image

وا بڕیارە زانیار و لۆقمان مۆرادی دوو گەنجی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران سەر لە سبەی ڕۆژی شەممە ١٣ی ئەم مانگە لە سێدارە بدرێن .

بە پێی سەرچاوەی هەواڵی " در تی وی " وا بڕیارە زانیار و لۆقمان مۆرادی دوو هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی ٩ساڵە لە ژێربڕیاری لە سێدارەداندا لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەندن سەر لە بەیانی شەممە ١٣ی ئەم مانگە لە سێدارە بدرێن .

 بە پێی ڕاپۆرتی " شەبتاب نیوز " زانیار و لۆقمان مۆرادی لە ڕێگەی هێزەکانی ئاسایش لە شاری " مەریوان " ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە پارێزگای " سنە " دەستبەسەر کران .ناوبراوان بۆ ماوەی ٩ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندی هەواڵگری سەر بە بەڕێوبەرایەتی سیخووری شاری سنە (وەزارەتی ئێستیخبارات ) ، بۆ وەرگرتنی زانیاری زۆرەملی کەوتنە  "  بن زەخت و ئازار و ئەشکەنجەی زۆری رۆحی و جسمی " . ئەم دوو گیراوە دوای نزیک بە ٦ مانگ بۆ بەندی ناوەندی "سنە " و لەوێشەوە بۆ بەندی ٢٠٩ ی بەندیخانەی"  ئێوین "ی  تاران گوازراونەتەوە . زانیار و لۆقمان مۆرادی لە ١ی دەی مانگی سالی ١٣٨٩بە ساڵژمێری هەتاوی لە لقی ژمارە ١٥ ی دادگای ئینقیلابی تاران بە ریاسەتی ئەنجوومەنی دادوەری " حاکم سەڵواتی" بە تاوانی " دژایەتی کردن لە ڕێگای ئەندام بوون لە گرووپێکی دژ بە سیستم و ڕژیم و تیرۆر کردنی کوڕی مامۆستای ئائینی شاری مەریوان" بە لە سێدارەدان لە پێش چاوی خەڵک حۆکمدران.

ئەم حۆکمە لە ١٨ی تیر مانگی ساڵی ١٣٩٠ لە ڕێگای دیوانی باڵای ووڵات پەسەند کراو بۆ بەندیخانەی " ڕەجایی شاری کەرەج " گواسترانەوە و تا ئێستاش هەر لەم بەندیخانەیەدا چاودێری دەکرێن .

بە پێی سەرچاوەی هەواڵی تۆڕی جیهانی " در تی وی " لە ئەنجوومەنی دادوەری ڕاگەیاندراوە کە بڕیارە حۆکمی لە سێدارەدانی زانیار و لۆقمان مۆرادی سەر لە سبەینێ ڕۆژی شەممە ١٣ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت .

 ئەم دوو بەندکراوە  لە قۆناغە جیاجیاکانی دۆزگەری و هەروەها لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی نووسراوەوە ئەو تۆمەتانەیان بە درۆ خستوەتەوە و درووست کردنی دۆسییەیەکی لەم شێوەیەیان وەکوو زیادەڕەوی سیاسی لە قەڵمدا کە ئەوانی خستوەتە جێگای قوربانییەوە.

زانیار و لۆقمان مۆرادی ڕایانگەیاندووە کە

دانپێدانانەکەیان لە بەر ئەشکەنجە و بە زۆرەملی بووە ، هەروەها ئەوان ووتیان : ئێمە قۆربانی ئەشکەنجە بێرەحمانەکانی " بەڕیوبەرایەتی ئێستیخباراتی سنە " ین و هەموو ئەو تاوانانەی کە دراوەتە پاڵ ئێمە ڕەتی دەکەینەوە و قەبووڵی ناکەین و هەمووی  درoن ، لە هەموو گرووپ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکەین کە لەگەڵ دارو دەستەی پەیوەندیدار بە ئەشکەنجەکانی ئێستیخباراتی سنە رووبەڕوو بوونەوەی یاسایی بکرێت .