image

  پەیامی کورد     ...    بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی ٠٦ی ٢٠٢٠  بە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و چەندین ووڵاتی دیکە و گەڕاندنەوەی بەربەستەکانی بەردەم بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەکە لە چەندین شوێنی جیهان، زیان بە ئاستی خواست لەسەر نەوتی خاو کەوتوە و نرخەکەی ڕووی لە دابەزین کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٨٣ سەنت دابەزی لە دوایین مامەڵەدا بە ٤٠.١٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا، واتا نرخەکەی بەڕێژەی ٢% دابەزیوە.

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی ٨٠ سەنتت دابەزی، کە دەکاتە %٢.١ی نرخەکەی و لە دواین مامەڵەدا بە ٣٧.٦٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا ماوەی پابەندییەکانی ووڵاتانی ئۆپێک+ بە کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەیان کۆتایی پێدێت، ئەوەش نیگەرانی وەبەرهێنەرانی لەبارەی زیادبوونی خستنەڕوی ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکاندا لێکەوتوەتەوە.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن، "نیگەرانییەکان لەبارەی بڵاوبونەوەی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا، ئەو هەستەی بۆ وەبەرهێنەران گەڕاندوەتەوە کە لەماوەی داخستنی سنوورەکانی جیهان پێیدا تێپەڕبوون، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕە ئابوورییەکان بەگشتی و نەوت بەتایبەتی هەبوە".