image

پەیامی کورد     ...    نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانى حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە 

لە ووڵامى "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" ى رێکخراوى هیوومان رایتس وۆچ حکوومەتى هەرێمى کوردستان سورە لەسەر جێبەجێکردن و پاراستنى بنەماکانى دیموکراتییەت لە "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" ى رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ ئەو بەشەى لە راپۆرتەکە تەرخان کراوە بۆ عێراق، چەند تێبینییەک ئاراستەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کراوە، تایبەتن بە ئازادى رادەربڕین، ئازادى هاتووچۆ و دادگاییکردنى مێردمنداڵانى داعش. لەمبارەیەوە نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەم لێدوانەى خوارەوەى بڵاو کردەوە:

رێکخراوى هیوومان رایتس وۆچ "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" لە رێکەوتى ١٣/١/٢٠٢١ بڵاو کردەوە، لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە تێڕوانینى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات سەبارەت بە دۆسیەى ئازادییەکان بەگشتى لە چەند ووڵاتێک. لە راپۆرتەکەدا رێکخراوى هیوومان رایتس وۆچ چەند سەرنج و تێبینییەک ئاراستەى حکومەتى هەرێم دەکات، بە بڕواى ئێمە ئەم بەدواداچوونەى رێکخراوى ناوبراو لەماوەى ساڵى ٢٠٢٠ دواى بڵاو بوونەوەى راپۆرتەکانى هیوومان رایتس وۆچ داتاو زانیارى پێویستمان داوەتەوە.

سەبارەت بە بابەتى خۆپێشاندانى ئاشتیانە لە هەرێمى کوردستان هەروەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژە پێکراوە، دیارە بەپێى یاساى رێکخستنى خۆپێشاندانەکان ژمارە ١١ ى ساڵى ٢٠١٠ کە لە پەرلەمانى کوردستان دەرچووە خۆپێشاندان و دەربڕینى ناڕەزایى کارێکى یاسایى و دەستوورییە. هاووڵاتیان رێگەیان پێدەدرێت بۆ دەربڕینى راوبۆچوونەکانیان و داواکارییەکانیان بەپێى یاسا و رێوشوێنەکان لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و دوورکەوتنەوە لە گێرەشێوێنى و توندوتیژى. هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنى موڵک و ماڵ و گیانى هاووڵاتیان و رێگا نەدەن بە ئاژاوە و گێرەشێوێنى.

لەکاتى روودانى پێشێلکارى یاسایى وەک تووندوتیژى یا بەردەوامى خۆپێشاندانەکان بۆ زیاتر لە ماوەى رێگە پێدراو ئەوا هێزە ئەمنییەکان بەپێى یاسا پێویست دەکات هەڵس و کەوت لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن بۆ سەلامەتى گیانى هاووڵاتیان و سەروماڵیان، بەهەمان شیوەش یاسا رێگری دەکات لە بەکار هێنانى تووندوتیژى لە کاتى خۆپێشاندانەکان.

لەلایەکى دیکەوە بەپێى یاساى رۆژنامەوانى ژمارە ٣٥ى ساڵى ٢٠١٧، لە هەرێمى کوردستان رۆژنامەوان تەنها بە فەرمانى دادگا دەستگیر دەکرێت بە ئاگادارى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان. بەپێى ئەم یاسایەى سەرەوە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکى راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناکەن، تەنها لەکاتى دەرچوونى بڕیارى دادوەر یاسا جێبەجێ دەکرێت و ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر کە پێویستن بەپێى یاسا.

بەڵام لە کاتى بڵاوکردنەوەى تووندوتیژى و تێکدانى ماڵ و موڵکى گشتى، یاساى سزادانى عێراقى ژمارە ١١١ ى ساڵى ١٩٦٩ جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە رەوشى ئافرەتان و منداڵە گیراوەکانى گیراوەکان تیرۆر، بارودۆخى گرتووخانەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە چاودێرى دەکرێت وەک: رێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتى و نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنى عێراق (یۆنامى). منداڵانى داعش لە بنکەکانى چاکسازیدا وەک قوربانى مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک تاوانبار، ئەو شوێنانەى لێى زیندانى کراون چاودێرى پێویستى تێدایە، ئافرەتان و منداڵانى کە دەستگیر کراون بە تۆمەتى هەبوونى پەیوەندیان بە رێکخراوى تیرۆریستى داعش لە بنکەکانى چاکسازیدا ماوەى زیندانیکردنیان بەسەر دەبەن، حکوومەتى هەرێمى کوردستان پارێزەرى بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە کە تواناى داراییان نییە، هەروەها لەلایەن ئاژانسى یونیسێفى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەند پارێزەرێک دەستنیشان کراوە بۆ بەدواداچوونى ئەم راگیراوانە، هەروەها بنکەى چاکسازى راگیراوانى ئافرەتان و منداڵان لە هەولێر بە هاوکارى لەگەڵ کۆمەڵگەى مەدەنى هەوڵیداوە بۆ دەستەبەر کردنى پارێزەرانى خۆبەخش بۆ منداڵانى تۆمەتبار بە ئیرهاب.

لە کۆتاییدا رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ باس لەو ئاستەنگانە دەکات لە بەشێک لەو هاوڵاتیانەى کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن لە گەرانەوەیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان و گوایە ئازادى هاتووچۆکردنیان نییە. بەهۆى دزەکردنى داعش لە سووریا بۆ ناوچەکانى رەبیعە و زوممار لەماوەى رابردوودا و هەبوونى شانە نوستووەکانى داعش، کێشە بۆ گەڕانەوەى بەشێک لە خێزانەکان درووست بووە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. لەگەڵ ئەوەش هەماهەنگى بەردەوام هەیە لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى مووسل بۆ گێڕانەوەى ئەو ئاوارانەى کە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى ئەم هەماهەنگییە دەکرێت. ئەو کەسانەى کە مەبەستیانە بگەڕینەوە بۆ ناوچەکانیان داواکارى پێشکێش دەکەن بۆ ئەو پارێزگایەى کە لێى میوانن داواى گەڕانەوە دەکەن بۆ شوێنەکانى خۆیان و دواتر داواکارییەکە ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ دەربڕینى رەزامەندى لەسەرى.

تائێستا بەشى هەرە زۆرى ئەو خێزانانەى کە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانیان هەست بە نائارامى دەکەن بەهۆى خراپى بارودۆخى ئەمنى و وێرانبوونى ناوچەکانیان لە کاتى رزگارکردنى موسل لە ساڵى ٢٠١٦ و ٢٠١٧، لە کۆبوونەوەى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى مووسل لە مانگى دووى ساڵى ٢٠٢٠ ئەو مەترسیانە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە کە پێویست دەکات بە تۆمار کردنى ئەو کەسانەى دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها پێویستە هەڵسەنگاندنى هاوبەش بۆ بارودۆخى ئەمنى بکرێت و هەماهەنگى هەبێت لە نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق لەم رووەوە.