image

سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی شاندی هه‌رێمی كوردستان و لێژنه‌ی تایبه‌تی حكومه‌تی عێراق، شاندی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ژماره‌(137) ساڵى 2017 كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادى لێژنه‌یه‌كى باڵاى به‌و فه‌رمانه‌ دروستكرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هونه‌رییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان تایبه‌ت به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى به‌نداوه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ر له‌به‌یانى رۆژى شه‌ممه‌ رێككه‌وتى 13/01/2018، وه‌فدێك له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌ڕێز كه‌ریم سنجارى (وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم) سه‌ردانى به‌غداى كرد.

به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆى عێراق قاسم ئه‌لئه‌عره‌جى له‌كه‌شێكى دۆستانه‌دا سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگى كرد له‌نێوان شاندى هه‌رێم و لێژنه‌ى باڵا به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، له‌سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆ ته‌ئكیدى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگى به‌ستنى ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ و وه‌ به‌خێرهاتنى شاندى هه‌رێمى كوردستانى كرد وه‌ سڵاوى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى به‌شاندى هه‌رێم راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ دووباره‌كردنه‌وه‌ى گرنگى تاوتوێكردنى ئه‌و كێشانه‌ كه‌ له‌بوارى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ و فڕۆكه‌خانه‌كان، وه‌ به‌ڕێوه‌بردنى به‌نداوه‌كاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و یاسا فیدڕالییه‌كان.

هه‌روه‌ها پێداگرتنى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م دۆسیانه‌ و گێڕانه‌وه‌ى چالاكییه‌كان بۆ ئه‌و داموده‌زگا و دامه‌زراوانه‌.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كه‌ریم سنجارى سوپاس و پێزانینى خۆى پێڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌و ده‌ستپێِشخه‌ریه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران سه‌باره‌ت به‌ چارسه‌ره‌كردنى ئه‌و دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌و به‌و شێوه‌ى كه‌ خزمه‌تى ته‌واوى عێراق بكات وه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌ روویداوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.