوە:

لەم رۆژانەدا هەواڵێک لە راگەیاندنەکانەوە بڵاوکراویەوە کە گوایە دەزگا ئەمنییەکانى حکوومەتى عێراق، تیرۆریستێکی داعشیان لە پارێزگاى هەولێر دەستگیر کردووە کە دوورە لە راستی.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین راستی رووداوەکە بۆ هاووڵاتیانى هەرێمی کوردستان و عێراق روون بکەینەوە: 

لە رێکەوتى 9/ 12/ 2020، لە ئۆپراسیۆنێکى بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا لە ناو شارى هەولێر، ئەندامێکى رێکخراوى تیرۆریستی داعش بەناوى (بەشار موستەفا حافز عەدوان ئەلعوەیسی) دەستگیر کرا، کە چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە سنوورى شارى بەغدا ئەنجام دابوو. 
لەبەر ئەوەى ئەم تیرۆریستە لە سنوورى پارێزگای بەغدا کردەوە تیرۆریستییەکانى کردبوو، هەروەها لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى شارى بەغداوە بە فەرمى داوامان لێ کرابوو کە رادەستیان بکەینەوە، بۆیە دوای ئەوەی لە 24/ 02/ 2021 فەرمانى دادوەرمان بەدەست گەیشت، تیرۆریستەکەمان رادەستى هێزەکانی بەغدا کردەوە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری کوردستان